ئه‌زموونه‌كانی مێژوو، ته‌نیا كۆمه‌ڵێك رووداوی تێپه‌ڕكراو و كۆتاییهاتوو نین. ئه‌وان له‌و شوێنه‌وه كه ده‌بنه به‌شێك له یاده‌وه‌ری مرۆڤه‌كان و ناسنامه‌ی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌كان، بۆ هه‌میشه ده‌مێننه‌وه و، كاریگه‌ری خۆیان له چركه ساته جیاوازه‌كانی میژوودا ده‌رده‌خه‌ن. بۆیه به‌رده‌وام هه‌لی دووباره ده‌ركه‌وتنه‌وه‌یان هه‌یه.
ئه‌مساڵ(٢٠٢١) سی و سێ ساڵ به‌سه‌ر جینۆسایدی ئه‌نفالدا تێپه‌ڕ ده‌بێ. ئه‌نفال زنجیره‌یه‌ك كرده‌وه‌ی سه‌ربازی رژێمی پێشووی عێراق(به سه‌رۆكایه‌تی سه‌دام حسێن و، له ماوه‌ی نێوان شوبات و ئازاری ١٩٨٨) بوون به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كورد، كه تێیدا ١٨٢ هه‌زار كه‌س له خه‌ڵكی مه‌ده‌نی كوردستان، بێسه‌رووشوین كران. دواتریش به به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی له شاری هه‌ڵه‌بجه، له ئاداری هه‌مان ساڵدا، به ئاستێكی تر گه‌یشت و، به‌مجۆره یه‌كه‌مین ئه‌زموونی به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، له كوردستان تۆماركرا.
له‌و ساته‌وه تا هه‌نووكه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی عێراق به فه‌رمی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ی دژ به مرۆڤایه‌تی و به جێنۆسایدی ناساندووه، به‌ڵام داوای لێبووردنی فه‌رمی و قه‌ره‌بووی مادی و مه‌عنه‌وی نه‌كردووه‌ته‌وه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه له ئاستی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ئه‌ورووپایش، له ئاستی په‌ڕله‌مان و حكومه‌تدا، به فه‌رمی دانیپێدانه‌نراوه و گفتوگۆی ئه‌وتۆی له‌باره‌وه نه‌كراوه و هه‌وڵنه‌دراوه، به‌دواداچوونی یاسایی بۆ فرۆشیارانی چه‌كی كۆكژ به حكومه‌تی پێشووی عێراق بكرێ. ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا، له رێگه‌ی دیپلۆماسییه‌وه هه‌وڵیداوه ئه‌م پرسه به نێوده‌وڵه‌تی بكات.
"هێشتا عه‌داڵه‌ت و دادپه‌روه‌ری به‌دینه‌هاتووه".
ئه‌مه روانگه‌ی زۆرێك له خه‌ڵكی كوردستانه، كاتێك سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته و ره‌فتاری حكومه‌تی عێراق و هه‌ڵوێستی نێوده‌وڵه‌تی ده‌دوێن. ده‌توانرێ زۆر به ئاسانیش ئه‌وه بگوترێ، دانپێدانه‌نانی ئه‌و كرده‌وه‌یه وه‌كو جینۆساید، ده‌توانێ رێگه خۆش بكات بۆ خوێنڕێژی و كرده‌وه دژه مرۆییه‌كانی داهاتوو. هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه داعش نزیكه‌ی سێ ده‌یه دواتر، به‌رامبه‌ر به كوردانی ئێزیدی كردی و جگه له كوشتنی هه‌زاران كه‌س لێیان، نزیكه‌ی پێنج هه‌زار كچ و ژنیشی لێ به‌دیل گرتن و ئه‌زموونێكی كۆنی كویله‌داری و كۆیله‌داری سێكسی، له سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیا و شۆڕشی زانیاری‌دا، دووباره كرده‌وه! رێگریكردن له دووباره كردنه‌وه‌ی ئه‌م كارانه و به‌دیهێنانی هه‌لومه‌رجێك بۆ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیان، پێویستی به ده‌روه‌ستییه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه و شرۆڤه‌یه‌كی قوڵی بڕگه جیاوازه مێژووییه‌كانه.
هه‌ر له‌م سۆنگه‌یه‌وه بوو، كه زانكۆی سۆران به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ زانکۆی کۆڤێنتری و سەنتەری "متمانە، ئاشتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و فۆرۆمی ڕابوونی ئاشتی جیهانی" گه‌ڵاڵه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كرنفرانسێكی نێوده‌وڵه‌تییان له‌ژێر سه‌ردێڕی: (چاوخشاندنەوەیەك بە مێژووی ئەنفال و جینۆساید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ: یاده‌وه‌ری به‌كۆمه‌ڵ، قوربانی، مرونەت و شۆکی بەردەوام!) داڕشت، كه وا بڕیاره له ١٨/٦/٢٠٢١، به شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌بچێ.
ئامانجی ئه‌م كۆنفرانسه، وه‌كو به‌شێك له ده‌روه‌ستیمان بۆ "سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌و ئاشتی ‘Leadership for Peace"، بریتییه له سه‌رله‌نوێ تیشكخستنه‌سه‌ر میراتی ئه‌نفال له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و كۆمه‌ڵگه‌كانی دیكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له روانگه‌یه‌كی نێوان پسپۆڕییه‌وه(interdisciplinary perspective). به دوای ئه‌و ئه‌زموون و ده‌رسانه‌وه‌ین كه له رابردووه‌وه فێربووین و هه‌روه‌ها سه‌رله‌نوێ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی ئاڵنگاری و وه‌ڵامه‌كان بۆ ئه‌و توندوتیژییانه‌ش، كه ئه‌مڕۆ له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌ن.
لیژنه‌ی زانستی كۆنفرانس، پێشوازی له‌و توێژینه‌وه ئه‌كادیمییانه ده‌كات، كه سه‌باره‌ت به ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه ده‌نووسرێن و به شێوازێكی شیكاریی تیشكده‌خه‌نه سه‌ر میراتی ئه‌و شۆك و دڵه‌ڕاوكێیه‌ی كه له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه و سیاسه‌تی ئه‌وڕۆی كوردستان هه‌ن. هه‌روه‌ها پێشوازی له‌و توێژینه‌وه به‌راودكارییانه ده‌كه‌ین، كه به شێوازێكی به‌رچاوروونكه‌رانه، یارمه‌تیمان ده‌ده‌ن بۆ تێگه‌یشتن له بابه‌تگه‌لێكی وه‌ك قوربانی بوون، مروونه‌ت، به‌رپرسیارێتی و ئاشتبوونه‌وه، كه هه‌ر هه‌موویان زۆر گرنگن بۆ تێگه‌یشتن له كاریگه‌رییه درێژمه‌وداكانی جینۆساید.
ئێمه پێشوازی ده‌كه‌ین له پسپۆڕانی به‌شه جیاوازه‌كان، بۆ تیشكخستنه سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه له روانگه‌ی پسپۆڕییه جیاوازه‌كانی خۆیانه‌وه، وه‌كو زانستی سیاسه‌ت، كۆمه‌ڵناسی، ده‌روونناسی، تاوانناسی، په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و میژوو. هه‌روه‌ها ده‌رگامان كراوه‌یه بۆ ئه‌و نووسینانه‌ی كه له لایه‌ن رۆژنامه‌نووس و پراكتیشنه‌ره‌كانه‌وه(practitioners) دێن و، پلانی ئه‌وه‌مان هه‌یه پانێلێككی تایبه‌ت ته‌رخان بكه‌ین بۆ باسه‌كانیان و، به گشتی ئه‌و باسانه‌ی كه به شێوه‌یه‌كی ئه‌كادیمی نه‌نووسراون.
تێبینی:
١ــ بوار و بابه‌ته‌كانی كۆنفرانس، له فایلی هاوپێچدا هه‌ن، كه به زمانی ئینگلیزییه.
٢ــ دوا رێكه‌وت بۆ ناردنی پوخته‌ی توێژینه‌وه، كه پێویسته به زمانی ئینگلیزی بێت(٢٠٠ وشه)، رێكه‌وتی ٣١/٣/٢٠٢١ ه. توێژینه‌وه په‌سندكراوه‌كان تا ناوه‌ڕاستی مانگی نیسان، وه‌ڵامده‌درێنه‌وه.
٣ــ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه زاڵ نین به سه‌ر زمانی ئینگلیزی‌دا، ده‌توانن پوخته‌كانیان به كوردی بۆ د. ئیبراهیم مه‌لازاده بنێرن، بۆ ئه‌وه‌ی له ئه‌گه‌ری په‌سه‌ندكردنیان، رێكاری پێویست بگیرێته‌به‌ر بۆ به‌شداریكردنیان.
٤ــ هەموو ئەو بابەتانەی لە کۆنفرانسەکەدا قبوڵ دەکرێن، دواتر لەگۆڤارێکی زانستی باش‌دا بڵاودەکرێنەوە.
٥ــ پوخته‌ی توێژینه‌وه پێویسته بنێردرێت بۆ یه‌كێك له ئیمه‌یله‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆنفرانس، كه بریتین له‌م به‌رێزانه خواره‌وه:
ــ د. ئیبراهیم مه‌لازاده، زانكۆی سۆران، توێژه‌ری میوان له زانكۆی كۆڤێنتری ( ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. )
ــ د. به‌هار باسر، زانكۆی كۆڤێنتری ( ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی. )
ــ د. ستێڤن (ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.)
بۆ زانیاری زیاتر سه‌باره‌ت به ته‌وه‌ر و بابه‌ته‌كانی كۆنفرانس كرته لێره بكه‌ن: