Sli

كۆنفڕانسی زانستیی فەقێ قادری هەمەوەند بەڕێوەچوو

چاپکردن

 

لە درێژەی كاروچالاكییە زانستییەكانی سەنتەری دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢١، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د. موسڵح مستەفا" سەرۆکی زانکۆی سۆران، "د. سەلاح رەزا" سەرۆکی زانکۆی چەرموو و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەکادیمی و توێژەر و میوان، سێیەمین كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران، بە هاوبەشی لەگەڵ سەنتەری چەرموو بۆ ڕاهێنان و توێژینەوەی زانكۆی چەرموو، لە شاری چەمچەماڵ و لە هۆڵی مۆنۆمێنتی ئەنفال بەڕێوەچوو.

لە سەرەتادا بەڕێز "د.سەلاح ڕەزا" سەرۆكی زانكۆی چەرموو وتەی بەخێرهاتنی پێشكەشكرد و سوپاسی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆران و دەستنووسخانەی زانكۆی سۆرانی كرد لەسەر ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی بۆ سەرخستنی كۆنفڕانسەكە داویانە. پاشان بەڕێز "د. موسڵح مستەفا" سەرۆكی زانكۆی سۆران لە وتارێكیدا ئاماژەی بە گرنگیی پەیوەندیی نێوان زانكۆ و كۆمەڵگە كرد و مامەڵەكردن لەگەڵ مێژوو و كەسایەتییەكانی نێو مێژووی كوردی بە كاری زانكۆكان و توێژینەوەی زانستی زانی و، ئەوەی ڕوونكردەوە كە وەك زانكۆی سۆران هەموو شوێن و سووچێكی كوردستان دەكەنە مەیدانی توێژینەوە.

دواتر وتاری بنەماڵەی فەقێ قادری هەمەوەند لە لایەن "چیمەن تاهیر" نەوەی فەقێ قادر خوێنرایەوە و، ئەویش سوپاسی دەستنووسخانەی زانكۆی سۆرانی كرد لە بەدەمەوەهاتن بۆ هێنانەوەی بەڵگەنامەكان و سەرپەرشتیكردنی كۆنفڕانسەكە.

لە تەوەرێكی دیكەدا "د. هێمن عومەر" بەڕێوەبەری دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران وتاریی سەرەكیی كۆنفڕانسی خوێندەوە و ئاماژەی بە ئامانجەكانی كۆنفڕانسەكە و دۆزینەوەی ئەو بەڵگەنامە عوسمانی و قاجارییانە كرد، كە لە دوو توێی كتێبی (فەقێ قادری هەمەوەند لە بەڵگەنامەی عوسمانی و قاجاریدا) تایبەت بە كۆنفڕانس چاپ كرابوو و، تێیدا بە ڕۆژ و مانگ و ساڵ تیشكی خستە سەر چەند لایەنێكی كڕۆنۆلۆژیای ژیانی فەقێ قادری هەمەوەند و هەروەها ئامادەكردنەوە و چاپكردنەوەی دیوانی فەقێ قادر، تایبەت بە كۆنفڕانسەكە وەك دوو كتێبی چاپكراوی كۆنفڕانس. لە لایەكی دیكەوە ئاماژەی بەوە دا كە لە كۆنفڕانسەكەدا بیست توێژەر لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان شازدە توێژینەوەیان پێشكەشی كۆنفڕانسەكە كردووە، كە خۆی لە چوار پانێل دەبینییەوە.

شایانی باسە لە دوای كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی عەللامە مەلا عەبدولرەحمانی گەورەی پێنجوێن لە پێنجوێن و عەللامە ئیبن ئادەمی باڵەك لە سۆران، ئەمە سێیەمین كۆنفڕانسی دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران بوو لە شاری چەمچەماڵ.

دەقی وتاری بەڕێز سەرۆکی زانکۆی سۆران:

ئامادەبووانی بەڕێز، توێژەرانی قەدرگران و میوانانی هێژا

بەناوی سەرۆكایەتی زانكۆی سۆرانەوە پڕ بەدڵ بەخێرهاتنتان دەكەین، خۆشحاڵ و بەختەوەرین كە پێكەوە لە خزمەت شاعیر و كەسایەتییەكی نێو مێژووی خۆمانین، تا بە دیدگای زانستی و وردبوونەوە لە هزر و كولتوورمان، لە كەشێكی ئەكادیمیدا بیخەنە بەر باس و لێكۆڵینەوە و، مێژوو و مەعریفەكەی و ناسنامەی خۆماڵیبوونمان بە دەنگ و ڕەنگی زانستییەوە جارێكی تر بهێنینەوە بەر دەستان.

ئازیزان

بەداخەوە نەخۆشیی كۆڕۆنا و ئەو بارە سەختەی كە دونیای بەخۆوە سەرقاڵ كردووە، زیاد لە ساڵێك ئێمەی لە دیداری ئێوە بێ بەش كرد، ئەگەر نا پێش چەند ساڵێك كە دەستنووسخانەی زانكۆكەمان بیرۆكەی ئاوڕدانەوە لە كەسایەتییەكانی نێو مێژووی زانستیمان و گەشكردنەوەی پەنگرە ونبووەكانی مێژووی كوردی خستە بەرنامەی چالاكییەكانی، هەر ئەوسا لە پاڵ كۆنفڕانسەكانی عەللامە مەلا عەبدولرەحمانی گەورەی پێنجوێن و ئیبن ئادەمی باڵەك، ئەمەیشمان خستە نێو پلانی ئەو ستراتیژییەی كە ساڵانێكە زانكۆی سۆران بە هەموو توانای خۆی كاری بۆ دەكات، ئەویش كاركردن بووە لەسەر ئەو ژێرخانە زانستییەی نێو مێژوومان كە بنەمای پتەوی مەعریفین و پێمان وایە ئەركی زانكۆ و ناوەندە ئەكادیمییەكانە كار لەسەر هزر و كولتووری گەلەكەمان بكەن و ئەو لایەنە تاریك و ناڕۆشنانە ڕووناك بكەنەوە و تەم و تۆزی فەرامۆشییان لەسەر لابدەن، كە خۆی لە هزر و مەعریفەی خۆماڵیی زانا و كەسایەتییە كاریگەرەكانی نێو مێژوومان دەبینێتەوە و هەر ئەوەش یەكێك لە ڕەهەندە ستراتیژییەكانی كاری زانكۆی سۆران بووە و پێشمان وا بووە تا زانایانە ئاوڕێك لە ڕابردوومان نەدەینەوە ناتوانین دانایانە هەنگاو بۆ بەردەم خۆمان و داهاتوومان بنێین.

خۆشەویستان!

مەیدانی توێژینەوە سنوور ناناسێ، لەو سۆنگەوە هەر بستێكی خاكی كوردستان، هەموو دەڤەر، دەڤۆك و ڕەنگە جیاوازەكان كەرەستەن بۆ توێژینەوە، تەنانەت دەرەوەی سنووری كوردستانیش دەبێ ببنە مەیدانی قەڵەم و بیری توێژەرانمان، بە كردەییش ئەم باوەڕمان سەلماندووە و بە خۆشحاڵی و شانازییەوە لە سنووری جوگرافی زانكۆوە تێپەڕیوین و تەنانەت ڕۆژهەڵات و باكووری كوردستان و وڵاتانی دەرەوەشمان كردۆتە مەیدانی چالاكی و كاری زانستانە. هەر لەو سۆنگەشەوە پێم خۆشە ئەمە ڕابگەیەنم، دوور لە ناوچەگەریی و خێڵایەتی، كەسایەتییەكی گەورەی وەك فەقێ قادری هەمەوەند و خزمەتكردنی بە شێوەیەكی ئەكادیمیانە، بۆ ئێمە واتا و مەدلوولی زۆری هەیە، چونكە ئەو هەر تەنیا شاعیرێك نییە لەپاڵ شاعیرانی كلاسیكیمان و ئێمە لەسەر خوانی شیعر و بەرهەمەكانی كۆبكاتەوە، بەڵكو ئەو نوێنەری جوڵانەوەیەكی گەورە، مێژوویەكی پڕ لە كێشمەكێش و تراژیدیای نەتەوەیەكە. ئەو و مێژووەكەی وەك زۆر ستوونی دیكەی مێژوویی و مەعریفیمان، مخابن هێشتا ناوەندە زانستی و ئەكادیمیایەكان لە دەرگایان نەداون و بە بێنازیی لە دەلاقەكانی مێژوودا كەوتوون و ئیدی وەك زۆر بابەتی تر بە دەریای لەبیرچوونەوە سپاردراون.

بەڕێزان!

كولتوور و مێژووی كورد بەدرێژایی سەدان ساڵی ڕابردوو، چ بە خزمەتنەكردن یان ڕەشەبای دەرەكی، ڕووبەڕووی لەناوچوون بۆتەوە، ئەركی ناوەندە زانستییەكانە كار لەسەر ئەو گەوهەرە بچوكانە بكات، بەڵام بە چەندێتیی بێ ناوەڕۆك نا، بەڵكو بە چۆنییەتییەك لانی كەم وەرچەرخانێك لە مێژووی مەعریفیمان دروست بكات و بناغەیەك بۆ ژێرخانی زانستیمان دابنێ، بەوەش دەبێ هەموو هەوڵێكمان ئەوە بێ ئامانجدارانە و دانسقانە كار بكەین. بۆ ئەمەش بڕوامان وا بووە بەشێك لە نەریتی كۆنفڕانس و كۆنگرەكان بۆ نەریتی جیاواز بگۆڕین، لەو ڕوانگەوە بۆ هەر كۆنفڕانسێكی دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران هەوڵدراوە لایەنێكی دەگمەن و كەم كارلەسەركراو ساغ بكرێتەوە، كە یەكێك لە ستوونەكانی ئەو كارەش گەڕانە بەدوای بەڵگەنامە لەسەر مێژوو و كولتووری كورد لە ئەرشیفخانەكانی دونیا. بۆ ئەم كۆنفڕانسەش ئەو شانازیەمان پێ بڕا وێڕای چاپكردنەوەی دیوانەكەی، لە ئەرشیڤی قاجاری و عوسمانیشدا لەنێو دەیان بەڵگەنامەدا بۆ یەكەم جار ئاوڕ لە مێژووی سەدە و نیوێك لەمەوبەری فەقێ قادری هەمەوەند بدرێتەوە.

خۆشەویستان

نكوڵی لەوە ناكرێ كە هەڵنەكڕاندنی مێژووی مەعریفی و كولتووریمان، زیانی زۆری بە تاك و كۆمەڵی كوردەواری گەیاندووە، دەبێ دیواری نێوان زانكۆ و كۆمەڵگە نەهێڵین و هێدی هێدی كۆمەڵگە بكەینەوە كەرەستەی توێژینەوەكانمان، تا لانی كەم بتوانین سوود لە مێژوو وەربگرین و لە ڕێی توێژینەوە لە خەبات و تێكۆشانی ئەو كەسایەتییانەی نێو مێژوومان و هەڵسەنگاندنی بابەتییانەی مێژووی كۆمەڵایەتی، كارگێڕی، ئابووری، ئایینی و زانستیمان، پلانی داهاتوومان دابنێین و جارێكی تر كەسایەتیی كورد بە بنەمایەكی زانستیی تێراو بكەین و بیكەینە دەرمانی دەردی ئێستا و داهاتوومان. لەو ڕوانگەوە بێگومانم كە ئەم كۆنفڕانسە زانستییە بەم پشوودرێژییە ئەكادیمییە دەبێتە دەستپێكێك بۆ كاری گەورەتر بۆ ئەم ناوچەیە و زۆر دەڤەر و بوویەری دیكەی تۆزلەسەرنیشتووی نێو مێژوومان.

جێی خۆیەتی لێرەدا سوپاسی هەماهەنگیی زانكۆی چەرموو بكەم و دڵنیام بەم هاوكاری و هەماهەنگییە و بە خستنەكاری هزر و توانای هاوبەش دەتوانین خزمەتی زیاتر بە حالەتی ئەكادیمیی ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی خۆشەویستمان بكەین. بە ئومێدی ئەوەی لە كۆنفڕانس و كارێكی دیكەی زانستییەوە بە دیدارتان شادببینەوە و هیوای كاتێكی بەسوود و ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ لەم كۆنفڕانسەدا دەخوازم.

هەر بژین و سەركەوتووبن.

 

187749161_3773562516105763_27417735184712379_n.jpg 188809643_3773562862772395_8253212235822659361_n.jpg 189972645_3773561316105883_8142302066346429484_n.jpg

190035786_3773577042770977_1711265779444156773_n.jpg 190048556_3773560859439262_278413426866986868_n.jpg 190166230_3773561082772573_8676040720915922744_n.jpg

190174214_3773561642772517_6307718250198952762_n.jpg 190761242_3773560912772590_7007123019519120930_n.jpg 190781519_3773562329439115_5745021586660326824_n.jpg

190864736_3773561516105863_3455733951368530498_n.jpg 190974603_3773576232771058_2491475187541239899_n.jpg 190977980_3773561939439154_4209234271256414717_n.jpg

191199889_3773562549439093_6707815439065643715_n.jpg 191348848_3773562709439077_2561763417764464613_n.jpg 191418316_3773561426105872_4259679716401184469_n.jpg

191517792_3773562179439130_7644887930644102197_n.jpg 191563399_3773562922772389_5423504100696710938_n.jpg 191600166_3773562389439109_4684701305888107371_n.jpg

191665361_3773561866105828_8230678976103818906_n.jpg 192061757_3773562766105738_7958776746735272104_n.jpg 192199979_3773561219439226_8390792768741972332_n.jpg

192229405_3773561009439247_101879445021153740_n.jpg sli.jpg