رۆژی هه‌ینی رێكه‌وتی ١٨/٦/٢٠٢١، به ئاماده‌بوونی ده‌یان توێژه‌ر و كه‌سایه‌تی له زانكۆ و ناوه‌نده جیاوازه‌كانی دنیا، كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تی هاوبه‌شی زانكۆی سۆران و زانكۆی كۆڤێنتری له به‌ریتانیا به ناونیشانی (چاوخشاندنەوەیەك بە مێژووی ئەنفال و جینۆساید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمڕۆ: یاده‌وه‌ری به‌كۆمه‌ڵ، قوربانی، مرونەت و شۆکی بەردەوام) به‌ڕێوه‌چوو.
کۆنفڕانسەکە كه به شێوه‌ی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو و یەك ڕۆژی خایاند، لە شەش پانێڵ پێکهاتبوو، كه ناوه‌رۆكی پانێله‌كان بریتی بوون له: ڕابردووی جینۆساید (دوو پانێڵ)، جێندەر و جینۆساید، یادەوەری و جینۆساید، کەیسی ئێزیدییەکان و
جینۆساید و ئەدەبیاتی جینۆساید.
بۆ تیشك خستنه‌سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه، جگه له "د. چۆمان هه‌ردی" و كوردناسی ئیسرائیلی "ئۆفرا بنگیۆن" وه‌ك قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو توێژه‌ر له زانكۆكانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وهش به‌شدار بوون و ئایدیا و بۆچوونه‌كانی خۆیانیان خستنه‌ڕوو.
"د. ئیبراهیم مه‌لازاده"، مامۆستای زانكۆی سۆران و یه‌كێك له به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆنفرانسه‌كه بۆ راگه‌یاندنی زانكۆی سۆران باسی له‌وه كرد، كه هاوكات له‌گه‌ڵ به‌شداری ژماره‌یه‌كی به‌رچاو كه‌سایه‌تی ئه‌كادیمی بیانی، ژمارەیەکی زۆر توێژەری کوردیش بەشداری کۆنفرانسەکە بوون و ڕووداوەکان لە دەمی کورد خۆیه‌وە گێڕدرانەوە. هه‌ر له درێژه‌دا سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، د. مه‌لازاده گوتی "ئەم گێڕانەوەیە لەلایەن کورد خۆیەوە زۆر گرنگە، به تایبه‌تی كه لەسەر بنەمایه‌كی زاستی، وەکو وتارێك ئاڕاسته‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆی ده‌كات".
له به‌شێكی تری لێدوانه‌كه‌یدا بۆ راگه‌یاندنی زانكۆی سۆران و سه‌باره‌ت به كه‌موكوڕییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته، د. مه‌لازاده گوتی، یەکێك لە کەموکوڕییەکان ئەوەیە، کە تا ئەمڕۆ نەتوانراوە ئەکادیمی و ڕۆشنبیری عەرەبی عێراق ڕاپێچی ئەو کۆنفراسانەی تایبەت بە جینۆساید بکەین، چونکە وتارەکە بەشێوەیەکی گشتی دەربارەی دەوڵەتی عێراقە وەکو ئەنجامدەری سەرەکی تاوانی جینۆساید، کە تا ئەمڕۆ نە داوای لێبوردنی لە خەڵکی کوردستان کردووە، نە قەرەبووی هیچ قوربانییەکی کەیسەکانی جینۆسایدی کردۆتەوە.
پێویسته بگوترێ كه به‌ڕێوه‌به‌ران و ئاماده‌كارانی ئه‌م كۆنفرانسه بریتی بوون له:
"د. ئیبراهیم سادق مه‌لازاده" مامۆستا لە زانکۆی سۆران
"د. بەهار بەشیر" سەرپەرشتیاری گروپی توێژینەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەنتەری (CTPSR) سەر بە زانکۆی کۆڤێنتری
"د. ستیڤن ماکلۆگین" مامۆستا لە زانکۆی کۆڤێنتری.