ڕۆژانی سێشه‌ممه و چوارشه‌ممه، ١٤ و ١٥ـی دیسەمبه‌ری ٢٠٢١، كۆنفڕانسێكی زانستیی نێوده‌وڵه‌تی به ناونیشانی "ئیمپریالیزمی زمانی و هه‌ژموونی كه‌لتووری" له زانكۆی سۆران به‌ڕێوه‌چوو. کۆنفڕانسەکە له‌لایه‌ن فاكه‌ڵتیی ئادابی زانکۆی سۆرانەوە ڕێكخرابوو و لەلایەن سەرۆکایەتیی زانکۆوە سەرپەرشتی و چاودێریی دەکرا. لەم کۆنفڕانسەدا، کە دوو ڕۆژی خایاند، ١٩ توێژینەوە لە میانەی شەش پانێڵدا پێشکەش و گفتوگۆ کران.
وته‌ی ده‌ستپێكی كۆنفڕانسه‌كه له‌لایه‌ن د. كارمه‌ند عه‌بدوڵا حه‌مه‌د، ڕاگری فاكه‌ڵتیی ئاداب و سەرۆکی لیژنەی زانستیی کۆنفڕانسەوە پێشكه‌شكرا. دواتر پ. ی. د. شێروان شه‌ریف قورتاس، سه‌رۆكی زانكۆ، وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد؛ بەڕێزیان ڕۆشنایی خسته سه‌ر گرنگیی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفڕانسی له‌و جۆره و هەموو پاڵپشتییەکی زانکۆی بۆ سەرخستنی کۆنفڕانسەکە و گەیشتن بە ئامانجەکانی دووپات کردووە.
له كۆنفڕانسه‌كه‌دا چه‌ندین توێژه‌ری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی به‌شداربوون. هه‌ر یه‌كه له ڕووانگه‌یه‌كی جیاوازی زانستییەوە، باسی له زمان كرد؛ وەک ڕووانگەکانی: زمان، ئەدەب، سیاسەت، مێژوو، کۆمەڵناسی، دەروونناسی و هەروەها تەکنۆلۆژیا و زانیاری. هاوکات هەموو توێژینەوەکان لە چوارچێوەی ناونیشان و بابەتی کۆنفڕانسەکەدا بوون و ئه‌وه‌ی چه‌قی باسه‌كه بوو بریتی بوو لە پرسی زمان، ئیمپریالیزم و کەلتوور. لە کۆنفڕانسەکدا، بە فراوانی تیشك خرایه سه‌ر په‌یوه‌ندیی نێوان زمان و شوناس، نه‌ته‌وه‌سازی و ده‌وڵه‌تسازی، پرسی زمانی ستانداردی كوردی، کاریگەریی تەکنۆلۆژیا لە سەر زمانی دایکی و چه‌ندین پرسی دیكه‌ی په‌یوه‌ست بەو بابەتە.
هەر لە پەراوێزی كۆنفڕانسه‌كه‌دا، ژمارەیەکی بەرچاو لە سه‌رۆك به‌شه‌كانی زمان و ئەدەبی كوردیی زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستان، کە بانگهێشتی کۆنفڕانسەکە کرابوون و لەوێ ئامادە بوون، کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەیاندا ڕۆڵی بەشە زانستییەکان لە پرسی زمانی کوردی و هەروەها پرسەکانی پەیوەست بە پەیڕەو (مەنهەج)ی خوێندنی ئەو بەشانە و چەند بابەتێکی دیکە تاوتوێ کران و بڕیار لە سەر هاوئاهەنگیی زیاتری نێوانیان درا.
له دوای كۆتایی هاتنی پانێڵه‌كان، بڕوانامه‌ی به‌شداربوون به توێژه‌رانی كۆنفڕانسه‌كە بەخشرا. پاشان له لایه‌ن د. فازڵ حه‌مه سه‌عید، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاریی کۆنفڕانسەوە، وته‌ی كۆتایی كۆنفڕانس پێشكه‌ش كرا؛ تیایدا سوپاسی به‌شداربووان و ئه‌و لایه‌نانه كرا كه له سه‌رخستنی كۆنفڕاسه‌كەدا هاوكاربوون.
دەزگای سەتەلایتی کوردستان، سپۆنسەری میدیایی کۆنفڕانسەکە بوو و لە ماوەی دوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکەدا، پانێڵ و گفتوگۆکانی بە شێوەی ڕاستەوخۆ دەگواستەوە و پەخش دەکرد.
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕاسپاردەکانی کۆنفڕانس پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک دامەزراوە ئەکادیمی، پەروەردەیی، میدیایی و سیاسییەکان بکرێت.