Sli

ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران کۆبووەوە، چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ کران

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٢، ئەنجوومەنی زانکۆی سۆران کۆبووەوە. کۆبوونەوەکە لە فاکەڵتیی پەروەردە و بە سەرپەرشتیی پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ بەڕێوە چوو. هاوکات، ئەنجوومەن میوانداریی کرد لە هەریەکە لە بەڕێزان د. سۆران عەلی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی بواری یاسا و م. ڕێباز ڕەزاق، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی زانکۆ.

لە کۆبوونەوەکەدا، د. سۆران عەلی ئەنجامەکانی توێژینەوەیەکی زانستیی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی زانکۆ کرد، پێکەوە پێشنیاز و ڕاسپاردەکانیان تاوتوێ کرد. توێژینەوەکە دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی دیاری کۆمەڵگا و پڕکردنەوەی کەلێنە یاساییەکان لە سیستەمی ئیداریی هەرێمی کوردستان. زانکۆی سۆران لە سۆنگەی باوەڕبوونیەوە بە بەستنەوەی زانکۆ بە کۆمەڵگاوە پڕۆژەکە دەگرێتە خۆ و لە داهاتوویەکی نزیکدا وردەکارییەکانی ڕادەگەیەنێت. ئەنجوومەن سوپاسی توێژەریان کرد و کارەکەیان بە گرنگ و پڕبایەخ بۆ زانکۆ، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و هەرێمی کوردستان وەسف کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، م. ڕێباز ڕەزاق ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و هەر چوار هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە پێشکەشکرد. بە داتا ڕوونی کردەوە کە چۆن توانراوە لە ماوەیەکی کەمدا خەرجییەکانی زانکۆ کەم بکرێنەوە، کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکرێتەوە؛ لەم چوارچێوەیەشدا چەندین کاری گرنگ کراون، لەوانە: ئامێرە لە کار کەوتووەکان چاک کراونەتەوە، ئامێری پێویستی نوێ دابین کراون، کتێبخانەکانی سەر بە زانکۆ ڕێکخراونەتەوە، سیستەمێکی گونجاو بۆ ئاودێریی باخچەکان و خاوێنکردنەوەی کەمپی زانکۆ جێگیر کراوە، هەروەها دەوامی پاسەوان، باخەوان و پاککەرەوەکان ڕێکخراوەتەوە. بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویەتی لە ڕێگەی ڕێکخستنەوەی کارەکان و درووستکردنی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کەرتی تایبەت گوژمەیەکی خەیاڵی لە پارە بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێنێتەوە. ئەنجوومەن سوپاسی بەڕێوەبەر و ئەندامانی تیمەکەیان کرد، پێزانینیان بۆ کارامەیی لە پلاندان و ماندوونەناسی تیمەکە دەربڕی.

لە بەشەکانی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە جێبەجێکردنی چەند پلانێکی زانکۆ کرا کە بە هۆیانەوە ژینگەی فێربوون بۆ قوتابیان باشتر دەکرێت و خزمەتگوزاریی نوێ پێشکەش بە مامۆستا و فەرمانبەران دەکرێت.