ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٠ی فێبریوەریی ٢٠٢٢، دیداری (شوێن و پێگەی زمانی کوردی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە زمانێکی بەهێزەوە بۆ کوردستانێکی بەهێز) بەڕێوەچوو. دیدارەکە لەلایەن بەشەکانی کوردی لە فاکەڵتییەکانی ئاداب و پەروەردە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە ڕێکخرابوو. لە دیدارەکەدا هەریەکە لە بەڕێزان، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆ، ئالان حەمە سەعید، وزیری پەروەردە، د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی وەزارەتی پەروەردە و ژمارەیەک لە بەرپرسان و بەڕێوبەرانی پەروەردەیی ناوچەکە بەشدار بوون.
دیدارەکە لە دوو پانێڵ پێکهاتبوو؛ پانێڵی یەکەم بەڕێز پ. ی. د. دلێر سادق کانەبی بەڕێوەی برد و هەریەکە لە بەڕێزان پ. ی. د. هەژار ئەحمەد عەبدولغەفوور، پ. ی. د. بەختیار سەجادی و پ. د. عەبدولڕەحمان ئاداک بەشداربوون. پانێڵی دووەم لەلایەن بەڕێز م. سەرباز مەجید بەڕێوەبرا و هەر یەکە لە بەڕێزان د. موئمین زەڵمی، م. هاژە چیچۆ، د. فازڵ حەمە سەعید بەشدار بوون.
زانکۆی سۆران دوو بەشی زمانی کوردی لە فاکەڵتییەکانی ئاداب و پەروەردە هەیە؛ ئەم بەشە زانستییانە بایەخ بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدەن و ساڵانە چەندین توێژینەوە و چالاکیی زانستی پێشکەش دەکەن.