وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپاردەکانی سیمپۆزیۆمێکی زانکۆی سۆران دەکاتە بڕیار. بڕیارەکان لە فەرمانێکی وەزاریدا هاتوون کە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی لە سەرە و ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی مارسی ٢٠٢٢، دەرچووە. بڕیارەکان تایبەتن بە گرنگیدان بە زمانی کوردی لە ناوەندەکانی خوێندن. پێشتر لەلایەن بەشەکانی زمانی کوردی لە فاکەڵتییەکانی ئاداب و پەروەردەی زانکۆی سۆران و لە سیمپۆزیۆمێکدا پێشنیاز کرابوون و خرابوونە بەردەم وەزارەتی پەروەردە.
بە گوێرەی فەرمانە وەزارییەکە کە لەلایەن ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەوە دەرکراوە، بڕیارەکان ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت بوون کە ١٥ی مارسی ٢٠٢٢دا سازکراوە. بڕیارەکان لە چوار تەوەردا خراونەتەڕوو، کە تەوەری یەکەم و دووەم تایبەتن بە پرسی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومی و ناحکومەییەکان. لە بەشێک لەم بڕیارانەدا هاتووە کە: پێداچوونەوە بە بەشەوانەی زمانی کوردی لە قوتابخانە حکومییەکان دەکرێت و زیاد دەکرێت؛ ڕێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی دەردەکرێت؛ چاودێریی دەخرێتە سەر ئەو کتێبانەی زمانی کوردی کە لە قوتابخانە ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان دەخوێندرێن.
ڕێکەوتی ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری پەروەردە و بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری سیمپۆزیۆمێک لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن بەشەکانی زمانی کوردی فاکەڵتییەکانی ئاداب و پەروەردە بەڕێوەچوو، بە ناونیشانی: (شوێن و پێگەی زمانی کوردی لای حکومەتی هەرێمی کوردستان: لە زمانێکی بەهێزەوە بۆ کوردستانێکی بەهێز). ڕاسپاردەکانی سیمپۆزیۆمەکە لە ٢٧ خاڵدا داڕێژران و پێشکەش بە وەزارەتی پەروەردە کران. هەر لەو سیمپۆزیۆمەدا، وەزیری پەروەردە بەڵێنی دا پێشنیاز و ڕاسپاردەکان بخاتە بەرنامەی کاری وەزارەت و گرنگیان پێبدات. بە گوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە، بەشی هەرە زۆری ڕاسپاردەکان کە پەیوەندییان بە وەزارەتی ناوبراوەوە هەبووە، کراونەتە بڕیار.
سەبارەت بە هۆکاری دەرکردنی ئەم بڕیارانە، دارا ئەحمەد سەمین، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان، بە میدیاکانی گوتووە:"ماوەیەکە هەست دەکرێت بابەتی زمانی کوردی لە ناوەندە ناحکومییەکانی خوێندن وەکو پێویست بایەخی پێنادرێت و پشتگوێخراوە، چونکە لەو قوتابخانانە زمانی ئینگلیزی زمانی سەرەکییە و کەمتر بایەخ بە زمانی کوردی دەدرێت؛ بۆیە دوای ئەوە وەزیری پەروەردە ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسی پەرەپێدانی زمانی کوردی وەرگرت کە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن زانکۆی سۆرانەوە رێکخرابوو، بڕیاردرا کاریان پێبکرێت و ئەنجوومەنی وەزارەت بڕیارەکانی دەرکرد."
لای خۆشیەوە پ. ی. د. هەژار ئەحمەد عەبدولغەفوور، سەرۆکی بەشی زمانی کوردی لە فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران، سوپاسی وەزارەتی پەروەردەی کرد و ڕایگەیاند: "ئەمە دەستکەوتێکی گرنگ و گەورەی زانکۆی سۆرانە لە پەیوەندی لەگەڵ گرنگیدان بە زمانی کوردی. نێزیک بە تەواوی ئەو خاڵانەی کە پەیوەندیدار بوون بە مامەڵەی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ زمانی کوردی، کرانە بڕیار. ئێمەش وەک خۆمان ئەوپەڕی توانامان دەخەینە خزمەت میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە و بەکارهێنانی گونجاوترین مێتۆدۆلۆژی بۆ جیبەجێکردنیان." سەرۆکی بەشی زمانی کوردی هەروەها گوتی: "بەمجۆرە ئاسۆیەکی نوێیان بۆ جۆری مامەڵە لەگەڵ زمانی کوردی و بەرەوپێشبردینی زمانی کوردی بەدیهێنا. "
بەشە زانستییەکانی زانکۆی سۆران لە ماوەی ساڵی خوێندنی ئەکادیمیدا دەیان چالاکیی وەک سیمپۆزیۆمی زانستیی ئەنجام دەدەن. دوای تەواوبوونی کارەکانیان، ڕاسپاردەکانیان بڵاو دەکەنەوە و پێشکەش بە لایەنی پەیوەندیدارەکان دەکەن. زانکۆی سۆران کار دەکات بۆ خزمەتکردنی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگا و بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕێگەی توێژینەوە زانستییەکانەوە چارەسەری گونجاو بۆ کێشەکان پێشنیاز دەکات.