Web

زانکۆی سۆران لە ڕیزبەندیی وێبۆساینس-یشدا پێشەنگە

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتڕاستی دەکاتەوە.

بە گوێرەی هەڵسەنگاندن و ڕێزبەندییەکانی پێگەی وێبۆساینس (Web of Science) کە ساڵانە ڕیزبەندیی زانکۆکان ڕادەگەیەنێت، زانکۆی سۆران پێشەنگە. وێبۆساینس یان وێب ئۆف ساینس لەلایەن دامەزراوەی کلاریڤەیت، Clarivate، خاوەندارێتیی دەکرێت و لە سەر بنەمای بەرهەمهێنان و سوودوەرگرتن لە توێژینەوە و بەرهەمە زانستییەکان زانکۆکان پلەبەندی دەکات. بە گوێرەی ئەم ڕیزبەندییە، کە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پشتڕاست و بڵاوی کردووەتەوە، زانکۆی سۆران لە سەر ئاستی سەرجەم زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پلەی سێیەمدایە.

لە ڕاپۆرتی وێب ئۆف ساینس-دا باس لە بەرهەمە زانستییەکانی زانکۆی سۆران کراوە کە بە هۆیانەوە زانکۆ بە شایستەی ئەو پێگەیە زانراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە: زانکۆی سۆران ٤١٢ دۆکیۆمێنتی زانستیی بەرهەم هێناوە؛ ٥٧٣٥ جار ئەم بەرهەمانە وەک سەرچاوی زانستیی سوودیان لێ وەرگیراوە و سایتەیشن کراون؛ لە ناو ئەم بەرهەمانەدا، ١١ بەرهەمیان لە لوتکەی ئەوانەدان کە زۆرترین سایتەیشن و ٣١ بەرهەمیشیان لە لوتکەی ئەوانەدان کە زۆرترین ئیندێکسیان هەیە؛ هاوکات زانکۆی سۆران خاوەنی ٢ بەرهەمە کە بە بەرهەمی زۆر دیار و دەرکەوتە، Hot Paper، ناسێندراون.

هاوکات هەر بۆ ئەمساڵ و بە گوێرەی ڕیزبەندییەکانی پێگەی وێبۆمەتریکسی جیهانی، زانکۆی سۆران لە ڕیزی پێشەوەی ڕیزبەندییەکەدایە بە جۆرێک کە لە سەر ئاستی سەرجەم زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی هەرێمی کوردستان، لە پلەی دووەمدایە. بەم پێیە بە گوێرەی ڕیزبەندیی وێبۆمەتریکس زانکۆی سۆران لە پلەی دووەم و بە گوێرەی ڕیزبەندیی وێبۆساینس لە پلەی سێیەمی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندایە.

زانکۆی سۆران ئەم سەرکەوتنانە لە قوتابیان، مامۆستایان و فەرمانبەرانی و هەروەها لە سەرجەم کوردستانیانی خۆشەیست پیرۆز دەکات. زانکۆ هیواخوازە و کار بۆ ئەوە دەکات لە پێشەنگیدا بمێنێتەوە و هەنگاوی مەزنتریش بنێت. زانکۆی سۆران بەڵێنی ئەوەش دەدات ماندوونەناسانە ئەرک و پابەندییە ئەکادیمییەکانی خۆی بەرامبەر بە زانست و توێژینەوەی زانستی جێبەجێ بکات.

https://www.facebook.com/100069265327267/posts/288607753458067/?d=n