زانکۆی سۆران و زانکۆی یەمەنی-ئەردەنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆکرا

 

ڕۆژی دووشەممە، ۲٥ـی نیسانی ۲۰۲۲، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی یەمەنی-ئەردەنی واژو کرا. ڕێوڕەسمەکە لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی زانکۆ و بە میوانداریی سەرۆکی زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. بە گوێرەی یادداشتنامەکە هەردوو لا کاردەکەن بۆ درووستکردن و فراوانکردنی پەیوەندییە ئەکادیمی و کولتوورییەکانی نێوانیان.

پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران میوانداری لە بەڕێز پ. د. قەیس عەبدوڵا نوجەیم، سەرۆکی زانکۆی یەمەنی-ئەردەنی کرد. هەردوولا باسیان لە گرنگیی ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە نێوان هەردوو زانکۆدا کرد. هەر لەم دانیشتنەدا، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو لایەنەکەدا واژۆکرا. پێشتر و بە چەند قۆناغی جیاواز گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا لە ئاستە جیاوازەکان درێژەیان پێدرابوو و ئەمڕۆش ئەنجامی ئەم گفتوگۆیانە گەشتن بوو بە واژوکردنی ئەم یادداشتنامەیە.

یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی ئەردەنی-یەمەنی، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئامانجە دامەزراوەییەکان، دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و کولتووری و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە هاوبەشەکان لە بوارەکانی پەروەردە و توێژینەوەی زانستیدا، واژو کرا. بنەما بنەڕەتییەکانی یاداشتننامەکە بریتی بوون لە پەرەدان بە هاوکاری ئەکادیمی و پەروەردەیی و توێژینەوەی زانستی. پەرەپێدانی چالاکییە هاوبەشەکان لە بواری ئەکادیمی و کلتووریدا. سودوەرگرتن لە تواناکانی هەردوولا بە ڕێککەوتن و ڕەزامەندیی پێشوەختە.

ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵە و دەکرێت بە چەند مانگێک بەر لە تەواوبوونی جارێکی دیکە و بۆ ماوەیەکی دیکە درێژ بکرێتەوە. لە ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەکە لە بەڕێزان پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری زانستی و پ. ی. د. شێرزاد سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون.

لە ماوەی ڕابردوودا، زانکۆی سۆران توانیویەتی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی متمانەی زانکۆکان بەدەست بهێنێت. لەم ڕووەشەوە چەندین ڕێککەوتن و یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ زانکۆ هەرێمی و جیهانییەکداندا واژو کردووە. ئەم ڕێککەوتننانە بۆ پەرەدانی زیاترە بە تواناکانی قوتابیان، ستافی توێژینەوە و وانەوتنەوە و هەروەها فەرمانبەرانی زانکۆ. واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیەش هەنگاوێکی تری زانکۆی سۆرانە لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی زیاتری ئاستی ئەکادیمی و زانستی زانکۆ.

 

sli