Sli

سیمپۆزیۆمی ڕۆڵی زانکۆی سۆران لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ بەڕێوەچوو

 

ڕۆژی چوارشەممه، ۲۷ـی نیسانی ۲۰۲۲، سیمپۆزیۆمی ڕۆڵی زانکۆی سۆران لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ بەڕێوەچوو. سیمپۆزیۆمەکە لەلایەن فاکەڵتیی زانستی زانکۆی سۆران ڕێکخرابوو. هەر یەکە لە بەڕێزان پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆ، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، بەرپرسانی تەندرووستی، سەرۆكی بەشه زانستییەكان و ژمارەیەکی بەرچاو له مامۆستایان و قوتابیانی فاكەڵتییەکان ئامادەبوون.

دەستپێك، د. ئەیاد نووری، ڕاگری فاکەڵتیی زانست، وتەیەكی پێشكەش كرد. لە وتەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی زانکۆکان دا وەک دامەزراوەیەکی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان بە تایبەت لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩. باسی لەوە کرد کە چۆن زانکۆ توانیویەتی لەسەر بنەمای بابەتی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی ڕۆڵێکی کاریگەر لەم قەیرانەدا ببینێت. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی زانکۆی سۆران دا وەک یەکەمین زانکۆ لە سەر ئاستی عێراق و کوردستان کە توانی ببێتە فاکتەرێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی بارگرانیی لە سەر حکومەت و ئەمەش ئاسانکارییەکی باش بوو بۆ هاوڵاتیان.

دواتر پ. ی. د. شێروان شەریف قوڕتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، وتەیەكی پێشكەش كرد. سوپاسی ڕێکخەرانی سیمپۆزیۆمەکەی کرد. ئاماژەی بەوە كرد كه زانکۆی سۆران خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی کۆمەڵگا و لە ناویشیاندا قەیرانی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩. هەر بۆیەش شان بە شانی حکومەت هەوڵی داوە و لەم بوارەشدا جێدەستی بە باشی دیارە.

لە سیمپۆزیۆمەکەدا، بابەتێک سەبارەت بە: ڤاکسینەکانی پەتای کۆڤید-١٩ و سەنتەری زانکۆی سۆران بۆ پێدانی ڤاکسین، لە لایەن م. فایزە بورهان عومەر، پێشکەشکرا. تیایدا تیشک خرایە سەر داتا و ئامارەکان لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکەدا. م. فایزە ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەنتەری زانکۆی سۆران بۆ پێدانی ڤاکسین تا ئێستا ٢٤٥٣ کەس ژەمی یەکەم و دووەمیان وەرگرتووە. بەشێکیشیان ژەمی سێیەمیشیان وەرگرتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩، زانکۆی سۆران چەندین توێژینەوەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، وۆرکشۆپ، سیمینار، کۆڕبەند، نامەی دکتۆرا و نامەی ماستەر و چالاکی دیکەی پەیوەست بەم بابەتە ئەنجامداوە.

هەروەها پانێڵێک لەلایەن م. مەسعوود کەریمپوور، لەژێر ناونیشانی ڕۆڵی زانکۆی سۆران لە بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩ بەڕێوەچوو. تیایدا هەر یەکە لە د. کاروان حەمەد، د. حەمرین ئەحمەد و م. شۆڕش مستەفا بەشداربوون. تیایدا تیشک خرایە سەر ئەو کار و چالاکییانەی کە زانکۆی سۆران وەک ئەرکێکی نیشتیمانی شان بە شانی وەزارەتی تەندروستی لە بەرامبەر پەتای جیهانی کۆڤید-١٩ ئەنجامی داون.

لە کۆتا بڕگەی سیمپۆزیۆمەکەدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرایە بەشداربووان و ئەو خۆبەخشانەی کە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتاکە لە سەنتەری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێدانی ڤاکسین ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە.

زانکۆی سۆران بە ئەرکی خۆی دەزانێت وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی، لە پاڵ کاری خوێندن و توێژینەوەی زانستیی، پشتیوانیی خەڵک وڵاتەکەی بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخە سەختەکان. زانکۆی سۆران، لە ماوەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-١٩، بە سەرکەوتوویی توانی ببێتە جێگای متمانەی خەڵک و حکومەت.