لە دەستکەوتێکی دیکەی نێودەوڵتیدا، زانکۆی سۆران دەبێتە براوەی گەورەترین گرانتی ڕێکخراوی ئایرێکسی نێودەوڵەتی. بەم بۆنەیەشەوە ڕێکخراوەکە پیرۆزبایی لە زانکۆی سۆران دەکات. بە گوێرەی ئەم بردنەوەیە، لە زانکۆی سۆران سەنتەرێکی توێژینەوەی ئابووری دادەمەزرێت کە لە سەر ئاستی عێراق و لە جۆری خۆی یەکەم و تاکە سەنتەر دەبێت.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، تیمێکی لێهاتووی زانکۆی سۆران، بە سەرپەرشتیی م. ڕێباز چەتۆ بیرۆ و لە ژێر چاودێریی پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، کاریان لە سەر پڕۆژەی کردنەوەی سەنتەرێکی توێژینەوەی ئابوری کرد کە لە ڕێگایەوە بتوانرێت هەلی کاری زیاتر بۆ قوتابیان، دەرچوان و دانیشتوانی سۆران بڕەخسێندرێت. لەم چوارچێوەیەدا پڕۆپۆزەڵی کردنەوەی سەنتەری ئابوورییان پێشکەش بە پڕۆگرامی ئایرێکس کرد. لە نێوان هەموو ئەو پڕۆپۆزەڵانەی کە لە سەر ئاستی عێراق پێشکەش کرابوون، پڕۆپۆزەڵی زانکۆی سۆران بە شایستەترین هەڵبژێردرا و گرانتە مەزنەکەی بردەوە.
بە گوێرەی ڕێکخراوی ئایرێکس پڕۆژەکەی زانکۆی لە سەر ئاستی کوردستان و عێراق یەکەمە. لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان بە تەنیا و لە سەر ئاستی عێراقیش بە هاوبەشیی لەگەڵ زانکۆیەکی عەرەبی کار دەکات. بەم پێیە، بە پاڵپشتیی دارایی ڕێکخراوی ئایرێکس، سەنتەرێکی توێژینەوەی ئابوری لە زانکۆی سۆران دەکرێتەوە. کاری سەنتەرەکە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستیی ئاستبەرزە بە جۆرێک کە توێژینەوەکان بتوانن گۆڕانکاریی ئەرێنیی گەورە لە زانکۆ، ئیدارەی سەربەخۆ، هەرێمی کوردستان و عێراق بهێتە کایەوە.
ڕێکخراوی ئایرێکس لەگەڵ حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە عێراق هاوئاهەنگیی هەیە. زانکۆی سۆران پێشتریش توانیبووی متمانەی بەستنی یەکەمین کۆنفڕانسی مۆدێلی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ڕێکخراوە بەدەست بهێنێت.
لەوەتەی دامەزراندنیەوە، زانکۆی سۆران توانیویەتی ببێتە براوەی چەندین گرانتی مەزن. زانکۆ لە ڕێگای ئەم گرنتانەوە چالاکیی چۆنایەتیی گرنگ ئەنجام دەدات و سوود بە قوتابیان دەگەیەنێت و هاوکات ئەرکی داراییش ناخاتە ئەستۆ حکومەت. کردنەوەی سەنتەرێکی توێژینەوەی ئابوری لە زانکۆی سۆران و بۆ سەر ئاستی هەموو عێراق دەبێتە یەکێکی تر لەو دەستکەوتە مەزنانەی کە زانکۆی سۆران بە دەست هێناوە.