ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی تەمووز، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. ناونیشانی کۆنفڕانسەکە بریتی بوو لە "چەند خوێندنەوەیەکی مەعریفی بۆ زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان". فاکەڵتیی ئادابی زانکۆی سۆران و دامەزراوەی زەکەوات (مۆسسه الزكوات) کۆنفڕانسەکەیان ڕێکخستبوو. لە ماوەی دوو ڕۆژدا و لە چەند پانێڵێکدا هەشتا توێژینەوە پێشکەش کران. لە کۆنفڕانسەکە دەیان توێژەر لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و شەش وڵاتی عەرەبی بەشدار بوون.
ئەمە خولی سێیەمی کۆنفڕانسەکە بوو و توێژینەوەکان لە بوارەی جۆراوجۆری وەک: مێژوو، سیاسەت، یاسا، ئابووری، جیۆلۆجی، هایدرۆلۆجی، زمان، ئەدەب و شەریعە پێشکەش کران. سەبارەت بە ڕۆڵ و گرنگیی کۆنفڕانسەکە، د. کارمەند عەبدوڵا حەمەد، ڕاگری فاکەڵتیی ئاداب و سەرۆکی کۆنفڕانسەکە ڕایگەیاند: ئەم کۆنفڕانسە جگە لە سوود و بایەخی زانستی، هەلێکی گونجاویشە بۆ یەکترناسین و دروستکردنی پەیوەندیی ئەکادیمیی هەم لە ئاستی دامەزراویی و هەمیش لە ئاستی تاکەکەسی، دەشکرێت لە داهاتوودا کار و پڕۆژەی هاوبەشی دیکەی لێبکەوێتەوە.