ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، یەکەمین دیداری کاروباری زانستیی زانکۆی سۆران لە کەمپەسی دێلزیانی زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. دیدارەکە بە مەبەستی خستنە ڕووی ئەو کار و چالاکییە زانستییانە بوو کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ئەنجام دراون. هاوکات گفتوگۆ لەسەر خوێندنی باڵا، بۆڵۆنیا پڕۆسێس و چەند پرس و بابەتێکی زانستی و ئەکادیمی کرا. تیایدا باس لە هەندێ ڕێکار کرا بۆ ساڵی نوێی خوێندن.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا، بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، وتاری ستراتیژی کاری زانکۆی خوێندەوە. وێڕای دەستخۆشی لە بەئەنجام گەیەنەرانی کار و چالاکییە زانستییەکان، وتی پێویستە ئەمڕۆ لەم دیدارەدا باس لە هەموو ئەو ئەرکانە بکەین کە لەسەر شانی ئێمەیە. دواتر بەڕێز پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، وتاری دیداری زانستیی زانکۆی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگیی دیدارەکە بۆ ساڵی نوێی خوێندن کرد.
بابەتەکانی دیدارەکە لە دوو پانێڵدا خرانە ڕوو. پانێڵی یەکەم لە لایەن م. ی. غەریب ئیبراهیم سلێمان بەڕێوەچوو. تیایدا د. جەمال ئیسماعیل کاک ڕەسول، ڕاگری فاکەڵتیی ئەندازیاری، بە بابەتی: فەلسەفەی خوێندنی باڵا، د. عەلی یوسف عەزیز بە بابەتی بۆڵۆنیا پڕۆسێس و د. کارمەند عەبدوڵا حەمەد، ڕاگری فاکەڵتیی ئاداب، بە بابەتی چەمکی بە چەقکردی قوتابی بەشدارییان کرد. هەروەها پانێڵی دووەم لە لایەن د. کارزان محەمەد خالد، سەرۆکی بەشی جیۆلۆجی بەڕێوەچوو. تیایدا پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، بە بابەتی ڕێکارە زانستییەکانی ساڵی خوێندنی داهاتوو، د. سەعید ئیبراهیم فەقێ بە بابەتی ڕێکارەکانی ڕێکخستنەوەی کاروباری خوێندنی باڵا و م. شەماڵ عەبدوڵا بە بابەتی ڕێکارەکانی ڕێکخستنەوەی کاروباری دڵنیایی جۆری بەشدارییان کرد.
لەم دیدارەدا،ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرجەم بەش و فاکەڵتی و سەنتەرەکانی زانکۆ بەشداربوون. گفتوگۆیەکی تێر و تەسەل کرا لەسەر خوێندنی باڵا، بۆڵۆنیا پڕۆسێس و ڕێکار و ڕێکخستنەوەی کار و چالاکییە زانستییەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بە مەبەستی بە چەقکردنی قوتابی و پێشکەوتنی زیاتری زانکۆ.