ڕۆژی دووشەممه، ڕێکەوتی ١٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی سۆران و هەر دوو زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر و دهۆک واژۆ کرا. یاداشتنامەکە بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەر سێ زانکۆ و نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە هەولێر واژۆ کرا. بە گوێری ئەم یاداشتە، زانکۆی سۆران هاوکارییەکانی لەگەڵ زانکۆکانی سەلاحەدین-هەولێر و دهۆک لە بوارە جیاوازەکاندا فراوانتر دەکات.
لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتەکەدا، کە لە سەرۆکایەتیی زانکۆی سەلاحەدین-هەولێر بەڕێوەچوو، هەر یەکە لە بەڕێزان پ. ی. د. شێراون شدریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، پ. ی. د. کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین-ھەولێر، پ. ی. د. داود سلێمان ئهتروشی، سەرۆكی زانكۆی دهۆك و د. ئەمیر شەعبان چالی، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادە بوو. هاوکات بەڕێز پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری زانستی، هاوڕێ لەگەڵ هاوتاکانی لە زانکۆکانی دیکە ئامادەی دیدارەکە بوون.
سەبارەت بە واژۆکردنی ئەم یاداشتە، بەڕێزپ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، وێڕای دەربڕینی خۆشحالی بۆ گەشتن بە وەها دەستکەوتێک، ڕاشیگەیاند: زانكۆی سۆران شانازی بەوەو دەکات كە لە هەناوی زانکۆیەکی وەک زانكۆی سەڵاحەدینی دایک لەدایک بووە و ئێستاش لەگەڵیدا لە سەر ئەنجامدانی كار و چالاكیی هاوبەشی ئەكادیمی ڕێککەوتووە. بەڕێزیان هەروەها ئاماژەی بەوە کرد هەر سێ زانکۆی سۆران و سەڵاحەدین و دهۆک دەتوانن لە زۆر بواردا هاوکاریی پێشکەش بە یەکدی بکەن و هیواشی خواست ئەم ژمارەی زانکۆکانی واژۆکەری ئەم یاداشتە زیاتر ببێت و زانکۆی دیکەش بچنە ڕیزەوە تا هەمووان پێکەوە باشتر بتوانن لە خزمەت پێشخستنی زیاتری ڕەوتی زانستیی کوردستاندا بن.
لای خۆشیەوە، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە زانکۆکەی پێشوازیی لەو دوو زانکۆیەی دیکە کردووە و ئەمڕۆش یاداشتەکەیان واژۆ کردووە. هاوکات سەرۆكی زانكۆی دهۆك ئاماژەی بە کاری هاوبەشی نێوان زانکۆی دهۆک و زانکۆکانی دیکە کرد و هیوای خواست ئاستی ئەم هاوئاهەنگییە بەرزتر ببێتەوە و چوارچێوەیەکی سیستەماتیک وەربگرێت. بە هەمانشێوەش، نوێنەری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی پیرۆزبایی لەو هەنگاوە زانستییەی هەر سێ زانکۆ کرد و پشتیوانی وەزارەتی بۆ هەنگاوی لەو چەشنە دەبڕی.
زانکۆی سۆران لە سەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەڵەتیی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ چەندین زانکۆ واژۆ کردووە. بە هۆی ئەم ڕێککەوتنانەوە توانیویەتی ئاستی خۆی بەرەو پێشەوە بەرێت و توانا ماددی و مرۆییەکانی خۆیشی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەدا بەش بکات. هەر لەم چوارچێوانەدایە کە زانکۆی سۆران بووەتە ناوێکی دیاری لە سەر ئاستی ناوخۆیی و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش لەگەڵ زانکۆکانی وڵاتانی وەک ئێران، تورکیا، ئوردن، ڕووسیا، ئیتالیا و فەڕەنسا هاوئاهەنگیی هەیە.