پ. د. دلاوەر عەلائەدین میوانی زانکۆی سۆران بوو. لە دوو سیمیناری تێروتەسەلدا، باسی لە مامۆستای پڕۆفیشناڵ و زانکۆی دامەزراوەیی کرد. ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایانی زانکۆ ئامادەی سیمینارەکە بوون. گفتوگۆیەکی گەرموگوڕ بەڕێوەچوو. سەرۆکی زانکۆ سوپاسنامەی ئاراستەی پڕۆفیسۆر کرد.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٤ـی ئەیلولی ٢٠٢٢، ئەڵقەیەکی دیکە لە زنجیرەی کۆرس و ڕاهینانە ئەکادیمییەکانی زانکۆی سۆران تایبەت بە مامۆستایان و توێژەران بەڕێوەچوو. پ. د. دلاوەر عەلائەدین سەردانی زانکۆی سۆرانی کرد. سیمینارێکی فراوانی لە ژێر ناونیشانی مامۆستای پڕۆفیشناڵ و دامەزراوەییکردن پێشکەشکرد.
لە دەستپێکدا، پ. د. دلاوەر عەلائەدین، سوپاسی زانکۆی سۆرانی کرد بۆ ڕێکخستنی چالاکییەکە و ڕەخساندنی ئەم هەلە بۆ بەڕێزیان. باسی لە چەند یادەوەرییەکی خۆشی خۆی کرد کە پێش ۱۲ ساڵ سەردانی زانکۆی سۆرانی کردبوو. سەرسامیی خۆی بۆ پێشکەوتنی خێرای زانکۆی سۆران نیشان دا و دواتر دەستی بە ڕوونکردنەوەی بابەتەکەی کرد. لە دوو بەشدا، باسی لە تایبەتمەندییەکانی مامۆستای پڕۆفیشناڵ و زانکۆی دامەزراوەیی کرد.
پاشان، ئامادەبووان ڕاوسەرنج و پرسیارەکانیان ئاڵوگۆڕ کرد و گفتوگۆیەکی گەرموگوڕ لە سیمینارەکەدا درووست بوو. مامۆستایان و ئامادەبووانی سیمینارەکە دەستخۆشییان لە پێشکەشکاری سیمینارەکە کرد. لای خۆشیەوە، بەڕێز، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، نامەی سوپاس و پێزانینی زانکۆی سۆرانی پێشکەش بە بەڕێز پ. د. دلاوەر عەلائەدین کرد.
پ. د. دلاوەر عەلائەدین، سەرۆکی ئینستیتیوتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ توێژینەوە (مێری) یە. هاوکات، پرۆفیسۆری بواری پزیشکییە و پسپۆڕیی لە بواری نەخۆشییە بڵاوەکاندا هەیە. هەروەها، لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزیزی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بووە. چەندین کتێب و بڵاوکراوەی زانستی و توێژینەوەی بە زمانی کوردی و ئینگلیزی هەیە.
ڕاپۆرت: زەهرا سەمەد
فۆتۆ: سەرهەنگ نەزیر