بە بەشداریی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ، ٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، زانکۆی سۆران دیداری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەڕێوە برد. دیدارەکە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ زانکۆی ساینس پۆ گرۆنۆبڵی فەڕەنسا و سەنتەری فەڕەنسی بۆ توێژینەوە سەبارەت بە عێراق بوو. لەم دیدارەدا بەرپرسە باڵا سیاسییەکان و پسپۆڕانی زانستە سیاسییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بەشدار بوون و چەندین وتار پێشکەش کران و پرسی کورد لە ناوچەکە تاوتوێ کرا. هەر لەم دیدارەدا، بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، کە هاوکات وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە، بەشدار بوو.
دیداری پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە وتاری بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران دەستی بە کارەکانی کرد. دواتر بەڕێز بێرنارد هێنری لێڤی، نووسەر و فەیلەسووفی فەڕەنسی، وتەیەکی پێشکەش کرد. پاشان ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر پێگە و گرنگیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست.
دواتر پانێڵی یەکەمی دیدارەکە دەستی پێکرد؛ تیایدا هەر یەکە لە توێژەران د. عادل باخەوان و د. فیلیپ دێستاتێ، بەشدار بوون و ئانا ماریوز پانێڵەکەی بەڕێوە برد. پانڵی دواتر لەلایەن تانیا خەیلانیەوە بەڕێوەبرا و هەر یەکە لە توێژەران د. ئیبراهیم مەلازادە و د. دانیێل مەیر، بەشدار بوون. پانێڵی سێیەمیش مەهناز لەشکری بەڕێوەی برد و پانێڵیستەکانی بریتی بوون لە هەر یەکە لە توێژەران د. عەزام ئەمین و د. ژان مارکۆ.
دوایەمین پانڵی دیدارەکە وتەی بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد، بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بوو کە باسی لە دیدگاکانی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری و بەڕێوەبردنی عێراق کرد.