Sli

یادداشتنامەی نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی سێن سێرل میتۆدیای سلۆڤاکی واژۆ کرا

 

ڕۆژی پێنج شەممە، ٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس پێشوازیی لە شاندێکی زانکۆی سێن سیرل میتۆدیای سلۆڤاکی کرد. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی د. کاترینا سلۆبدۆڤا بوو. هاوکات، د. ئەحمەد دزەیی، سەرۆکی زانکۆی بەیان، ئامادەی دانیشتنەکان بوو. لە ئەنجامی ئەم سەردانەدا، یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا.

لە کەمپەسی زانکۆی سۆران و لە فاکەڵتی زانست، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی سێن سیرل میتۆدیا بەرێوەچوو. لە زانکۆی سۆران، هەر یەک لە بەڕێزان پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆ، پ. د . سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، د. ئەیاد نوری، ڕاگری فاکەڵتیی زانست و پ. د. سەمیر مستەفا، سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانستی، بەشداربوون.

لەسەرتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی زانکۆ، وێرای دەربرینی خۆشحاڵی و بەخێرهێنانی شاندی میوان، تیشکی خستە سەر کار و بەرنامەی زانستی و ئیداری زانکۆی سۆران و ستراتیژی زانکۆی ڕوون کردەوە. شاندی میوانیش سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ پێشوازییە گەرمەی کە لێیان کرا و گفتوگۆی چەند بابەتێکی دوولایەنەی ئەکادیمیی نێوان زانکۆکان کرا.

لە ئەنجامی گفتوگۆکان، یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆی سێن سیرل میتۆدیای سلۆڤاکی  واژۆ کرا. مەبەست لەم یادداشتنامەیە بونیاتنانی پەیوەندییەکی ئەکادیمیی فراوانە لە نێوان هەر دوو زانکۆکەدا.

لە بەشێکی دیکە لە ئەجێندای سەردانەکەی ئەمڕۆ، شاندی میوان سەردانی تاقیگە و بەشە زانستییەکانی فاکەڵتی زانست و سەنتەری توێژینەوەی زانستیان کرد.