SoranUniversity President

وتاری بەڕێز سەرۆکی زانکۆ لە خولی ١٣ی دەرچوانی زانکۆی سۆران

 

قوتابیانی خۆشەویست و کەسوکاری بەڕێزیان

مامۆستایانی هێژا و فەرمانبەرانی ماندوونەناس

میوانانی ئازیز و قەدرگران

ئەم کاتە و هەموو کاتێکتان باش و بەخێربێن بۆ ئەم ڕێوڕەسمە پڕ لە شکۆ و شانازییە، کە نەک هەر بە تەنها بۆ زانکۆی سۆران، بەڵکو بۆ تەواوی کوردستان مایەی شانازییە. ئەمڕۆ ئێمە هەموومان لێرەدا کۆبووینەتەوە بۆ بەشداربوون لە خۆشحاڵیی ١٣٨٥ دەرچووی زانکۆکەمان کە توانیویانە سەرکەوتووانە چوار ساڵی خوێندن تێپەڕێنن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە ٢٥ بوار جۆراوجۆدا بە دەست بهێنن.

ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە قوتابیانمان بەشێک لە بەری ماندووبوونیان دەچننەوە و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ژیانیان دەست پێدەکەن کە قۆناغی خزمەتکردنی زیاترە بە خۆیان و خانەوادە و دەوروبەر و کۆمەڵگاکەیان. بۆ ئێمەی مامۆستا و ستافی زانکۆ، ئەمە ئەوپەڕی خۆشی و شانازیمانە کە دەبینین کاروانی زانست لەم وڵاتە بەردەوامە و دامەزراوە ئەکادیمییەکان پۆل پۆل تاکی خاوەن بڕوانامە و خاوەن لێهاتوویی پێشکەش بە کۆمەڵگا دەکەن.

بەڕێزان،

ئەمساڵ، بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دەرچووانی خولی ١٣، لە کاتێکدایە کە زانکۆکەتان، زانکۆی سۆران، لە پێشەنگیی زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا ماوەتە و لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکەش بەرەوپێشچوونی دیاری بەخۆوە بینیەوە. ئێمە ئەم سەرکەوتن و دەستکەوتانە لە خۆمان و لە قوتابیان و لە هەموو لایەک پیرۆز دەکەین. باوەڕیشمان وایە کە قوتابیانمان شایستەی باشترینەکانن و هەموو هەوڵێکیشمان هەر بۆ دابینکردنی باشترینی توانا مرۆیی و لۆجیستییەکان بووە. ستراتیژی کاری ئێمە هەمیشە بریتی بووە لەوەی کە بەوپەڕی توانامانەوە خزمەت بە قوتابیانمان بکەین و ئاستی توێژینەوە زانستییەکانمان بەرز بکەینەوە، هەر ئەم تێڕوانینەشە کە ئەو پێشەنگییە نیشتیمانییەی بە دوای خۆیدا هێناوە.

هێژایان،

لێرەدا بە گرنگی دەزانم ئاماژە بەو ڕاستییە بدەم کە قۆناغی خوێندنی ئەم دەرچووانە قۆناغێکی ئاسان نەبوو، بگرە زۆریش سەخت بوو. لەم قۆناغە چوارساڵییەدا، زانکۆمان و قوتابیانمان لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی قەیرانەکان پارێزراو نەبوون. ئەوان لە ژێر کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و لاوەکییەکانی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا و ناسەقامگیرییە سیاسییەکانی هەرێم و عێراق خوێندنیان درێژە پێدا؛ خۆشبەختانەش توانییان بە سەر هەموو کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ بن و بە سەرکەوتوویی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بە دەست بهێنن.

هەر بەم بۆنەیەوە، ئێمە لە زانکۆی سۆران دەستی ماندووبوونی هەموو ئەو دایکوباوک و پەروەردەکار و بەخێوکەرانە دەگوشین کە سەرباری هەموو قەیران و ناڕەحەتییەکان، لە پاڵپشتیی ڕۆڵەکانیان بەردەوام بوون. بەڕاستی، ئەوان دەستبارێکی گەورەی ئێمەیان دا، ئەرکی ئێمەیان ئاسان کرد و هاوکات ئێمەیان خستە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقیی گەورەتر. ئێمە ڕۆڵی خانەوادەی دەرچوان لە سەرخستنی ئەم پڕۆسە مەزن و پیرۆزەدا بەرز دەنرخێنین. سەربەزین کە ئەمڕۆ لە بەردەم ئەواندا سەربەرزانە ڕاوەستاوین. خۆشحاڵین کە هەموو پێکەوە دەست لە ناودەستی یەکدی ئەو سەختییانەمان تێپەڕاند؛ قەولی پەروەردگاری جیهانیانیش هەر ئەمەیە کە لە دوای هەر ناخۆشییەک، خۆشی دێت.

بەرێزان،

جێگای خۆیەتی ئەمڕۆ یادێکیش بکەین لەو قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، دۆست و خزمانەی کە بەشێک بوون لەم کاروانی زانستە و بە هەر هۆیەک بێت ئێستا لەگەڵمان نین. ڕێز و وەفایان بۆ دەنوێنین و سڵاو و دروود بۆ ڕۆحی پاکیان دەنێرین. بەڵێنیش دەدەین پارێزەری ئەو ئەمانەتە بین کە بە ئێمە سپێردراوە و بە دڵسۆزیی و لێهاتووییەوە لە خزمەتکردن بە نیشتیمان و ڕۆڵەکانی بەردەوام بین.

دەرچووانی خۆشەویست،

دەمەوێت ئەوەتان پێ ڕابگەیەنم کە دوای دەرچوونیشتان، زانکۆی سۆران هەر پاڵپشت و پشتیوانی ئێوە دەبێت؛ بۆیە خوازیارین پەیوەندییمان هەر بەردەوام و بەبەرهەم بێت. ئێمە چاومان لە سەرتان دەبێت و چاوەڕێی بیستنی هەواڵی خۆش و سەرکەوتنی زیاترتان لێ دەکەین و بۆ هەمیشە شانازیتان پێوە دەکەین. داواشتان لێ دەکەم دانایانە، دلێرانە و بوێرانە قۆناغی نوێی ژیانتان دەست پێ بکەن. هەوڵ بدەن بە چاکە پاداشتی ماندووبوونەکانی کەسوکارتان بدەنەوە و ببنە ڕۆڵەیەکی بەوەفا بۆ ئەم نیشتیمانە کە پێویستیی بە هەموومانە. بە گەشبینییەوە بڕواننە ژیان و هاوشێوەی دەرچوانی خولەکانی پێشتر ببنە کەسی سەرکەوتوو و کاریگەر.

لە کۆتاییشدا، داوا لە یەزدانی مەزن دەکەم بەرەکەت بڕێژێنێت بە سەر تەمەن و ژیانتاندا و سەرکەوتوو و سەرفرازتان بکات. خودا بتانپارێزێت و بتانهێڵێت بۆ کوردستان و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت.

پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس

سەرۆکی زانکۆی سۆران