ڕۆژی پێنجشهممه، ١ـی دیسەمبەری ٢٠٢٢، ڕێوڕهسمی سێزدهیهمین خولی دهرچووانی زانكۆی سۆران بۆ دەرچووانی ساڵی خوێندنی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بەڕێوە چوو. لە ڕێوڕەسمەکەدا، بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، ھەڵگورد شێج نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، د. ئەمیر چالی، نوێنەری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای حکومی و حیزبی و ڕێکخراوەیی، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیان و کەسوکاریان، ئامادەبوون.
لە ڕێورەسمەکەدا بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، وتارێکی پێشکەش کرد؛ وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچوان، ئاماژەی بەوەکرد کە زانکۆی سۆران بەھۆی قوتابی زانستخواز و مامۆستا کارامە و لێھاتووەکانی لە پێشەنگی زانکۆکانی کوردستان، عێراق و ناوچەکە ماوەتەوە و لە بەرەوپێشچوونی بەردەوامدایە.
دواتر بەڕێز ھەڵگورد شێج نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتارێکی پێشکەش کرد؛ پیرۆزبایی لە دەرچوان کرد و سوپاسی سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆرانی کرد بۆ پێگەیاندنی قوتابیانی کارامە و دەرچوانی لێھاتوو بۆ پێشخستن و ئاوەدانی کوردستان.
پاشان بەڕێز د. ئەمیر چالی، بە نوێنەرایەتیی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وتارێکی پێشکەش کرد؛ وێڕای پیرۆزبایی لە دەرچوان، ڕۆڵی زانکۆی سۆران وەک زانکۆیەکی بەرجەستەی کوردستان بەرز نرخاند.
دواتر لەلایەن بەڕێز د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیانی سوێندی دەرچووان بۆ دەرچووانی خولی سێزدە خوێندرایەوە. پاشان ڕاگری فاکەڵتییەکان داوای بەخشینی بڕوانامەیان لە بەڕێز سەرۆکی زانکۆ کرد بە دەرچووان، بەڕێز سەرۆکی زانکۆ بە ناوی ئەنجومەنی زانکۆوە بڕوانامەی پێبەخشین. لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا لەلایەن بەڕێز سەرۆکی زانکۆوە بڕوانامەی ڕێزلێنان بەخشرایە دەرچووانی یەکەم و دووەم و سێیەمی سەرجەم بەشەکان.
سێزدەیەمین خول، ١٣٨٥ دهرچوو لهخۆدهگرێت، له ٢٥ پسپۆڕی جیاواز، به خوێندنی بهكالۆریۆس، ماستەر و دكتۆراوه. لە ناو ئەم دەرچووانەدا ژمارهیهكی بهرچاو کەسی بههرهدار و خاوهن شیان هەن کە لە بوارە جیاوازەکاندا توانایان هەیە و خزمەت دەکەن. دەرچووان له ڕێگەی كهرته تایبهت و گشتییهكانهوه دهتوانن له پێشخستن و گهشهپێدانی کۆمەڵگا ڕۆڵێكی دیار ببینن.