ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی کانوونی دوەمی ٢٠٢٣، شاندێکی سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد. شاندەکە بە جیا لەگەڵ سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە. گفتوگۆ لە سەر چەند پرسێک کرا و بڕیار لە سەر کاری ئەنجامدانی کاری هاوبەش درا.
شاندی سەرۆکایەتیی زانکۆی سۆران بە سەرۆکایەتی بەڕێز پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆ، لەگەل بەڕێز د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان و بەڕێز د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، هەر یەکە لە بەڕێزان پ. د. سیروان زەند، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی، د. کارمەند حەمەد، ڕاگری فاکەڵتیی ئاداب، م. ستار شێخ حەسەن، سەرۆکی بەشی مێژوو و م. چنور جەعفەر، مامۆستا لە بەشی مێژوو، ئامادە بوون.
مەبەستی سەردانەکە دروستکردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوان زانکۆی سۆران وەك دامەزراوەیەکی ئەکادیمی و پەرلەمانی کوردستان بوو. ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی هەردوولا بتوانن لە داهاتوودا کاری هاوبەش ئەنجام بدەن و هەروەها پەرلەمان سوود لە توانا ئەکادیمییەکانی زانکۆ وەربگرێت. بۆ ئەمە مەبەستە و لە پێناو دیارییکردنی چوارچێوەیەک بۆ هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەر دوولا، بڕیار درا سەنتەری توێژینەوەی پەرلەمان و زانکۆی سۆران ڕەشنووسی لێکتێگیەشتنێک ئامادە بکەن و دواتر بکرێتە یاداشتنامەیەک و واژو بکرێت تا ببێتە نەخشەڕێگای کاری هاوبەشی داهاتووی نێوان زانکۆی سۆران و پەرلەمانی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بە دواداچوون بۆ کارەکانی (کۆنفڕانسی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: سەد ساڵەی ڕێککەوتننامەی لۆزان) کرا، کە بڕیارە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بە هاوبەشیی نێوان زانکۆی سۆران و پەرلەمانی کوردستان، لە هەولێر، بەڕێوە بچێت.