ڕاگەیەندراوی زانكۆی سۆران دەربارەی پێشكەشكارانی خوێندنی باڵا (ئەنجامی سكاڵاكان – دەرفەتی دووەم)

New Website Announcement Ku

 لەبارەی ئەنجامی تانەكانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی پێشكەشكارانی خوێندنی باڵا، دەرفەتی دووەم بۆ پێشكەشكاران، زانكۆی سۆران ئەم ڕاگەیەندراوە، ڕادەگەیەنێت:

 یەكەم: پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی وەرگیراوان لە خوێندنی باڵا (ماستەر و دكتۆرا) لە زانكۆكەمان، بۆ ئەو پێشكەشكارانەی كە تانەیان لە ئەنجامەكان گرتبوو، جارێكی دیكە سەرجەم پرۆسەكانی پەیوەست بە پێشكەشكردن و ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی و هەژماركردنی خاڵەكان زۆر بە وردی و لەلایەن چەندین تیمی بەرفراوانەوە چ لەسەر ئاستی سەرۆكایەتی زانكۆ و چ لەسەر ئاستی فاكەڵتییەكان بەڕێوە بران. سەرجەم تیمەكانی پێداچوونەوە و بەدواداچوونی تانە و گازاندەكان ئەندامەكانی پێشتر بەهیچ شێوەیەك لە هەنگاوەكانی پرۆسەی وەرگیران و تاقیكردنەوەكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەكاندا، بەشدار نەبوون.

دووەم: لە ئەنجامی لێوردبوونەوەكان و بە چڕی پێداچوونەوە بە سەرجەم سكاڵا و گازندەكان، تەنها ئەم چەند حاڵەتە ڕاستكردنەوەیان تێدا ئەنجام دراوە، كە تەنها باری یەك پێشكەشكار لە كەوتوو دەگۆڕێت بۆ وەرنەگیراو، حاڵەتەكانی دیكە، تەنها ڕاستكردنەوەن و لە باری پێشكەشكاران ناگۆڕن. ڕاستكردنەوەكانیش بەم شێوەیە بوون:

  • پێشكەشكار (لانیا حەمەد ڕەشید) لە فاكەڵتیی ئاداب – بەشی ئەدەبی ئینگلیزی – قۆناغی دكتۆرا بارەكەی لە كەوتووەوە دەگۆڕێت بۆ وەرنەگیراو. چونكە لە ئەنجامی پێداچوونەوە بە سكاڵاكەیدا نمرەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی ناوبراو لە (14،567)ـەوە دەگۆڕێت بۆ (15،267).
  • پێشكەشكار (جێگر حەمەدئەمین عوسمان) لە فاكەڵتیی ئاداب – بەشی زمانی عەرەبی – ئاستی ماستەر نمرەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی لە (13)ـەوە دەگۆڕدرێت بۆ (13،1) بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك لە بارەكەیدا ناكات و هەر بە كەوتوویی دەمێنێتەوە.
  • پێشكەشكار (ئاواز عزەدین عەبدولعەزیز) لە فاكەڵتیی ئاداب- بەشی ئینگلیزی – TESOL- قۆناغی ماستەر، نمرەی تاقیكردنەوەی توانستی زانستی لە ( 12،6) ـەوە دەگۆڕدرێت بۆ (12،4 ) بەڵام هیچ گۆڕانكارییەك لە بارەكەیدا ناكات و هەر بە كەوتوویی دەمێنێتەوە.
  • پێشكەشكار (خەتاب صدیق حەمەد) لە فاكەڵتیی زانست- بەشی كۆمپیوتەر- قۆناغی ماستەر، دوو خاڵی تاقیكردنەوەی زمانی ئینگلیزی (PTE 29)ـی بۆ هەژمار نەكرابوو. بە هەژماركردنی ئەو ددوو خاڵەش بۆسەر كۆی خاڵەكانی هیچ لە باری پێشكەشكارەكە ناگۆڕدرێت و هەر بە كەوتوویی دەمێنێتەوە.
  • ئەم ئەنجامانە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە پەسەند كراون و بوونەتە ئەنجامی كۆتایی.

سێیەم: تایبەت بە ڕێنماییەكانی ژمارە (2) و (3)ـی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە پێدانی دەرفەتێكی دیكە بۆ پێشكەشكارانی ماستەر و دكتۆرا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی زانكۆی سۆران:

1/   تەنها ئەو پێشكەشكارانەی كە پێشتر لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرچوو بوون و بەهۆی كێبەركێ و ژمارەی كورسییەكانەوە وەرنەگیرابوون، دەتوانن بە شێوازی پاراڵێڵ بخوێنن. واتە پێشكەشكار سەرەتا بۆ هەر كورسییەك كێبەركێی كردبێت (گشتی، زانكۆی سۆران، زانكۆكانی دیكە) ئێستا تەنها دەتوانێت بە شێوازی پاراڵێل بخوێنێت. ئەمەش دەرفەتێكی ئارەزوومەندانەیە و پێشكەشكار دەتوانێت سوودی لێوەربگرێت یان نا.

2/ دەربارەی ئەو پێشكەشكارانەشی كە لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستی دەرنەچوون، لەبەر ئەوەی ئەو میكانیزمەی كە وەزارەت دایناوە بۆ دەرنەچووان بریتیە لە "تاقیكردنەوەی توانستی زانستی – زارەكی"، پێشتریش بۆ یەكەمین جار ئەم میكانیزمە لەلایەن زانكۆی سۆران ـەوە تاقیكراوەتەوە و وەزارەتی خوێندنی باڵا تەبەنی كردووە و سەرجەم پێشكەشكاران ئەم میكانیزمەیان تاقی كردووەتەوە. كۆنمرەی قوتابیان لە تاقیكردنەوەی توانستی زانستیدا لەسەر (20) نمرەی تاقیكردنەوەی نووسین و (10) نمرەی تاقیكردنەوەی زارەكی بووە.  بۆیە بۆ جاری دووەم تاقی ناكرێتەوە.

لەگەڵ ڕێزدا...