دوای ئەوەی ماوەیەک پێش ئێستا، زانکۆی سۆران بیرۆکەی پڕۆژەیەکی ژینگەدۆستی راگەیاند، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١/٤/٢٠٢١، بە ئامادەبوونی بەڕێزان "د. موسڵح مستەفا" سەرۆکی زانکۆی سۆران، بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و ژمارەیەکی بەرچاو مامۆستا و قوتابی، پڕۆژەکە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لێدوانێکدا بۆ راگەیاندنی زانکۆ، بەڕێز "فەهد کەریم" بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری زانکۆی سۆران و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، گوتی: " ئەم پڕۆژەیە، پڕۆژەیەکی درێژخایەنە و بەشێکە لە ستراتیژی سەرەکی زانکۆ بۆ رێزگرتنی ژینگە و هەرچی زیاتر جوانکردنی و، گرنگی بە چاندن و سەوزکردن دەدات."
لە درێژەدا و سەبارەت بە میکانیزمی جێبەجێکردنی، بەڕێزیان گوتی: " بە پێی ئەم پڕۆژەیە، هەر قوتابییەکی زانکۆی سۆران، لە ماوەی خوێندنیدا لە زانکۆ، پێویستە نەمامێک بچێنێ."
پێویستە بگوترێ لە یەکەمین هەنگاوی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەدا، بەڕێز سەرۆکی زانکۆ وتەیەکی پێشکەشکرد و گرنگی ئەم جۆرە کار و پڕۆژانەی خستەڕوو و، ئەم کارەی بە بەشێکی سەرەکی تێڕوانینی زانکۆ بۆ سرووشت و ژینگە، گەڕاندەوەو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.