رۆژی چوارشه‌ممه رێكه‌وتی ٣٠/٦/٢٠٢١، به ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران، ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له مامۆستایان و هه‌روه‌ها قوتابییانی ده‌رچووی ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠، رێوڕه‌سمی یازده‌هه‌مین خولی ده‌رچوونی قوتابییانی زانكۆی سۆران، به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تای رێوڕسمه‌كه به هاتنی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ ده‌ستیپێكرد كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سروود و مارشی زانكۆ. دواتر بۆ رێزگرتن له گیانی شه‌هیدانی كوردستان، سه‌رجه‌م ئاماده‌بووان به‌ده‌م سروودی ئه‌ی ره‌قیبه‌وه، بۆ چه‌ند ساتێك به بێده‌نگی به پێوه راوه‌ستان.
پاشان وتاری لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاری رێوڕه‌سمی ده‌رچووان له لایه‌ن به‌ڕێز"پ.د. یادگار ره‌سوڵ" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری قوتابییان و هه‌روه‌ها سه‌رۆكی لیژنه‌ی باڵا، پێشكه‌شكرا، كه تێیدا وێڕای پیرۆزباییكردن له قوتابییان، ئاماژه‌ی به ژماره‌ی ده‌رچووان و هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی دره‌نگ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م رێوڕه‌سمه كرد.
ئینجا نۆره گه‌یشته وتاری به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران. به‌ڕێزیان له وتاره‌كه‌یاندا، وێڕای پیرۆزباییكردن له قوتابییان و خواستنی هیوای سه‌ركه‌وتن بۆیان، تیشكی خسته‌سه‌ر حاڵه‌تی نائاسایی سه‌رده‌می كۆرۆنا و هه‌وڵ و كاره به‌رده‌وامه‌كانی زانكۆی سۆران، له پێناوی رانه‌وه‌ستان و به‌رده‌وامیدان به خوێندن و دۆزینه‌وه‌ی رێگای نوێ. له به‌شێك له وته‌كانیدا به‌ڕێزیان گوتی: "زانکۆکەتان وەکو هەمیشە لەو دۆخە نائاساییەش دەرفەتی گرنگی بۆ پێشخستنی تواناکانی خۆی و ستاف و قوتابییەکانی درووستکرد. ئێمە یەکەمین زانکۆ بووین لە دوای کەرەنتینەی گشتی کە لە ئاداری ٢٠٢٠ دەستیپێکرد، پلانمان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن داڕشت و یەکەمین زانکۆ بووین لە نیسانی ٢٠٢٠ بە شێوەی ئەلیکترۆنی لایڤ کلاسمان درووستکرد و هاوشێوەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی دونیا مامۆستا و قوتابییمان لە کلاسێکی ئەلیکترۆنی کۆکردەوە."
له به‌شێكی دیكه له وته‌كانیدا، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، روو له ده‌رچووان گوتی : "ئێوە لە زانکۆیەک ئەمڕۆ بڕوانامە وەردەگرن بە تەمەن یەکجار گەنجە، بەڵام بە دەستکەوت و سومعەی ئەکادیمی ناوێکی درەوشاوەیە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دونیا. ئێمە کە سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستمان پێ‌کرد، قوتابیان خۆپیشاندانیان کرد و داوایان دەکرد بڕوانامەی زانکۆی سۆرانیان پێ نەدرێت. بەڵام ئەمڕۆ تەنیا دوای یەک دەیە، بە شانازییەوە خۆیان وەکو دەرچووی ئەم زانکۆیە دەناسێنن."
دواتر وتاری ده‌رچووان له لایه‌ن "ماردین ئه‌میر" پێشكه‌شكرا. كه تێیدا وێڕای ده‌ربڕینی ده‌ستخۆشی و پێ‌زانین به‌رامبه‌ر به ستافی زانكۆ به گشتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه هه‌موو هه‌وڵ و توانایه‌كیان ده‌خه‌نه گه‌ڕ، تا به باشترین شێوه بتوانن، زانستی خۆیان له خزمه‌تی كوردستاندا، به‌كاربێنن.
پاشان نۆره گه‌یشته سه‌ر سوێندی ده‌رچووان، كه له‌و بڕگه‌یه‌دا به‌ڕێز "د. محه‌ممه‌د عه‌لی حوسێن" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی، سوێندی ده‌رچووانی خوێنده‌وه و قوتابییانیش له دوایه‌وه گوتیانه‌وه.
له بڕگه‌یه‌كی تری رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، به‌ڕێزان راگرانی فاكه‌ڵتییه‌كانی زانكۆ، داوای بڕوانامه‌ی بۆ قوتابییانی فاكه‌ڵتییه‌كانیان كرد، كه له لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆوه پێیان به‌خشرا.
له دوا به‌شی به‌رنامه‌كه‌شدا، به نوێنه‌رایه‌تی قوتابییانی ده‌رچوو، سه‌رجه‌م ده‌رچووانی یه‌كه‌می به‌شه زانستییه‌كان بانگ كرانه سه‌ر سه‌كۆ و له لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆوه، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان پێ به‌خشرا.
پێویسته بگوترێ كه له‌م خوله‌ی ده‌رچووندا، هه‌زار و سه‌د و حه‌فتا و حه‌فت قوتابی له بیست و هه‌شت به‌شی زانستی، بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسیان وه‌رگرت.
ده‌قی وتاری به‌ڕێز "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران:
دەرچووانی ئازیزی ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠
مامۆستایانی بەڕێز
دوای ئەوەی بە هۆی باری نائاسایی تەندروستی کوردستان و جیهان کە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا دروست بووە، نەکرا لە کاتی خۆیدا ڕێوڕەسمی دەرچوونتان بۆ ساز بکەین، ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە خودا دەرفەتیدا پێکەوە لەم بۆنەیەدا کۆ ببینەوە و گروپێکی دیکەی دەرچووانمان بە لێهاتوویی تایبەتەوە پێشکەشی کوردستان بکەین.
هەڵبەت دوایین جار کە لەم گۆڕەپانە ئەو ڕێوڕەسمەممان بۆ دەرچووانی ٢٠١٨-٢٠١٩ بەڕێوەبرد، لەوساوە لە هەموو ڕووێکەوە دۆخەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. مرۆڤایەتی لە دونیادا بە هۆی ئەو پەتایە ملیۆنان ئازیزی لە دەستداوە، باری گوزەران و ژیانی ئاسایی خەڵک گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە و هەرگیز لە جاران ناچێت، تەنانەت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لەوساوە زۆر گۆڕاون. جاران تەوقە و یەکتر لە ئامێزکردن لەو جۆرە بۆنەیەدا نیشانەی خۆشەویستی و گەرموگوڕی بوو، ئێستا بۆ ئەوەی ئەو گەرموگوڕی و خۆشەویستییە بمێنێ و بپارێزرێ، دەبێ تەوقە نەکەین و یەکتر لە ئامێز نەکەین وئەملا و ئەولای یەکتری ماچ نەکەین. جاران دەکرا هەموو ئازیزانتان لێرە کۆ بکەنەوە و خۆشترین ئاهەنگ بەسەر ببەین، ئەمڕۆ بە سنوورداری ئەو دەرفەتەمان دروست کردووە بۆ ئەوەی ئازیزی دیکەمان لە دەست نەچێت.
ئازیزان:
زانکۆکەتان وەکو هەمیشە لەو دۆخە نائاساییەش دەرفەتی گرنگی بۆ پێشخستنی تواناکانی خۆی و ستاف و قوتابییەکانی دروست کرد. ئێمە یەکەمین زانکۆ بووین لە دوای کەرەنتینەی گشتی کە لە ئاداری ٢٠٢٠ دەستی پێ‌کرد، پلانمان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن داڕشت و یەکەمین زانکۆ بووین لە نیسانی ٢٠٢٠ بە شێوەی ئەلیکترۆنی لایڤ کلاسمان دروست کرد و هاوشێوەی زانکۆ پێشکەوتووەکانی دونیا مامۆستا و قوتابیمان لە کلاسێکی ئەلیکترۆنی کۆکردەوە. ئەوەی ئەوکات بەلای خەڵک ئاستەم و جێگای چاوەڕوانی نەبوو، بە هەموو ئەو بیانووانەی هەبوون، لە زانکۆکەی ئێوە بووە واقیع و ترسی زانکۆ و ناوەندی دیکەشی شکاند بۆ ئەوەی ژیان پەکی نەکەوێت و خوێندن و پەروەردە و گەشە نەوەستێ. ئێمە نەک تەنیا ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠ مان سەرخست، بەڵکو پلانێکی کارا و تۆکمەمان بۆ دەستپێکردنی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١یش داڕشت و ئەمساڵ یەکەمین زانکۆ بووین کە لە سەرەتای مانگی ئەیلول دەستمان بە خوێندنی ساڵی نوێ کرد. بەو پەڕی متمانەوە دەڵێین کە ئەو نەوەیەی ئەو ئەزموونەی وەرگرت، فێری کۆمەڵێک سکیل و تەکنیکی نوێ بوو کە قوتابیانی زانکۆ ناودارەکانی دونیا ئەمڕۆ بەکاری دەهێنن.
دەرچووانی ئازیز:
ئێوە لە زانکۆیەک ئەمڕۆ بڕوانامە وەردەگرن بە تەمەن یەکجار گەنجە، بەڵام بە دەستکەوت و سومعەی ئەکادیمی ناوێکی درەوشاوەیە لە کوردستان و عێراق و ناوچەکە و دونیا. ئێمە کە سەرەتا لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستمان پێ‌کرد، قوتابیان خۆپیشاندانیان کرد و داوایان دەکرد بڕوانامەی زانکۆی سۆرانیان پێ نەدرێت. بەڵام ئەمڕۆ تەنیا دوای یەک دەیە، بە شانازییەوە خۆیان وەکو دەرچووی ئەم زانکۆیە دەناسێنن. ئێستا دەیان زانکۆی بەناوبانگی دونیا پەیوەندی ئەکادیمیان لە گەڵ زانکۆی سۆران هەیە و قوتابی و دەرچووانی ئێمە بەشداری لە کۆنفرانس و پێشبڕکێێ و چالاکی نێودەوڵەتی دەکەن و ئاستی تایبەتی خۆیان پیشان دەدەن. توێژەرانی زانکۆی سۆران لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی دونیا چالاکییە ئەکادیمییەکانیان بڵاو دەکەنەوە و ناوی زانکۆکەی خۆیان خستۆتە ناو داتابەیسی باشترین جۆرناڵەکانی دونیا.
کچ و کوڕەکانم:
ئەمڕۆ زانکۆکەتان لە گەشترین سەردەمی تەمەنێتی و وەکو گەنجێکی دوازدە بەهارەی باڵابەرز لەو دەڤەرەوە سەیری هەموو کوردستان و عێراق دەکات و بە چالاکییە نایابەکانی چاوی هەمووانیشی خستۆتە سەر خۆی. ئەم دەستکەوت و ناوبانگە لە خۆڕا نەهاتووە، بەڵکو ئەنجامی شەونخوونی زۆر و بەرەنگاربوونەوەی ئالنگاری جۆراوجۆری ئیداری و دارایی و کولتووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسی و قانونیش بووە کە ڕێبەرایەتی زانکۆ بۆ هێنانە کایەوەی زانکۆیەکی پێشەنگ و مۆدێرن کاری بۆ کردووە. سەرکردایەتی کردن و دامەزراندنی زانکۆیەکی کلاسیک کە تەنیا ژمارەیەکی دیکە زیاد بکات و گروپێکی دیکەی خاوەن بڕوانامە بخاتە بازاڕەوە زەحمەت نیە. بەڵام سەرکردایەتیکردن و دروستکردنی زانکۆیەکی نوێ لە دەڤەرێکی تایبەتی وەکو سۆران و گەیاندنی بەو ئاستەی ئێستا، کۆکردنەوەی باشترینەکانی کوردستان بۆ ئەوەی ببنە تیمی ڕێبەرایەتیکردنی ئەو کاروانە نوێیە، پێگەیاندنی مامۆستایان و قوتابیان بە مۆدێلی نوێی پەیوەندی و لە سەر بنەمای نوێی فێربوون، ئازایەتی و شەونخونی و خۆتەرخانکردنی تەواوێتی ویستووە. من وەکو یەکەمین سەرۆکی زانکۆ و دامەزرێنەری زانکۆ کە ئەمڕۆ دوای نزیکەی دوانزە ساڵ لێرە وەستاوم و لە بەردەم گروپێکی دیکەی دەرچووان قسە دەکەم و بە دڵگەشییەوە دەتانبینم و بە ویژدانێکی یەکجار ئاسوودەوە زانکۆکەتان بەو باڵا بەرزییەوە دەبینم، دڵخۆشم کە شەونخونی و ڕەنجی بەندە و تیم و هاوکار و مامۆستا و فەرمانبەران لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ چرۆی کردووە و ناوێکی گەشی هێناوەتە کایەوە.
ئێوە بە سەری بەرز و ئەزموونی خۆتانەوە بڕۆنە بازاڕی کار و تواناکانی خۆتان لە بواری کرداردا بدۆزنەوە. ئەو کاتە خۆتان بەراورد دەکەن بە دەرچووانی زانکۆکانی دیکە و دەزانن کە ئێوە لە کوێ دەرچوون و ماندووبوونی سەردەمی زانکۆتان چ کەسایەتیەکی لێتان دروست کردووە.
پیرۆزە لە خۆتان و خانەوادەکەتان، هەر گەش و ڕۆشن بێت ڕێگای زانکۆی سۆران و دەرچووەکانی.