به‌شداری نوێنه‌ری زانكۆی سۆران له‌ گردبوونه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی"جێهانێكی گه‌نج"دا

One Young World Summit 2014

له‌ رۆژانی ١٥- ١٨ی مانگی ئۆكتۆبه‌ر، به‌ ئاماده‌بوونی زیاتر له‌ ٢٠٠٠ نوێنه‌ر له‌ سه‌رانسه‌ری جیهانه‌وه‌، پێنجه‌مین گردبوونه‌وه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی "جیهانێكی گه‌نج" له‌ "دوبلین"ی پایته‌ختی ئایرله‌ندا، به‌ڕێوه‌چوو.

ئه‌م كۆنفرانسه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی گه‌نجه‌ به‌هره‌مه‌ند و داهێنه‌ره‌كانی سه‌رانسه‌ری جیهان، كه‌ له‌ كۆمپانییا نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و دامه‌زراوه‌ ناحكومییه‌كان و زانكۆكاندا، خه‌ریكی كار كردنن. تا به‌ هێنانه‌ به‌رباسی سه‌رنج و داهێنانه‌كانیان بتوانن، له‌ ره‌وتی به‌ره‌و پێش چوون و چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی به‌رده‌م مرۆڤایه‌تی، به‌شدار بن و رۆڵیان هه‌بێ‌ له‌م باره‌وه‌.

بۆ ئه‌م گردبوونه‌وه‌ جیهانییه‌ ٢٧ نوێنه‌ریش له‌ كوردستانه‌وه‌ به‌شدار بوون، كه‌ تیشكیان خستبووه‌ سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ مرۆییانه‌ی، كه‌ رووبه‌رووی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌.

له‌م ٢٧ نوێنه‌ره‌، نوێنه‌ری زانكۆی سۆران"گورگیس اویه‌" به‌شداری كرد و له‌ به‌شی تایبه‌ت به‌ ئاشتی و چاره‌سه‌ری پێكدادانه‌كان، سه‌باره‌ت به‌ دوایین پێشهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ل و مه‌رجی ئه‌و ئاوارانه‌ دوا، كه‌ به‌ هۆی هه‌ڕه‌شه‌ و هێره‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام(داعش)، ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان به‌ جێ‌ بێڵن. كه‌ له‌ گه‌ڵ پێشوازییه‌كی گه‌رمی ئاماده‌بوواندا به‌ره‌وڕوو بوو.

ئه‌وه‌ی كه‌ لێره‌دا پێویسته‌ بگوترێ‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كۆی نوێنه‌ره‌كانی كوردستان به‌ سپۆنسه‌ری ده‌زگای روانگه‌ له‌و گردبوونه‌وه‌ جیهانییه‌دا، به‌شدار بوون.

شایه‌نی باسه‌"جیهانێكی گه‌نج" له‌ ساڵی ٢٠٠٩ له‌ لایه‌ن ده‌یڤد جۆنس و كه‌یت رۆبێرتسۆن و دامه‌زراوه‌ی "هاڤاس" ه‌وه‌، دامه‌زوراوه‌ و ئامانجی كۆكردنه‌وه‌ی گه‌نجه‌ به‌هره‌مه‌نده‌كانه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا، به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی گۆرِانی پۆزه‌تیڤ.