زانكۆی سۆران وه‌ك ته‌نیا زانكۆی حكومی به‌شداری له‌ پێشانگای دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار ده‌كات

Kurdistan Career Soran University

رۆژی چوار شه‌ممه‌ رێكه‌وتی26/11/2014 به‌ ئاماده‌بوونی ده‌یان كۆمپانیای ناوخۆیی و ده‌ره‌كی، له‌ كه‌رتی تایبه‌ت و حكومه‌ت، پێشانگای (Kurdistan career)، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز"قوباد تاڵه‌بانی" جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كرایه‌وه‌.

ئه‌م پێشانگایه‌ كه‌ ساڵانه‌ به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی هه‌لی كار ئه‌نجام ده‌درێ، خاوه‌نی گرنگییه‌كی تایبه‌ته‌، هه‌ر بۆیه‌ش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ چاوێكی به‌رزه‌وه‌ سه‌یری ده‌كات.

له‌م پێشانگایه‌دا ئه‌و كۆمپانیا و دمه‌زراوانه‌ به‌شدار ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێ له‌ پێدانی هه‌لی كار به‌ تاكه‌كان. یان ئه‌وه‌تا توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان هه‌لی كار بۆ پسپۆڕانی خۆیان بدۆزنه‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌كانی تر پێوه‌ندی پته‌و دابمه‌زرێنن.

"زانكۆی سۆران"یش وه‌ك یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌رده‌وام له‌ حاڵی پێشكه‌وتن و به‌ره‌و پێشچووندایه‌، پێویستی به‌ كه‌سانی پسپۆڕ هه‌یه‌ و له‌ هه‌مان كاتێشدا به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ رووی كواڵیتی خوێندن و ژێرخانی زانستییه‌وه‌، خاوه‌نی چه‌ندین پرۆِۆژه‌ی گرنگ و ستراتیجییه‌، له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ و كۆمپانیاكانه‌وه‌ گرنگی پێ ده‌درێت و وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌ك سه‌یری ده‌كرێت، كه‌ هه‌م له‌ رووی ره‌خساندنی هه‌لی كار و هه‌م له‌ رووی ئاماده‌كردنی كه‌سانی پسپۆڕ بۆ كار كردن، ده‌توانێت رۆڵی كارای هه‌بێ.

هه‌ر بۆیه‌شه‌ وه‌ك ته‌نیا زانكۆی حكومی به‌ تێمێكی چالاك به‌شداری له‌م پێشانگایه‌ كردووه‌ و به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ به‌ ده‌ستمان گه‌یشوون، تا ئێستا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ كه‌سانی پسپۆڕ سیڤی خۆیان پێشكه‌ش به‌ زانكۆی سۆران كردووه‌. هاوكات هه‌ر له‌م پێشانگایه‌دا تیمی زانكۆی سۆران سه‌رنجی زۆر كۆمپانیایان بۆ ئه‌وه‌ راكێشاوه‌ كه‌ گرنگی به‌ پسپۆڕان و ده‌رچووانی زانكۆی سۆران بده‌ن.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ ئه‌م پێشانگایه‌ دوو رۆژ ده‌خایه‌نی و ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٠١٤/١١/٢٧ كۆتایی به‌ كاره‌كانی دێنێ.