ژینگه‌ی سۆران له‌ ژێر تیشكی لێكۆڵینه‌وه‌ی پسپۆڕانی زانكۆی سۆران

Dr Halmat Bayz

رۆژی شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٠١٤/١٢/١٣ به‌ ئاماده‌ بوونی نوێنه‌ری زانكۆی سۆران"د. هه‌ڵمه‌ت باییز" و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ به‌رپرسانی حكومی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی تایبه‌ت به‌ ژینگه‌، "رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگه‌" وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌ كێشه‌ی زبڵ و خاشاك له‌ سۆران و ده‌ورووبه‌ری له‌ ژێر ناونیشانی "با هه‌موومان له‌ خزمه‌تی ژینگه‌دا بین" به‌ڕێوه‌ برد.

له‌م وۆركشۆپه‌دا، زانكۆی سۆران هه‌م له‌ ئاستی ئیداری و هه‌م له‌ ئاستی زانستی به‌شداری كردبوو. له‌ دوو توێی باس و لێكدانه‌وه‌كانی ئه‌م وۆركشۆپه‌دا و پاش ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك له‌ لایه‌ن چه‌ند پسپۆڕیكه‌وه‌ خرانه‌ به‌ر باس، "د.هه‌ڵمه‌ت" سه‌رنج و تێبینییه‌كانی خۆی خستنه‌ به‌رچاو و باسی له‌ هۆكاره‌كانی زۆربوونی زبڵ و خاشاك و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كرد.

به‌شێك له‌ كاره‌كانی ئه‌م وۆركشۆپه‌ بریتی بوو له‌ پێشكه‌ش كردنی چه‌ند توێژینه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ ژینگه‌ و مه‌ترسییه‌كانی زبڵ و خاشاك. له‌م به‌شه‌دا لێكۆڵه‌ر و مامۆستای زانكۆی سۆران و سه‌رۆكی به‌شی جوگرافیای فاكه‌ڵتی ئاداب "د.شێروان شه‌ریف قرتاس" به‌ پرێزنتێشنێكی زانستی له‌ ژێر ناونیشانی (ئیداره‌كرنی پاشماوه‌كان (زبڵ و خاشاك) و كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر مرۆڤ و ژینگه‌) به‌شداری له‌ گفتوگۆكه‌دا كرد، كه‌ له‌ گه‌ڵ پێشوازی گه‌رمی ئاماده‌بوواندا به‌ره‌وڕوو بوو. شایه‌نی باسه‌ كه‌ به‌شێك له‌ چاره‌سه‌ره‌كانی ناو لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ی ناوبراو خرانه‌ ناو بڕیارنامه‌ی وۆركشۆپه‌كه‌، به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندیان به‌ لایه‌نی پێوه‌ندیدار و هه‌وڵدان بۆ جێبه‌جێ كردنیان.

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش لێره‌دا زیاد بكه‌ین كه‌ "د. شێروان " پێشتر لێكۆلێنه‌وه‌یه‌كی بۆ رێكخراوی جیهانی "unicef" له‌ باره‌ی زبڵ و خاشاك ئاماده‌ كردبوو.

راپۆرت و وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی