زانكۆی سۆران رۆژی ئاڵای كوردستان به‌رز راده‌گرێت

Kurdistan Flag Day 2014

١٢/١٧ی هه‌مووساڵێك له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، وه‌ك رۆژی ئاڵای كوردستان دیاركراوه‌. له‌م رۆژه‌دا له‌ سه‌رجه‌م شار و ناوچه‌كانی كوردستان به‌ رێوڕه‌سمی جۆراوجۆر ئه‌م یاده‌ به‌رز راده‌گرن. زانكۆی سۆرانیش ئه‌مساڵ وه‌ك هه‌موو ساڵه‌كانی تر له‌ چوارچێوه‌ی كۆمه‌ڵێك رێوڕسمی جیاوازدا، به‌ شكۆوه‌ رێزی له‌ ئاڵای كوردستان نا.

فاكه‌ڵتی ئاداب:

له‌ فاكه‌ڵتی ئاداب به‌ ئاماده‌بوونی "د.موسلح مسته‌فا " سه‌رۆكی زانكۆی سۆران ، "د.یادگار ره‌سوڵ" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری قوتابیان، "د.نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی به‌وه‌كاله‌ت ،"د. قه‌یس كاكل" راگری فاكه‌ڵتی ئاداب و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییان ، له‌ رێوڕه‌سمێكی به‌ شكۆدا، رێز له‌م رۆژه‌ گیرا.

سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ وتنه‌وه‌ی سروودی ئه‌ی ره‌قیب و راوه‌ستانی ده‌قیقه‌یه‌ك بێده‌نگی بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستی پێكرد. دواتر "د.قه‌یس كاكل " راگری فاكه‌ڵتی ئاداب وتارێكی پێشكه‌شكرد، كه‌ وێرای به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و پیرۆزبایی ئه‌م رۆژه‌، ئاماژه‌ی به‌ گرنگی ئاڵا و ئاڵای كوردستان به‌ تایبه‌تی كرد.

پاشان "د.موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران ، وتارێكی پێشكه‌ش كرد. به‌ڕێزیان له‌ وتاره‌كه‌یاندا وتی : له‌ بناری چیاكانی كۆره‌ك ، هه‌ندرێن ، زۆزك و برادوست یادی رۆژی ئاڵای كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌. پیروزبای له‌ خه‌لكی كوردستان ده‌كه‌م و له‌م رۆژه‌دا سه‌ری رێزو نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی كوردستان داده‌نوێنین. له‌ به‌ شێكی تری قسه‌كانیدا به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ باسی له‌ گرنگی ئاڵای كوردستانی كرد له‌ مێژووی رزگاری خوازی كوردستان، كه‌ قوربانییه‌كی زۆر دراوه‌ بۆ به‌رز راگرتنی ئه‌م ئاڵایه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی رێوڕه‌سمه‌كه‌دا بێجگه‌ له‌ دوو وتار له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ "د. سه‌عیدد شه‌مس " و "د. ره‌شید كرمانج"، له‌ لایه‌ن قوتابییانیشه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك شیعر و په‌خشان خوێندرانه‌وه‌.

شایه‌نی باشه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ قوتابییان و مامۆستایانی فاكه‌ڵتی ئاداب، به‌ له‌ به‌ركردنی جل و به‌رگی كوردی و پێشمه‌رگانه‌وه‌، رێزیان له‌م رۆژه‌ گرت.

پێویسته‌ لێره‌دا ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ هه‌ر به‌ بۆنه‌ی ئه‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌وه‌، سه‌رۆكی زانكۆ دوو تاقیگه‌ی پێشكه‌وتووی تایبه‌ت به‌ خوێندنی له‌ فاكه‌ڵتی ئاداب كردنه‌وه‌.

فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌:

هه‌ر به‌ بۆنه‌ی رۆژی ئاڵا له‌ فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ش چالاكییه‌كی هاوشێوه‌ به‌رێوه‌ چوو، كه‌ تێیدا هه‌ریه‌ك له‌ "د. هیوا بالیسانی" راگری فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ و "م. سوداد ره‌سوڵ" له‌م باره‌وه‌ وتاریان پێشكه‌ش كرد. شایه‌نی باسه‌ كه‌ قوتابییان و مامۆستایانی فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ش، به‌ له‌به‌ر كردنی جل و به‌رگی كوردی و پێشمه‌رگانه‌، رێزیان له‌م رۆژه‌ گرت.

فاكه‌ڵتی زانست:

له‌ فاكه‌ڵتی زانستیش به‌ ئاماده‌بوونی راگری فاكه‌ڵتی زانست ومامۆستایان و قوتابییان و به‌ له‌به‌ر كردنی جل و به‌رگی كوردی و به‌رزكردنه‌وی ئاڵای كوردستان، رێز له‌م رۆژه‌ گیرا.

فاكه‌ڵتی یاسا:

له‌ فاكه‌ڵتی یاساش، ئه‌گه‌رچی قوتابییان له‌ به‌رامبه‌ر بڕیارێكی سه‌ندیكای پارێزه‌ران، چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ مانگرتندان، به‌ڵام له‌مڕۆژه‌دا به‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیاری و هه‌ستی نیشتمانی، هاوشانی مامۆستاكانیان به‌ له‌ به‌ركردنی جل و به‌رگی كوردی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان، رێزیان له‌مڕۆژه‌ گرت.

راپۆرت: رۆژهات مه‌هدی

وێنه‌: عه‌بدولا ئه‌حمه‌د، رۆژهات مه‌هدی، جه‌بار عه‌لی