ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی عێراق: كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراق ئایدیۆلۆژیای مه‌زهه‌بییه‌

Dr Arafat Stuni

رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢٠١٥/٢/٢٢ فاكه‌ڵتی ئادابی زانكۆی سۆران، میوانداری به‌ڕێز "د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م ستوونی" ئه‌ندام په‌رله‌مانی عێراق كرد، بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی سیمینارێك له‌ ژێر ناونیشانی(عێراق له‌ نێوان داعش و ماعشدا). له‌و سمیناره‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆی سۆران ئاماده‌ بوون، به‌ڕێز ستوونی تیشكی خسته‌ سه‌ر ناوه‌رۆكی بابه‌ته‌كه‌ی و له‌ چه‌ند لایه‌نێكه‌وه‌ شیكرده‌وه‌.

له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ ناونیشانی سیمیناره‌كه‌دا گوتی: بۆ هه‌مووان روونه‌ كه‌ داعش كێیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ماعشه‌وه‌، زاراوه‌یه‌كی داهێنراوه‌ له‌ لایه‌ن خۆمه‌وه‌، كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ میلیشیا شیعه‌كان، كه‌ له‌ داهاتوودا، ده‌بنه‌ كێشه‌ی سه‌ره‌كی بۆ عێراق و پرۆسه‌ی مه‌ده‌نییه‌ت له‌ عێراقدا.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی سیمیناره‌كه‌یاندا ئاماژه‌یه‌كی كورتیان به‌ مێژووی درووست بوونی داعش و كرد. "د. ستوونی" پێی وابوو كه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا ده‌گوزه‌ری به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی مه‌ترسیداردا ده‌ڕوات و ئه‌گه‌ر بێت و حكومه‌تی عێراق نه‌توانێ‌ له‌ داهاتوودا كۆنترۆڵی ئه‌و هه‌ل و مه‌رجه‌ بكات و هێزه‌ جیاوازه‌ چه‌كداره‌ مه‌زهه‌بییه‌كان له‌ ژێر ده‌ستی خۆیدا كۆ بكاته‌وه‌، ئه‌وا مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ ده‌بن له‌ سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عێراق. بۆیه‌ ناوبراو گه‌وره‌ترین كێشه‌ی عێراقی به‌ زاڵ بوونی ئایدیۆلۆژیای مه‌زهه‌بی لێكدایه‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ له‌ وته‌كانیدا ئاماژه‌یان به‌وه‌ كرد كه‌ داعش ره‌وتێكی كاتییه‌ و نامێنێ‌، ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه‌ له‌ فۆرم و شێوه‌ی دیكه‌دا خۆی ده‌ربخات. به‌ڵام ئه‌و پێی وابوو ئه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كه‌ی زیاتره‌، ئه‌و میلیشیا شیعانه‌ن كه‌ ئێستا له‌ ئارادان و له‌ داهاتوودا ده‌بنه‌ كۆسپی سه‌ره‌كی له‌ سه‌ر رێگای دێمۆكراسی له‌ عێراقدا. له‌م به‌شه‌شدا په‌رژایه‌ سه‌ر گرنگترین ئه‌و میلیشیا شیعانه‌ی كه‌ ئه‌وڕۆ له‌ عێراقدا هه‌ن و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ هه‌ندێك له‌وانه‌ راسته‌وخۆ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی وڵاتانی ده‌ورووبه‌ردان، كه‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش رۆڵی سه‌ره‌كییان ده‌بێت له‌ هه‌رچی زیاتر ئاڵۆز كردنه‌وه‌ی كێشه‌ سیاسییه‌كانی عێراق.
له‌ كۆتایی سیمیناره‌كه‌شدا ئاماده‌بوان سه‌رنج و پرسیاره‌كانی خۆیانیان هێنایه‌ به‌رباس، كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز"د. عه‌ره‌فات"ه‌وه‌، وه‌ڵامیان درایه‌وه‌.
شایه‌نی باسه‌ "د. عه‌ره‌فات كه‌ره‌م ستوونی" پێش ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان،  مامۆستای زانكۆی سۆران و راگری فاكه‌ڵتی یاسا بوو و یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ بواری ئایین ناسی و به‌ تایبه‌ت ئیسلامناسیدا، سه‌رنجه‌كانی به‌ هه‌ند وه‌رده‌گیرێن.
راپۆرت و وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی