زانکۆی سۆران، پڕۆژەی کردنەوەی دوو فاکەڵتی لە قەزاکانی چۆمان و مێرگەسۆر ده‌كاته‌ بڕیار

CH

لە چوارچێوەی پلانی درێژخایەنی زانکۆی سۆراندا، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بریتی بووە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان زانکۆ و کۆمەڵگه‌، شاندێکی باڵای زانکۆی سۆران کە پێک هاتبوو لە بەڕێزان "د.موسلیح مستەفا" سەرۆکی زانکۆ و "د.ڕوشدی سەمەد" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی و "د.یادگار ڕەسوڵ" یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و"د.کەمال عۆدیشو" سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی زانستی و کۆمەڵێک لە ستافی ئەکادیمیی زانکۆ، سەردانی قایمقامییەتی قەزای چۆمان و چەند دامودەزگایەکی ئەکادیمی و پەروەردەییان کرد.

لە دانیشتنێکدا لە دیوانی قایمقامییەت سەرۆکی زانکۆ پەیامی بڕیاردانی کردنەوەی فاکەڵتییەکی لە چوارچێوەی پێویستیی دەڤەرەکە بە ئامادەبووان ڕاگەیاند،کە بووە مایەی دڵخۆشیی تێکڕای ئامادەبووان و بە بڕیاڕێکی مێژووییان وەسف کرد لە بردنە پێشەوەی ڕەوتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە دەڤەرەکە. هاوکات لایەنە ئامادەبووەکان ئامادەیی هەر جۆرە هاوکارییەکیان نیشاندا. هەروەها بڕیاریشە لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا شاندەکە سەردانی قەزای مێرگەسۆر بکات و هەمان پەیام بە خەڵکی دەڤەری مێرگەسۆریش بدات.

وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د