د.عەلی تەتەر: شانازییە بۆ ئەم دەڤەرە كە خاوه‌نی زانكۆی سۆرانه‌ و له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ی به‌ده‌ست هێناوه‌

1

 ئەمڕۆ چوارشەممە رێكه‌وتی 25-3-2015، "د. عەلی تەتەر" ئه‌كادیمی و مامۆستای زانكۆ و به‌رپرسی لقی ده‌ی پارتی دیمۆكراتی كوردستان، لەگەڵ ستافێكی لقی 10 ی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە مەبەستی نیشاندانی رێز و پێزانین به‌رامبه‌ر به‌ زانكۆی سۆران و پێشكه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانی و پیرۆزبایی كردن لە ستافی زانكۆ، سەردانی زانكۆی سۆرانییان كرد و لە لایەن "د. موسڵیح مسته‌فا"سەرۆكی زانكۆی سۆران و یاریدەدەرانی سه‌رۆكی زانكۆوه‌، پێشوازییان لێكرا.

"د. عەلی تەتەر"، ئەكادیمی و مامۆستای زانكۆ له‌م سه‌ردانه‌یدا ڕایگەیاند:" ئەم پێشكەوتنە خێرایەی زانكۆی سۆران دەستكەوتێكی گەورەیە و سەرەتا پیرۆزبایی لە خۆمان و لە ئێوە و تەواوی دەڤەری سۆران دەكەین، دڵنیایین ئەو سەركەوتنە بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە". بەرپرسی لقی 10 ی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژەی بەوەشكرد :"ئێمە هەست بە دڵخۆشی دەكەین كە زانكۆیەكی وا لە شوێنێكی وەكو سۆران هەیە و لەم ئاستە پێشكەوتنەی خوێندن و بەرەو پێشچووندایە، كە لە ناوچەكەدا نموونەی كەمە". گوتیشی دەست خۆشی و پیرۆزبایی لە ستافی زانكۆ و مامۆستایان دەكەم، كە تواندراوە لە ماوەیەكی كەمدا، زانكۆی سۆران لە ڕیزبەندی زانكۆكانی هەرێم پلەی سێیەم وەربگرێت. هه‌ر له‌م دیداره‌دا "د. موسڵیح مستەفا" وێڕای سپاس كردن له‌و پیرۆزبایی و پێزانینه‌ی به‌ڕێزیان، ئاشكرایكرد كە سەركەوتنە بەردەوامەكانی زانكۆی سۆران، پەیوەندی بە ستافی زانكۆ و شێوازی كاركردنی تایبەت بە زانكۆ هەیە. هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئاماژه‌شی به‌وه‌ دا، كه‌ دام و دەزگاو خەڵكانی دەڤەرەكەش هاوكارمان بوونە لەسەر خستنی كارەكانمان و بەو پەڕی هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ زانكۆی سۆران كراوە.

راپۆرت: توانا ته‌ها

 وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د