کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆی سۆران خۆبه‌خشانه‌ یارمەتی ئاواره‌كان ده‌ده‌ن

1S

ساڵی ڕابردوو دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش توانی دەست بەسەر بەشێکی زۆری وڵاتی عێراقدا بگرێت و بەم هۆیەشه‌وە ژمارەیەکی زۆری خەڵک ئاوارەی کوردستان بوون. شاری سۆرانیش باوەشی بۆ ژمارەیەک لە ئاوارەکانی موسڵ کردەوە.

کۆمەڵێک مامۆستای زانکۆی سۆران بە هانای ئاوارەکانەوە چوون و  دەستی یارمەتییان بۆ درێژ کردن. یارمەتیدانەکە بریتیبوو لە پەروەردەکردنی منداڵانی ئاوارەکان و پێدانی چەند یارمەتییەکی ماددیش.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاری پێویست لەسەر کارە خێرخوازییەکە، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ یەکێک لە بەژداربووانی کارەکە بە ناوی "سایمۆن سێوێک" کرد. سایمۆن ئێستا مامۆستایە لە فاکەڵتی ئاداب. سەرەتا پرسیاری ئەوەمان لێکرد کە چی وای لێکردی  بەم کارە هەڵسێت. لە وەڵامدا ووتی: "کاتێک کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو هاتمە کوردستان بیستم، کە داعش بووه‌تە هۆی ئاوارەبوونی خەڵکێکی زۆری ئاشوری و کوردی شەبەک. پاش ئەوەی سەردانی ئاوارەکانم کرد بۆم  دەرکەوت، کە منداڵ و گه‌نجه‌كان پەروەردەی پێویستیان پێناگات، بۆیە بە یارمەتی ڕاگری فاکەڵتی ئاداب (د. قەیس کاکل) توانیمان هەفتەی دوو جار مامۆستاکان بنێرینە لای ئاوارەکان تا فێری زمانی ئینگلیزیان بکەن."

سەبارەت بە ئامانجی سەرەکییان لە ئەنجامدانی ئەم کارە خێرخوازیەدا، بەڕێز سایمۆن ووتی: "مەبەستی سەرەکیمان بریتیبوو لەوەی کە ڕێگە بە مندالەکان بدەین ببنە منداڵ. هەروەها بۆ ئەوەی یارمەتییان بدەین لە یادکردنی ئەو کارەساتەی بەسەریان هاتووە (تەنانەت ئەگەر بۆ چەند کاتژمێرێکیش بێت). دوایین مەبەستیش بریتییە لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی."

لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا، بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر کارەکەیان و تەنانەت لە هەوڵی بەردەوامدان تاوەکو کار بۆ پیاوەکانی خێزانە ئاوارەکان بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەم دۆخه‌ ڕزگاریان بێت.

ڕاپۆرت: کاروان فەیزی دری