خوسره‌و جاف: هونه‌ر له‌ شاره‌كانی كوردستاندا ئاماده‌ییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌

1

رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 22/4/2015 كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ 117 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی، له‌ فاكه‌ڵتی ئاداب به‌ ئاماده‌بوونی " د. روشدی صه‌مه‌د" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری كارگێڕی و دارایی و " د.یادگار ره‌سوڵَ" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری قوتابییان و "كرمانج عزه‌ت" قائیمقامی سۆرا ن و "حكیم تێلی" سه‌رۆكی شاره‌وانی سۆران" و "د. قه‌یس كاكل" راگری فاكه‌ڵتی ئاداب و "د. دارا جاف" راگری پێشووی كۆلێژی په‌وره‌رده‌ی سۆران و ژماره‌یه‌كی به‌رچا و له‌ مامۆستایان و قوتابییان، چه‌ند چالاكییه‌ك به‌ڕێوه‌ چوون، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پێشاندان و خستنه‌ رۆژه‌ڤی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ندازیاری و هونه‌رییه‌كانی نووسه‌ر و ئه‌ندازیار"خوسره‌و جاف".

خوسره‌و جاف كه‌ له‌ سه‌ر بانگێشتكردنی هه‌ردوو به‌شی جوگرافیا و كوردی له‌ فاكه‌ڵتی ئاداب، سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كردبوو، به‌شێك له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانی خۆی پیشانی ئاماده‌بووان دا. له‌ به‌شێك له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا و له‌ سه‌ره‌تادا، پێشانگایه‌كی وێنه‌یی تایبه‌ت به‌ تابلۆ هونه‌رییه‌كانی كرده‌وه‌، دواتر له‌ هۆڵی سیمیناری فاكه‌ڵتی ئاداب، له‌ چوارچێوه‌ی فیلمێكی 30 خوله‌كیدا، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر پڕۆژه‌ی "مۆنیۆمێنتی شه‌هیدانی كوردستان" و له‌ ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌ هونه‌ری و ئه‌ندازیارییه‌كانه‌وه‌، بۆ ئاماده‌بووانی خسته‌ به‌ر چاو. دواتر به‌ڕێزیان وتارێكی پێشكه‌ش كرد. له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌كه‌یدا خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی بۆ ئاماده‌بوون له‌ زانكۆی سۆران و وێڕای سوپاس له‌ پێشوازی و میوانداری زانكۆ، خۆشحاڵی خۆیشی ده‌ربڕی بۆ ئاماده‌بوون له‌ به‌رده‌م قوتابییان و له‌م باره‌وه‌ باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ قوتابییان توێژێكی زۆر گرنگن و پێویسته‌ سه‌رنجی زیاتریان بدرێتێ‌. دواتر په‌رژایه‌ سه‌رنجی چه‌ند لایه‌نێكی رۆشنبیری كوردی و په‌نجه‌ی خسته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌م و كورتییانه‌ی كه‌ له‌م بوارانه‌دا له‌ ئارادان، به‌ تایبه‌تی له‌ رووی شیعر و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و وه‌رگێڕان. له‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانیدا، ناوبراو باسی له‌وه‌ كرد كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌ ناو فه‌زای شاره‌كانی كوردستان، هونه‌ر زۆر هه‌ژاره‌ و ئاماده‌ییه‌كی ئه‌وتۆی نییه‌. دوابه‌دوای وته‌كانی ناوبراو، مامۆستایان و قوتابییانی ئاماده‌بووی كۆڕه‌كه‌، سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی خۆیانیان هێنایه‌ گۆڕێ‌ و له‌ لایه‌ن به‌ڕێزیانه‌وه‌ وه‌ڵام و روونكردنه‌وه‌ی پێویستیان درایه‌وه‌.

راپۆرت و وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی