سه‌ركه‌وتنی قوتابییه‌كی زانكۆی سۆران له‌ پێشبڕكێیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی

Sliderr

 

دوای ئه‌وه‌ی كه‌ قوتابی قۆناغی یه‌كه‌می په‌روه‌رده‌ی وه‌رزشی له‌ فاكه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی سۆران ئاكار شێرزاد "گه‌شه‌" به‌شداری له‌ چه‌ند كێبڕكێیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی كرد و توانی پله‌یه‌كی باش به‌ده‌ست بێنێ، هه‌روا به‌رده‌وامه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی.

قوتابی ناوبراو دوای راهێنانێكی تێر و ته‌سه‌ل له‌ لایه‌ن مامۆستای سه‌رپه‌رشتیارییه‌وه‌"م. شه‌ماڵ هه‌مزه‌ چۆمانی"، له‌ رێكه‌وتی 25/5/2015 به‌ به‌شداری بیست هه‌زار راكه‌ر له‌ ماراتۆنێكی 10 كیلۆمه‌تریدا له‌ وڵاتی یۆنان،توانی پله‌ی سێیه‌م به‌ده‌ست بێنێ و ماوه‌كه‌ به‌ 40:30 خوله‌ك ببڕێت.
هه‌ر له‌ پێوه‌ندی له‌ گه‌ڵ به‌رنامه‌ و پێشبڕكێی داهاتووی "گه‌شه‌"، مامۆستا شه‌ماڵ به‌ ماڵپه‌ڕی زانكۆی راگه‌یاند، كه‌ وا بڕیار بوو مانگی پێنج له‌ مارتۆنی نێوده‌وڵَه‌تی هامبۆرك به‌شدار بین، به‌ڵام به‌ هۆی تاقیكردنه‌وه‌كانه‌وه‌ نه‌مانتوانی، بۆیه‌ له‌ ئێستادا خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردنین بۆ به‌شداری له‌ ماراتۆنی نێوده‌وڵه‌تی به‌رلین له‌ مانگی نۆی ئه‌مساڵ. هه‌ر له‌ درێژه‌دا مامۆستا شه‌ماڵ باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی سه‌ركه‌وتن له‌و پێشبڕكێیه‌، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ راهێنانه‌كانمان. له‌ لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ به‌ڕێزیان زۆر سپاسی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران و به‌ تایبه‌ت سه‌رۆكی زانكۆی سۆران به‌ڕێز"د. موسڵح مسته‌فا"ی كرد، كه‌ زۆر یارمه‌تیده‌ر و هاوكار بوون، له‌ یارمه‌تیدانی قوتابی"گه‌شه‌".
شایه‌نی باسه‌ كه‌ گه‌شه‌ ساڵی پاریش له‌ هه‌ردوو پاڵه‌وانێتی پالێرمۆ و كاتانیا له‌ ئیتالیا به‌شداری كردووه‌ و پله‌ی دووه‌م و سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا.