زانكۆی سۆران سه‌نته‌رێك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی جێنده‌ری ده‌كاته‌وه‌

Slider

 

رۆژی پێنج شه‌مه‌ ٤-٦-٢٠١٥ ، له‌ هۆتێلی چوارچرا له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ پسپۆرانی بواری جێنده‌رناسی و په‌رله‌مانتاران و چالاکانی بواری ئافره‌تان و نوێنه‌رانی دام و ده‌زگا حکومییه‌کان، له‌لایه‌ن زانکۆی سۆران و ئه‌نجوومه‌نی باڵای کارووباری خانمان به‌ مه‌به‌ستی دارشتنی کارنامه‌ی سه‌نته‌ری کوردستان بۆ جێنده‌رناسی له‌ زانکۆی سۆران، وۆرکشۆپێك به‌رێوه‌چوو . 

له‌ سه‌ره‌تای وۆرکشۆپه‌که‌دا له‌ لایه‌ن به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ره‌که‌ "د. فه‌ره‌نگیس قادری" پرێزنته‌یشنێك پێشکه‌ش کرا، که‌ تێیدا باس له‌ کار و پلان و ئامانج و شێوازی کارکردنی سه‌نته‌ره‌که‌ کرا. دواتر له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی ئاژانسه‌کانی ( UNDP) خاتوو "سندس عباس" و خاتوو "په‌خشان کاکه‌ وه‌یس" له‌ ( UN Women) باس له‌ گرنگی دامه‌زراندن و چۆنیه‌تی شێوازی کارکردنی ئه‌م سه‌نته‌ره‌ کرا. پاشان له‌ لایه‌ن ئاماده‌بووانی وۆرکشۆپه‌که‌وه‌، چه‌ندین پێشنیار بۆ ئه‌م سه‌نته‌ره‌ خرانه‌ به‌ر باس و لێكدانه‌وه‌.
شایه‌نی باسه‌ سه‌نته‌ری کوردستان بۆ جێنده‌رناسی، یه‌که‌مین سه‌نته‌رهی زانستیی و ئه‌كادیمییه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان، که‌ له‌ بواری جینده‌رناسی کار ده‌کات. ئه‌م سه‌نته‌ره‌ تایبه‌ت به‌ توێژینه‌وه‌یه‌، که‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی خوێندنی داهاتوو، به‌ هاوکاری ئه‌نجوومه‌نی باڵای کارووباری خانمان و هه‌ردوو رێكخراوه‌كانی ( UNDP) و (UN Women) به‌ فه‌رمی له‌ زانکۆی سۆران ده‌کرێته‌وه‌.
سه‌ره‌رای ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌ی زانستی، ئه‌م سه‌نته‌ره‌ له‌ بواره‌کانی مه‌شق و ڕاهێنان و ڕاپرسی و ئامار و داتا و زانیاری کۆکردنه‌وه‌ش، كار ده‌كات.

راپۆرت وێنه‌: جوان عه‌بدولا