زانكۆی سۆران سه‌ردانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كرد

Slider

 

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٦\٦\٢٠١٥، سه‌رۆكی زانكۆی سۆران "د. موسڵح مسته‌فا"، به‌ یاوه‌ری یاریده‌ده‌ر و ڕاگر و كارمه‌نده‌كانی زانكۆ، سه‌ردانی سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستانییان له‌ میحوه‌ری باشیك كرد. ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ كار و چالاكییه‌كانی زانكۆ بوو، بۆ پشتگیریكردن له‌ پێشمه‌رگه‌ و خه‌باتی پیرۆزیان له‌ پێناو كوردستان و پاراستنی سه‌روه‌ری و ئازادی ژیان. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ و هه‌ر له‌ میانه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌دا، كۆمه‌كی كارمه‌ندانی (زانكۆی سۆران)یان گه‌یانده‌‌ ده‌ست پێشمه‌رگه‌.

له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا، شاندی زانكۆ چاویان به‌‌ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان "لیوا موسا گه‌ردی" (له‌ فه‌رمانده‌ی هه‌ڵگورد) و "عه‌مید به‌هرام عه‌ریف یاسین" (له‌ لیوای حه‌وتی پیاده‌ی سۆران) كه‌وت و دواتر پۆلێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانیان له‌ ناو سه‌نگه‌ره‌كانیاندا به‌سه‌ر كرده‌وه‌. دوای به‌خێرهاتنیان، به‌ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ سوپاسی هاریكاری زانكۆی سۆران كرا و ئه‌م سه‌ردانه‌شیان به‌ پاڵپشتییه‌كی مه‌عنه‌وی وه‌سف كرد.
له لایه‌ن خۆشیانه‌‌وه‌، سه‌‌رۆكی زانكۆی سۆران جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگی خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ بۆ دابینكردنی ئارامیی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و دیسانه‌وه‌، ڕۆڵ و به‌رگری پێشمه‌رگه‌یان له‌ پاراستنی كوردستاندا وه‌كو قه‌ڵایه‌ك وێنا كرد، كه‌ تێیدا كه‌ش و هه‌وای ئازادی به‌رقه‌راره‌ و هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌مه‌یه‌، كه‌ زانكۆش ده‌توانێت به‌رده‌وام بێت له‌ شۆڕشی زانست و زانین.

وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی