ساڵێك دوای كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان

Untitled 1

 

د. موسڵح مسته‌فا، د. نه‌هرۆ زاگرۆس، د. تایله‌ر فیشه‌ر

دوای هێرشی دڕندانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ عێراق و شام(داعش) بۆ سه‌ر كوردستان و ئه‌نجامدانی چه‌ندین كۆمه‌ڵكوژی به‌رامبه‌ر به‌ خه‌لكی كوردستان و به‌ تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ كوردانی ئێزیدی له‌ شه‌نگال، پسپۆِران زانكۆی سۆران ئه‌وه‌نده‌ی بۆیان كرابێ هه‌وڵیان داوه‌، كه‌ به‌ شیكار و لێكدانه‌وه‌ بابه‌تی و زانستییه‌كانیان سه‌رنج بخه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ جۆراو جۆره‌كانی ئه‌و هێرشه‌ و ده‌نگی خه‌ڵكانی ئه‌م سه‌رزه‌وییه‌ له‌ گۆشه‌یه‌كی تره‌وه‌ به‌ دنیا بگه‌یه‌نن.

هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌ییه‌دا و له‌ تازه‌ترین نووسینی هاوبه‌شیاندا، هه‌ریه‌ك به‌ڕێزان"د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆران و "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی و "د. تایله‌ر فیشه‌ر" له‌ یه‌كه‌مین ساڵیادی كاره‌ساتی شه‌نگالدا له‌ وتارێكدا له‌ ماڵپه‌ڕِی به‌ناوبانگی (The Conversation)دا تیشكیان خستووه‌ته‌ سه‌ر ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كانی ئه‌م كۆمه‌ڵكوژییه‌.

له‌م وتاره‌یاندا نووسه‌ران به‌ شێوازێكی بابه‌تییانه‌ ئاماژه‌ به‌ هێرشه‌كانی داعش و كوشتن و به‌دیلگرتن و له‌ ناوبردنی خه‌ڵكانی دانیشتووی شه‌نگال ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ به‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی هێزه‌ كوردییه‌كانی وه‌ك پێشمه‌رگه‌ و یه‌كه‌كانی پاراستی گه‌ل و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ن، كه‌ دواجار توانییان به‌شێكی به‌رچاو له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ ناو كه‌مپه‌كان.

نووسه‌ران هه‌ر له‌ درێژه‌دا به‌ سه‌رنجدان له‌ هه‌ندێ به‌ڵگه‌ی مێژوویی سه‌باره‌ت به‌ ئێزیدییه‌كان و زوڵم و زۆره‌كانی سه‌ر سه‌ریان، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ناو ئایینه‌ جیاوازه‌كانی ناوچه‌ی مێزۆپۆتامیادا، ئێزیدییه‌كان هه‌میشه‌ زیاد له‌وانی تر له‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی زوڵم و زۆردا بوون و له‌م هێرشه‌ی داعشیشدا به‌ شێوازی جۆراوجۆر زوڵم و زۆریان به‌رامبه‌ر كراوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یاندا باس له‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئێزیدییه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر وڵات ئاماده‌یی خۆیان نیشان داوه‌ بۆ وه‌رگرتنی ئێزیدییه‌كان به‌ڵام به‌شێكی زۆریان وا به‌ باش ده‌زانن كه‌ له‌ عێراقدا بمێننه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی پاراستنی شوێنه‌ پیرۆزه‌كان و هه‌روه‌ها كولتوور و زمانیان.

ئه‌مانه‌ و چه‌ندین زانیاری به‌سوود له‌م وتاره‌دا خراونه‌ته‌ روو. بۆ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی كلیك له‌ سه‌ر ئه‌م لینكه‌ بكه‌:

https://theconversation.com/a-year-after-massacre-by-islamic-state-iraqs-yazidis-are-clinging-on-44494