د. موسڵح مسته‌فا: زانکۆی سۆران هەمیشە دەستپێشخەر بووە لە پەیڕەوکردنی ئەو بیروباوەڕەی کە پێیوایە زانست و زانین مەلحەمی برینەکانی کۆمەڵگەی ئێمەیە.

Dr Muslih


ده‌قی وتاری به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆی سۆران له‌ رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی

بەڕێزان، ئامادەبووانی مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی … به‌یانیتان باش
خۆشحاڵین لە مەراسیمێکی ئاوا شایستە و قەشەنگدا، یەکتر ببینین و دەرگا لەسەر یەکەمین سەنتەری جێندەرناسی لە کوردستان بکەینەوە. لەگەڵ دامەزراندنی ئەم سەنتەرە، مێژوویەک تۆمار دەکەین کە پڕە لە شانازی و سەروەری بۆ ئەم وڵاتە. ئەم سەنتەرە بە هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا/زانکۆی سۆران، هەروەها ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و وەزارەتی پلاندانان و هەردوو یوئێن دیپی (UNDP) و یوئێن ومێن (UNWOMEN) دامەزراوە. کاری سەرەکی ئەم سەنتەرە لە سێ تەوەردا خۆی دەبینێتەوە، کە بریتیین لە: ڕاهێنان و توێژینەوە و پێداچوونەوەی بڕیاری سیاسی و دادگایی.
خوشکان … برایان دامەزراندنی سەنتەری کوردستان بۆ جێندەرناسی، هەنگاوێکی گرنگە لە خەباتی ئەکادیمی و زانستی، بەڵام لێرەوە ئەرکێکی گەورە لە ئەستۆ دەگرین و سەرەتایەکی نوێتر لە شۆڕشی یەکسانی و دادوەریمان دەست پێدەکات. مەبەستی سەرەکی ئەم سەنتەرە گرنگیدانە بە خوێندنەوە و شیکردنەوە و دۆکیومێنیتکردنی کاری جێندەری لە کوردستان. سەنتەری کوردستان بۆ جێندەرناسی، وەکو ئەوەی لە ناوەکەیدا هاتووە، هەر لە سنووری سۆران و دەوروبەری ناوەستێت، بەڵکو لە هەموو کوردستان و لە نێو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا کار دەکات.
بەڕێزان … جێندەرناسی بوارێکی فرە دیسیپلینی ئەکادیمییە، کە لە ناوەڕۆکدا پێکهاتەی بوارەکانی وەکو کۆمەڵناسی و ئەنترۆپۆلۆجی و سایکۆلۆجی و مێژوو و زمانەوانی و هونەر و میدیا و جوگرافیا و زانستەکانی ڕامیارییە. لە هەموو ئەم بوارانەش، خوێندنەوە بۆ مرۆڤ دەکرێت بەبێ جیاوازی. بە داخەوە چەند ساڵیک بەر لە ئێستا، هەندێک لە کەسانی ناشارەزا لە ئەکادیمییا و مێژوو، بە هەڵە لێکدانەوەیان بۆ پەیڤی جێندەر کردبوو. لە ڕاستییدا، جێندەرناسی تەنها پەیوەستە بە خوێندنەوە بۆ ئاکار و بەرهەم و یاسا و مافی مرۆڤ. بەڵێ، جێندەرناسی، وەکو دیسیپلینی یاسا یان جوگرافیا، یان ئەندازە یان بەڕیوەبردن … هتد، بەشێکە لە بوارەکانی ئەکادیمییا و زانست و خوێندن؛ ئەم خوێندنەش تیشک دەخاتە سەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ.
هێژایان … لە پێناو پێشکەوتن و واڵاکردنی مۆدێرینیزم، زانکۆی سۆران هەمیشە دەستپێشخەر بووە لە پەیڕەوکردنی ئەو بیروباوەڕەی کە پێیوایە زانست و زانین مەلحەمی برینەکانی کۆمەڵگەی ئێمەیە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، زانکۆی سۆران گفتوگۆی لەگەڵ چەندین بیرمەندی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەنجامداوە بۆ دامەزراندنی سەنتەری جێندەرناسی و دەستکردن بە دیراساتی مەیدانی بۆ پرسەکانی جێندەر لە کوردستان. هەروەها هەوڵمانداوە چەندین میتۆد و یاسا و ڕێسای تایبەت بە جێندەرناسی شڕۆڤە بکەین، تا وانەی جێندەرناسی لەسەر ئاستی خوێندی باڵا بچەسپێنین. بێگومان ئێمە کۆپی پەیستی هیچ شوێنێک و کلتوور و بیروباوەڕێک ناکەین نامۆ بێت لەگەڵ داب و نەریتە جوانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، بەڵام بە پێویستی دەزانین خوێندنەوە بۆ تەواوی ئەزموونەکانی وڵاتانی دەوروربەر و ئەوروپا و ئەمەریکا بکەین، بەر لەوەی هەر واقیعێک بچەسپێنین.
خۆشەویستان … کوردستان لانەی پێکەوە ژیانی ئاینیی و مەزهەبی و کۆمەڵایەتی و زمانە جیاوازەکان بووە و شانازیش بەو هەمەڕەنگی و فرە فەرهەنگیەمانەوە دەکەین. هەر لە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەوە تا دەگاتە ڕۆژگاری ئەمڕۆ، ژن و پیاو بەیەکەوە کاریان کردووه‌ و ڕووبەڕووی کێشە و خۆشی و ناخۆشیەکانی ژیان بوونەتەوە. تەنانەت دوژمنانیشمان، کاتێک هێرشیان بۆ سەر وڵاتەکەمان هیناوە، جیاوازییان لە نێوان ڕەگەزی نێر و مێ نەکردووە و بە دڕندانەترین شێوە، ئازاری ژن و منداڵ و پیاوانی کوردستانیان داوە. بەڵام ئێمە هەر بەردەوام بووین لە پاراستنی بەهای مرۆڤ و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی؛ ژیار و ژیانی ئێمەش گەواهی ئەو ڕاستییەن.
ئامادەبووانی مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری کوردستان بۆ جێندەرناسی … کاتێک چەند کلیۆمەترێک لە دووری سنووری ئێمەدا، وەحشیانەترین تاوان بەرامبەر بە مرۆڤ دەکرێت، ئێمە بووین بە پەناگە و پاسەوانی هەزارەها پەنابەر و لێقەوماو. ساڵێک بەر لە ئێستا دەوڵەتی بەناو ئیسلامی (داعش)، بە سەدان ئافرەتی ئێمەیان کردە کۆیلە و لە بازاڕەکاندا بە ناتەندروسترین شێوە مامەڵە و کرین و فرۆشتنیان لەسەر دەکردن. تا ئێستاش چەتەکانی داعش لەسەر هێنانەوەی کۆیلایەتی و چەوساندنەوەی ئافرەت بەردەوامن و دەیانەوێت بەو تاریکپەرستیەی مێشکیان، مرۆڤایەتی لەناو ببەن. دەیانەوێت پیاوان بکەن بە دڕندە و مرۆڤکوژ، ئافرەتانیش بکەن بەو ئامرازەی حەز و ئارەزوو و خولیای شەهوانی موجاهیدەکانیان تێر دەکات. لە کاتێکدا جیهان بەرەو دونیای زانست و نوێبوونەوە و داهێنانی تەکنەلۆژیا هەنگاو دەنێت، ئەوان دەیانەوێت جەهالەت بەرپا بکەن و بەرەو مێژووێک بگەڕێنەوە کە دوورە لە هەموو پێشوەچوونێک.
ڕێزداران … چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ئاهەنگی ڕزگارکردنی (شنگال)مان گێڕا، کە زۆرێک لە برینەکانمان ساڕێژ کران، بەڵام تا ئێستاش ئازار دەچێژین بۆ ئەو خوشک و برا ئێزیدییانەی کەوتنە دەست دەوڵەتی بەناو ئیسلامی (داعش). حکومەتی هەرێم ماندونەناسانە و بوێرانە هەوڵی ئازادکردنی زۆرێک لە خوشکانی ئێمەی ئێزیدی داوە و ئازادیان کردوون. بەمەش نەوەستاوە، حکومەت ئەوپەڕی توانستی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ ئازادکردنی هەموو دیلەکانمان، کە جێگای ئەوپەڕی ستایش و شانازییە. دڵنیاین تاریکپەرستان جێگایان لە کوردستان نابێتەوە.
بەڕێزان … هێژایان ئێمە لە ڕێگای کردنەوەی سەنتەری کوردستان بۆ جێندەرناسی، پلانی تۆکمەمان داڕشتووە بۆ چێکردنی بڵندگۆیەک تا ببێتە دەنگی ڕاستەقینەی گرفتەکانی جێندەر لە کوردستان. هیوادارین هەموو لایەک هاوکار و پاڵپشتمانبن بۆ فراوانکردن و زیاتر ئاشناکردنی پرسەکانی جێندەرناسی لە کوردستان. وڵاتەکەی ئێمە بەوە ناسراوە، کە ڕۆژ بە ڕۆژ لەگەڵ ڕەوتی شارستانی و مرۆڤایەتی هەنگاو دەنێت و ڕابردووی ڕەش ڕاو دەنێت. ئێمە ناتوانین پێشەنگ بین لە داهێنان و زانست و زانین، ئەگەر بیر لە چارەسەری پرسەکانی کۆمەڵگەی خۆمان نەکەینەوە. بۆیە بە پێویستی دەزانین لە رێگای سەنتەری جێندەرەناسییەوە بە ڕاست و دروستی لە ڕەهەندەکانی جێندەر بڕوانین.
لە کۆتاییدا … ئومێدەوارین بتوانین سەرتایەک لە دیراساتی جێندەرناسی بهێنینە ئاراوە، کە ڕێگا خۆشکه‌ر بێت بۆ ئەو توێژەرانەی لە داهاتوودا لەسەر پرسی جێندەرناسی کاردەکەن. هیوادارین توێژینە و لێکۆڵینەوە زانستییەکانمان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی جێندەرناسی بێت و ئەزموونی ناوازەبن بۆ نەهێشتنی تاوان. دیسانەوە خوازیارین سەنتەرەکەمان ببێتە دەزگایەکی فرە ڕەهەندی پرسەکانی کۆمەڵایەتی بۆ ڕاوێژ و یاسا دانان لە دەستوور و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان. جارێکی دی، بەخێرهاتنتان دەکەین و پێزانینی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ ئامادەبوونتان و هەر بژین
زۆر سوپاس