قوباد تاڵه‌بانی: شاراوه‌ نییه‌، كه‌ زانكۆی سۆران یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ هه‌ره‌باشه‌كانی كوردستان

Qubad Talabany


"یه‌كسانی جێنده‌ر مافێكه‌ له‌ مافه‌ بنه‌ره‌تییه‌كانی مرۆڤ و چۆن وه‌كو گه‌ل و نیشتمان خه‌باتمان كردووه‌ بۆ به‌دیهێنانی مافی چاره‌نووس، ده‌بێت به‌ هه‌مان شێوه‌ و به‌ هه‌مان باوه‌ڕ خه‌بات بكه‌ین بۆ به‌دیهێنانی مافی یه‌كسانی جێنده‌ر و ئه‌مرۆ هه‌نگاوێكی  گرنگ ده‌نێین به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌"

له‌ رێكه‌وتی 2/12/2015 به‌ ئاماده‌بوونی ڕێزدار "قوباد تاڵه‌بانی" سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی كرایه‌وه‌. له‌م رێوڕه‌سمه‌دا به‌ڕێزیان وتارێكی پێشكه‌ش كرد، كه‌ سه‌رنجتان بۆ لای ده‌قی ئه‌و وتاره‌ راده‌كێشین.

 ئاماده‌بووانی به‌رێز به‌یانیتان باش
 به‌خێربێن بۆ ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌ر ناسی له‌ زانكۆی سۆران. جێگای خۆشحاڵیمه‌، كه‌ ئه‌مرۆ به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ پایته‌ختی میرنیشینی سۆران، له‌ شاری كه‌ڵه‌ژنی ناوداری كورد خانزادی میری سۆران، سه‌نته‌رێكی توێژینه‌وه‌ی جێنده‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌. له‌م ناوچه‌یه‌، كه‌ مێژووی ڕه‌سه‌نایه‌تی و ڕووڵی ژن له‌ كۆمه‌ڵگا و له‌ به‌رێوه‌بردن و ده‌سه‌ڵات له‌ خۆی ده‌گرێته‌وه‌ .
 ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی له‌سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س ولایه‌نانه‌ بكه‌م، كه‌ بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنی سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی له‌ زانكۆی سۆران یان هێنایه‌ دی. ، ده‌مه‌وێت ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رۆكی زانكۆی سۆران "د. موسڵح" بكه‌م، نه‌ك هه‌م بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێره‌ی كردووه‌ته‌ شوێنێك بۆ ئه‌م سه‌نته‌ره‌، به‌لڵام بۆ كاره‌ جوانه‌كانی و بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌م زانكۆیه‌، كه‌ شاراوه‌ نیه‌ یه‌كێكه‌ له‌ زانكۆ هه‌ره‌ باشه‌كانی كوردستان.
دیاره‌ ئه‌م دامه‌زراندنه‌ به‌بێ‌ كارو چاڵاكی پڕ به‌های وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و وه‌زاره‌تی پلاندانان و سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران و به‌بێ‌ هاوكاری و پشتگیری ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و هاوكاری ئاژانسه‌كانی (UNWOMAN ،UNDP) نه‌ده‌هاته‌ دی. كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌رێكی وا له‌م هه‌لومه‌رجه‌ سه‌خته‌ ئابوورییه‌دا، ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌وه‌ی كه‌ گرفتی ئابووری، كه‌ گرفتێكی گه‌وره‌ی كوردستان و گرفتێكی مه‌ترسیداریشه‌، به‌ربه‌ست نه‌بووه‌ له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانمان به‌ره‌و گه‌شه‌پێدان و به‌هێزكردنی یه‌كسانی جێنده‌ر، كه‌ ئامانجێكی گرنگی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌. یه‌كسانی جێنده‌ر، یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست و پێشكه‌وتوو . ئه‌گه‌ر ڕاستیتان ده‌وێت، ئێمه‌ له‌ كوردستان له‌م بواره‌دا، زۆرمان ماوه‌. هیوادارم كه‌ ئه‌م سه‌نته‌ره‌ هاوكارمان بێت، چ وه‌ك حكومه‌ت چ وه‌كو كۆمه‌ڵگا، باشتر تێبگه‌ین له‌ كاریگه‌رییه‌كانی و له‌ گرنگییه‌كانی یه‌كسانی جێنده‌ر له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی سیاسی و  ئابووری كۆمه‌ڵگای كوردستان.
پسپۆڕه‌ جیهانییه‌كان له‌ جێنده‌ر ناسی، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ نه‌بوونی هاوسه‌نگی جێنده‌ر زیان ده‌گه‌ینێت به‌ باری ئابووری وڵات . نه‌بوونی هاوسه‌نگی له‌نێو ژن و پیاو، چ له‌ هێزی كار و چ له‌ كه‌رتی حكومی و چ له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا ڕاستیه‌كه‌، كه‌ ئێمه‌ ده‌بێت دانی پێدابنێین. ڕاستییه‌كه‌ كه‌ رۆڵی ژن له‌ ساحه‌ی سیاسی كوردستان و كایگه‌ری ژن له‌سه‌ر سیاسه‌تی گشتی كوردستان، سنورداره‌. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌كه‌، كه‌ ته‌نها كوردستانی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو ته‌واوی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راستی گرتووه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئێمه‌ نابێت ئه‌وه‌ بكه‌ین به‌ بیانوو بۆ كارنه‌كردن. ئێمه‌ له‌وه‌ باشترین.
له‌هه‌موو قوناغه‌كانی زانكۆ تاكو په‌روه‌رده‌ش، رێژه‌یه‌كی باشی خوێندكار و قوتابی، كچن. به‌ڵام رێژه‌یه‌كی كه‌متریان ده‌بینین له‌ هێزی كاردا. ئه‌مه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌، كه‌ تاكو ئێستا بازار و ئابووری كوردستان، نه‌یتوانیوه‌ به‌ته‌واوی سوود له‌و ئافره‌ته‌ ده‌رچووانه‌ی قوتابخانه‌ و زانكۆكانمان وه‌ربگرن.
كه‌ به‌سه‌ر پێوه‌ سه‌یری ئاماره‌كان بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ رێژه‌یه‌كی باشی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژنن. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم پتر له‌ سه‌دا سی و پێنجه‌. به‌ڵام كه‌ به‌ وردی ژماره‌كان شیده‌كه‌یته‌وه‌، بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌، كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌می ئه‌و ژنانه‌ له‌ پۆستی باڵا یان له‌ پۆستی جێبه‌جێكاریدان و زۆربه‌یان له‌ پۆستی كارگێرین و له‌ ئاستێكی نزمدان. له‌ چوارسه‌د و یازده‌ هه‌زار پۆستی باڵا و له‌ناو حكومه‌ته‌كه‌مان ته‌نها سی و هه‌شت ژنمان هه‌یه‌. له‌نێو ئه‌م هه‌موو وه‌زیره‌ به‌رێزانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، تاقانه‌یه‌كمان هه‌یه‌. خۆشحاڵیشم كه‌ لێره‌ به‌شداریشه‌ له‌گه‌ڵمان. كه‌ ته‌ماشای پارێزگار و قایمقامه‌كان ده‌كه‌ین، ژماره‌كان خراپتریشن. راسته‌ ئێره‌ پاریس نییه‌، راسته‌ ئێره‌ سویسرا نیه‌، ئێره‌ كوردستانه‌ و رۆڵی جێنده‌ر له‌ ناو ماڵ و بیئه‌ی سیاسیمان، له‌به‌ر چه‌ند بۆچوونێكی كونه‌په‌رستی و مه‌حافزه‌كارانه‌ سنووردار كراوه‌. له‌ناو به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگامان، قبووڵ كراوه‌، كه‌ پیاو سه‌رچاوه‌ی داهاتی بنه‌ماڵه‌كه‌یه‌ و ژن و پیاو رووڵی ته‌واوكه‌ری یه‌كتری ئه‌بینن، نه‌ك هاوسه‌نگی له‌ به‌رپرسیاره‌تی یان رۆڵی له‌ ژیانی رۆژانه‌یان. بۆچوونێك له‌ كوردستان زاڵه‌، كه‌ ده‌بێت كچ شوو بكات و رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی به‌خێوكردنی منداڵه‌كانییه‌تی و رێكخستنی ناو ماڵه‌. به‌رێزان ئه‌م بۆچوونانه‌ هه‌ڵه‌ن، هی سه‌رده‌مێكی دیكه‌ن و بۆچوونی ڕه‌سه‌نی كوردیش نین. له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌مان ئه‌م بۆچوونانه‌ هه‌رگیز زاڵ نه‌بوونه‌. له‌ مێژووی كوردستان، هاوسه‌نگیه‌كی زۆر زیاتر هه‌بووه‌ له‌ نێوان ژن و پیاو له‌چاو ئێستادا.
دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌، چه‌ندین رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی و بانكی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و... هیتریش، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ یه‌كسانی جێنده‌ر گرنگه‌ بۆ حوكمڕانی درووست، گرنگه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری وڵات، گرنگه‌ بۆ نه‌هێشتنی رێژه‌ی بێكاری و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری. سیاسه‌تی جێنده‌ری كوردستان، كه‌ به‌شێكی زۆری له‌ پلان و ستراتیجییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان دارێژراوه‌، ده‌ستپێكێكی باشه‌ و جێگای شانازیمانه‌ كه‌ تێكڕای ئه‌و یاسایانه‌ له‌ ساڵانی رابردوو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ په‌سه‌ندكراون، له‌ هه‌موویان گرنكتر هه‌مووار كردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی و یاسای رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی توندو تیژی خێزان له‌ هه‌رێمی كوردستان. به‌ڵام ده‌بێت به‌ كردار ئه‌م یاسایانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین. ده‌بێت پێكه‌وه‌ ژن و پیاو، حزبی سیاسی و حكومه‌ت، رێكخراوی ناحكومی و به‌تایبه‌ت چالاكوانی بواری ژنان و به‌پشتگیری كه‌سانی ئاینی و ریشسپی دێ‌ و عه‌شیره‌ته‌كانمان، به‌رپرس بین بۆ به‌دیهێنانی به‌شداربوونێكی زیاتر و به‌رچاوتری ژنان له‌ پرۆسه‌ی بریاردان. ئه‌مه‌ پێویستی به‌ گۆڕانكارییه‌كی ریشه‌ییه‌ له‌ بیركردنه‌وه‌مان و له‌ فه‌رهه‌نگی كارمان. ئه‌م گۆڕانكاریه‌ ده‌بێت له‌سه‌ره‌وه‌ پاڵی پێوه‌نرێت و له‌ ئاسته‌كانی تریش پشتگیری بكرێت. ده‌بێت له‌ په‌روه‌رده‌ی بنه‌ڕه‌تییه‌وه‌ ده‌ست پێبكات و له‌ بازاڕی كار و له‌ حوكمڕانیدا، خۆی ببینێته‌وه‌. رۆڵی چالاكوان و پشتیوانانی مافه‌كانی ژنان و كچان گرنگه‌، به‌ڵام به‌بێ‌ پشتگیری پیاو و كۆمه‌ڵگا به‌گشتی، به‌ ته‌نها پێیان ناكرێت. گۆڕانكاری له‌م كه‌مووكورتیه‌مان له‌ كاتێكدا ده‌بێت، كه‌ ژن ده‌ورێكی به‌رچاوتر ببینێت له‌ بواری سیاسی و حوكمڕانیدا. لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانمان ده‌بێت به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و هاوسه‌نگییه‌كی باشتر دروستبكه‌ن له‌ هه‌موو ئاسته‌كانیاندا. ڕاسته‌ هه‌ندێك حزب له‌ هه‌ندێكی دیكه‌ باشترن .لێره‌دا ناچمه‌ ناو ئه‌و ورده‌كارییانه‌ و باسیان ناكه‌م، به‌ڵام له‌ باشوری كوردستان سیاسه‌ت وه‌ك یارییه‌كی پیاوان مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. له‌م باره‌یه‌وه‌ ئێمه‌ ده‌یان ساڵ له‌ دوای پارته‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كانی توركیاین. له‌وێ‌ به‌چاوی خۆم بینیومه‌ چ رێزێك له‌ كادیره‌ ژنه‌كانیان ده‌گیرێت وه‌  زۆریان ئه‌گه‌نه‌ ئاستی به‌رپرسیاره‌تی. ئێمه‌ له‌ كوردستان خۆمان له‌ زۆر ئاستدا پێشكه‌وتووین، له‌ بیناسازی و رێگاو بان و له‌ دامه‌زراندنی داموده‌زگا و له‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و له‌ شته‌كانی تریشدا، به‌ڵام له‌ هه‌ندێك بواردا ئێمه‌ له‌ چاو خۆماندا دواكه‌وتووین. كه‌ دێته‌ سه‌ر رۆڵی ژن له‌ كۆمه‌ڵگا یان له‌ سیاسه‌ت یان له‌ بینینی ده‌وری به‌رچاو له‌ به‌رێوه‌بردن، ئێمه‌ له‌ ئاستَێكدا نین، كه‌ من بڵێم شانازی پێوه‌ده‌كه‌ین. له‌ حكومه‌ت، باوه‌رمان به‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌رفه‌ت بره‌خسێت بۆ هه‌ردوو ره‌گه‌ز و به‌بێ‌ جیاوازی سوود له‌ خوێندن و خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ربگیرێت و هه‌مان ده‌رفه‌تیان هه‌بێت تا ده‌گاته‌ ئاستی ناوه‌ندی بڕیار.
 سه‌نته‌ری كوردستان بۆ جێنده‌رناسی ده‌توانێت ده‌ورێكی كاریگه‌ر و به‌رچاو ببینێت له‌ گۆڕینی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌مان. هیوادارم زوو زوو ده‌وره‌مان بۆ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئێمه‌مانان و زوو زوو ده‌وره‌ بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی لایه‌نه‌كانیش. هیوادارم ئه‌م سه‌نته‌ره‌ ببێت به‌پاڵنه‌رێك بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی په‌راوێزخستنی ژنان و نه‌هێشتنی توندو تیژی دژی ژنان و هاوكارمان بێت بۆ به‌دیهێنانی سه‌ركه‌وتنی زیاتر له‌ ئامانجه‌كانمان، كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌یه‌كسانی جێنده‌ر. یه‌كسانی جێنده‌ر مافێكه‌ له‌ مافه‌ بنه‌ره‌تییه‌كانی مرۆڤ و چۆن وه‌كو گه‌ل و نیشتمان خه‌باتمان كردووه‌ بۆ به‌دیهێنانی مافی چاره‌نووس، ده‌بێت به‌ هه‌مان شێوه‌ و به‌ هه‌مان باوه‌ڕ خه‌بات بكه‌ین بۆ به‌دیهێنانی مافی یه‌كسانی جێنده‌ر و ئه‌مرۆ هه‌نگاوێكی گرنگ ده‌نێین به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه‌.
 هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم. ده‌ستخۆشیتان لێده‌كه‌م و هه‌ر شاد و سه‌ركه‌وتوو بن
 سوپاس