چین و توێژ و دامه‌زراوه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران سه‌ركه‌وتنی زانكۆی سۆرانیان پیرۆز كرد

SU Acknowledged


"زانكۆی سۆران ئومێدیكی مه‌زنه‌ بۆ كوردستان به‌ گشتی و ده‌ڤه‌ری سۆران به‌تایبه‌تی"
دوای راگه‌یاندنی ریزبه‌ندی نیشتمانی زانكۆكانی كوردستان له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا وتوێژینه‌وه‌ی زانستی و جێگرتنی زانكۆی سۆران له‌ ریزی یه‌كه‌مین گرووپی باشترین زانكۆكانی كوردستان، شه‌پۆلێكی مه‌زن له‌ خۆشحاڵی و ناردنی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ی زانكۆی سۆران كران.

به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ چین وتوێژ و دامه‌زراوه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و قوتابییان، رێكه‌وتی 13/12/2015 به‌ مه‌به‌ستی پیرۆزبایی كردن له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران، سه‌ردانی زانكۆیان كرد و له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان"د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆ و "كرمانج عیزه‌ت" قایمقامی قه‌زای سۆران و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و راگری فاكه‌ڵتییه‌كان و ستافی سه‌رۆكایه‌تی زانكۆی سۆران، پێشوازییه‌كی گه‌رمیان لێ كرا.
له‌م سه‌ردانانه‌دا، كه‌ تا كاتژمێر  2ی پاش نیوه‌ڕۆ درێژه‌یان كێشا، میوانان وێڕای پیرۆزبایی كردن له‌ سه‌ركه‌وتنی زانكۆی سۆران، له‌ جێگرتنی له‌ ریزی گرووپی باشترین زانكۆكانی كوردستان، ئاماژه‌یان به‌وه‌ دا، كه‌ زانكۆی سۆران له‌ ماوه‌ی كه‌می ته‌مه‌نیدا سه‌لماندوویه‌تی ده‌توانێ ئومێدێكی مه‌زن بێت بۆ كوردستان به‌ گشتی و ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ تایبه‌تی. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شیان به‌وه‌ دا، كه‌ بوونی ئه‌و زانكۆیه‌ و چالاكی و به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی، گڕوتینێكی دیكه‌یان خستووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات، ئه‌وا ده‌ڤه‌ری سۆران و زانكۆی سۆران، ده‌بنه‌ ناوه‌ندێكی گرنگ و دره‌وشاوه‌ له‌ هه‌رێمدا.
شایه‌نی باسه‌ دوابه‌دوای ئه‌م سه‌ردانانه‌، ئه‌نجوومه‌نی زانكۆ كۆبووه‌وه‌ و وێڕای ده‌ربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پیرۆزبایی چین و توێژه‌ جیاوازه‌كان، ئه‌م سه‌ردان و پیرۆزباییانه‌ی به‌رز نرخاندن و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ركی زانكۆ و ستافی زانكۆ قورستر ده‌كات و هه‌ر ئه‌مه‌ش وا ده‌كات، كه‌ به‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسیارییه‌وه‌، هه‌وڵه‌كانمان چڕ بكه‌ینه‌وه‌ و ماندوونه‌ناسانه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبڕین و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بڕۆین، تا له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانی خه‌ڵكانی دڵسۆز و خه‌مخۆری كوردستان به‌ گشتی و ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ره‌نگینه‌دا بین.
وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د، رۆژهات مه‌هدی