زانكۆی سۆران بڕوانامه‌ ده‌به‌خشێته‌ به‌شداربووانی وۆركشۆپێكی تایبه‌ت به‌ راهێنانی تواناكانی قوتابییان

Workshop Certificate


پاش ئه‌وه‌ی چل قوتابیی زانكۆی سۆران له‌ حه‌فته‌ی رابردوودا، به‌شداریان كرد له‌ وۆركشۆپێكی هاوبه‌شی دوو رۆژه‌ی زانكۆی سۆران و رێكخراوی ئارێكسی ئه‌مریكی له‌ ژێر ناونیشانی(به‌ره‌وپێشبردنی به‌هره‌و توانا كه‌سییه‌كان بۆ سه‌ركه‌وتن دوای ده‌رچوون له‌ زانكۆ)، كه‌ سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی كار له‌ زانكۆی سۆران، به‌رێوه‌ی ده‌برد، رۆژی چوارشه‌ممه‌ رێكه‌وتی 16/12/2015 له‌ سه‌نته‌ری  كڵاد و له‌ رێوره‌سمێكی تایبه‌تدا، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا " سه‌رۆكی زانكۆ  و یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و راگرانی فاكه‌ڵتییه‌كان، براوانامه‌ی پێشكه‌شكار و به‌شداربوون به‌خشرایه‌ ئه‌و مامۆستا و قوتابییانه‌ی، كه‌ له‌ وۆركشۆپه‌كه‌دا به‌شدار بوون.

له‌سه‌ره‌تای رێوڕه‌سمه‌كه‌دا، سه‌رۆكی زانكۆ په‌یڤێكی كورتی پێشكه‌شكرد. له‌ په‌یڤه‌كه‌یاندا، به‌ڕێزیان وێرای ده‌ستخۆشی له‌ سه‌رپه‌رشتیارانی ئه‌م  وۆركشۆپه‌، پیرۆزبایی له‌ به‌شدارانی وۆركشۆپه‌كه‌ كرد و هیوای خواست كه‌ قوتابییانی به‌شداربوو، سوودیان له‌ زانیارییه‌كان و مامۆستاكان وه‌رگرتبێت و له‌ قوناغی دوای زانكۆ، ببێته‌ رێنیشانده‌ریان و  بتوانن خۆیان به‌ڕێوه‌ببه‌ن و ئاستی متمانه‌  به‌ خۆبوونیان ببه‌نه‌ سه‌ر و دواجار سوود به‌ كۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نن و ببن به‌ كه‌سانی خاوه‌ن كار وبڕیار .
دواتر له‌ لایه‌ن سه‌رۆكی زانكۆ و یارده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و راگرانی فاكه‌ڵتییه‌كان، بڕاوانامه‌ی به‌شداربوون له‌ وۆركشۆپه‌كه‌، به‌خشرایه‌ مامۆستاو قوتابییان.
شایه‌نی باسه‌ ئه‌م وۆركشۆپه‌، كه‌ به‌هاوبه‌شی له‌ نێوان زانكۆی سۆران و رێكخراوی ئارێكسی ئه‌مریكی و به‌ پاڵپشتی راسته‌وخۆی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق، به‌ڕێوه‌چوو، له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ و ستراتیژی سه‌نته‌ری گه‌شه‌پێدانی كاری زانكۆی سۆراندایه‌، له‌ پێناوی راهێنانی هه‌رچی زیاتری قوتابییان بۆ بوون به‌ به‌شێك له‌ هێزی كاریگه‌ری كار له‌ كوردستان، دوای ده‌رچوونیان له‌ زانكۆ.
راپۆرت و وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی