قونسولی گشتی كۆماری توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی زانكۆی سۆرانی كرد

Turkish Consul At SU

 

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠١٦/١/١٧، بەڕێز "مەهمەت ئاکیف ئینام"، قونسولی کۆماری تورکیا، بە یاوەری شاندێک  سەردانی (زانکۆی سۆران)یان کرد و لە لایەن بەڕیز "د. موسلیح مستەفا"، سەرۆکی زانکۆی سۆران و یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، پێشوازیان لێکرا.

لە سەرەتادا بەڕێز سەرۆکی زانکۆی سۆران، بە ناوی سەرۆکایەتی و ستافی ئەکادیمیی زانکۆوە بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد. سەردانەکەی قونسول و شاندی ناوبراو پەیوەست بوو بە سێ تەوەر: یەکەم، گفتوگۆکردن لەسەر پەیوەندی ئەکادیمی و ڕۆشنبیری لە نێوان زانکۆی سۆران و زانکۆ و دەزگا ئەکادیمی و زانستییەکانی تورکیا، بە هەماهەنگی قونسولی تورکیا لە هەرێمی کوردستان؛ دووەم، سەردانی هەردوو کەمپەسی زانکۆی سۆران لە دێلزیان و بەنی باپشتیان؛ سێیەم، پێشکەشکردنی سیمینارێک لەسەر ڕەوشی ڕامیای و ئابووری ناوچەکە و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا.

    لە سەره‌تای کۆبوونەوەکەی شاندی قونسولی تورکیا، باس لەو پەیوەندییە ئەکادیمییانە کرایه‌وه‌، کە زانکۆی سۆران لەگەڵ هەندێک لە زانکۆکانی تورکیا ئەنجامی داون. دواتر گفتوگۆ لەسەر ئەو میکانزمە کرایه‌وه‌، کە چۆن ئەو پەیوەندییانە پەرەیان پێبدرێت و بەرەو ئاستێکی فراوانتر و باڵاتر ببردرێن. لە لایەن خۆیەوە، بەڕێز قونسولی گشتی، بەڵێنی هاوکاری زیاتری خۆیانیان دووپات کردەوە و سۆزی ئەوەیان دا، کە ئەوان لەمەودوا زیاتر کارئاسانی یاسایی بۆ پڕۆژەکانی زانکۆی سۆران دەکەن. هەروەها بۆ پتەوکردنی پەیوەندی ڕۆشنبیری و زانستی، شاندی ناوبراو داوایان لە سەرۆکایەتی زانکۆی سۆران کرد، کە وەکو ڕاوێژکار و ڕێنماییکار بەرچاوڕوونی بدەنە قونسولخانە  بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی.

    دواتر شاندی قونسولخانەی گشتی کۆماری تورکیا سەردانی کەمپەسەکانی زانکۆیان کرد و لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو پڕۆژانە بوون، کە زانکۆی سۆران دەیەوێت ئەنجامیان بدات بۆ دروستکردنی ژینگەیه‌كی گونجاوی زانکۆیی لە سۆران و ناوچەکە. له‌مباره‌وه‌ش، بەڕێز قونسولی گشتی سەرسامی خۆی بۆ تێڕوانین و بیرتیژی پڕۆژە ستراتیژییەکانی زانکۆی سۆران دەربڕی.

    لە تەوەری سێیەمدا، بەڕێز "مەهمەت ئاکیف ئینام" سیمینارێکی لە فاکەڵتیی ئاداب لەسەر پەیوەندییەکانی کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان و ئەو ئاستەنگه‌ ڕامیاری و ئابووریانە، ئه‌نجامدا، كه‌ بەرۆکی ناوچەکەیان گرتووە. لە تەوەرێکی سیمینارەکەدا، بەڕێزیان باسیان لە گرنگی سێکتەری پەروەردە و خوێندنی باڵا کردەوە و هاوسۆزی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ هەر هەنگاوێک کە ببێتە کاری هاوبەش لە نێوان ئەکادیمیستەکانی کوردستان و کۆماری تورکیا. دواتر چەندین پرسیار ئاڕاستەی بەڕێز قونسولی گشتی کران و ئەوانیش لە لایەن خۆیانەوە وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە.  

    لە دوا دیداری شاندەکە و لە نیوەڕۆخوانێکدا، بەڕیز قونسولی گشتی جەختی لەسەر گرنگی پەیوەندی قونسولخانەی کۆماری تورکیا لەگەڵ زانکۆی سۆران کردەوە. هەروەها سەرسامی خۆی بۆ کار و چالاکی و پڕۆژەکانی زانکۆ دەربڕی و هیواشی خواست کە لەمەولا ئەو وەکو ستافێکی زانکۆی سۆران قەبوڵ بکرێت. لە کۆتاییدا شاندی قونسولخانە و تیمی زانکۆی سۆران ڕێککەوتن لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ هاوکاریکردن لە بوارەکانی زانستی و ئەکادیمی و پەیوەندییەکانی نێوان زانکۆی سۆران و چەند زانکۆیەکی کۆماری تورکیا.

وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د و رۆژهات مه‌هدی