مانگێك چالاكی به‌رده‌وام بۆ تیشك خستنه‌ سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان

Kurdistan Independence Campaign

 

دوای ئه‌وه‌ی فیدراسیۆنی ڕێكخراوه‌ ناحکومییەکانی سۆران، به‌ هاوكاری زانكۆی سۆران، كه‌مپینێکی یه‌ك مانگه‌ی چالاكیی تایبه‌ت به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستانییان به‌ مه‌به‌ستی ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری خه‌ڵكانی ده‌ڤه‌ری سۆران و ده‌ورووبه‌ی  له‌ ژێر دروشمی (بهه‌ڤرا بۆ نیشتمانێكی سه‌ربه‌خۆ) ‌ڕێخست، ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی 3/3/2016 له‌ سیمینارێكی گه‌رم و گوڕ و پڕ زانیارییدا، كه‌ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان "كرمانج عیزه‌ت" قایمقامی قه‌زای سۆران، "ئازاد جوندیانی" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی كوردستان و "سه‌رۆ قادر" نووسه‌ر و ڕووناكبیر، ڕێكخرابوو، كۆتایی به‌و چالاكییانه‌ هێندرا.

له‌م سیمیناره‌دا كه‌ له‌ فاكه‌ڵتیی ئادابی زانكۆی سۆران و به‌ به‌شداری به‌ڕێزان "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" و"د. یادگار ره‌سوڵ" یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی و قوتابییان، ڕاگرانی فاكه‌ڵتییه‌كانی ئه‌ندازیاری و یاسا، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ قوتابییان و مامۆستایان و نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی سۆران به‌ڕێوه‌چوو، كۆڕگێڕان به‌ وردبینییه‌كی شیاوی سه‌رنجه‌وه‌، له‌ ڕه‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌كانه‌وه‌، سه‌رنجیان خسته‌ سه‌ر بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

له‌ دوابه‌شی به‌رنامه‌ی سیمیناره‌كه‌شدا، به‌ پرسیار و تێبینی ئاماده‌بووان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی كۆڕگێڕان، سیمیناره‌كه‌ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ند كرا و دوای نزیك به‌ دوو سه‌عات و نیو كۆتایی پێهات.
شایه‌نی باسه‌، كه‌ به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی سیمیناره‌كه‌، كۆڕگێڕان له‌ سه‌رۆكایه‌تی زانكۆ پێشوازیان لێكرا و خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌مجۆره‌ كارانه‌ ده‌ربڕی و ئاماده‌یی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ هاوكاری و هاوفكریكردنی زیاتری زانكۆی سۆران و ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش.

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش لێره‌دا زیاد بكه‌ین، كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م یه‌ك مانگه‌دا، پسپۆڕان و ئه‌كادیمییانی زانكۆی سۆران به‌ دید و تێڕوانینه‌ ئه‌كادیمی و وردبینانه‌كانیان، ڕۆڵێكی به‌رچاویان له‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پرسی ڕێفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، گێڕا و تێكڕا ئه‌مه‌ به‌ ئه‌زموونێكی دیكه‌ی سه‌ركه‌وتووی كاری هاوبه‌ش له‌ نێوان زانكۆی سۆران و ڕێكخراوه‌ ناحکومییەکانی كۆمه‌ڵگە دێته‌ ئه‌ژمار.

وێنه‌: هادی حوسێن، رۆژهات مه‌هدی