زانكۆی سۆران پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌باته‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا

Kurdistance Independence

بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی زانكۆ له‌ كوردستاندا، زانكۆی سۆران پرسی سه‌ربه‌خۆیی  و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ی تایبه‌ت به‌ كوردستان ده‌باته‌ گۆنگرێسی ئه‌مریكا، تا سه‌رنجی ناوه‌نده‌ بڕیاربه‌ده‌سته‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ خۆی راكێشێ‌.

له‌ میانی چالاكییه‌ هاوبه‌شه‌كانی زانكۆی سۆران و زانكۆی ناوه‌ڕاستی فلۆریدا (The University of Central Florida)  دا، دوو دیداری ئه‌كادیمی و ڕامیاری له‌ ڕۆژانی (٢٢\٣ و ٢٣\٣) سه‌باره‌ت به‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و خه‌بات و به‌رخۆدانی هێزی پێشه‌رگه‌ له‌ رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش ئه‌نجامدرا.
له‌ دیداری یه‌كه‌مدا، كه‌ له‌ ڕێستوڕانتی به‌ناوبانگی (Old Abbitt Grill) به‌ڕێوه‌چوو(كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شوێنه‌ به‌ناوبانگه‌كان له‌ ئه‌مریكا و زۆر جار بۆ گفتوگۆی پرسه‌ ستراتیژی و گرنگه‌كانی ئه‌مریكا له‌ لایه‌ن كاربه‌ده‌ستان و خاوه‌نڕایانه‌وه‌، به‌كارده‌هێنرێ‌)،  داھاتووی عێڕاق و پێگه‌ی كه‌مه‌ نه‌ته‌وایه‌تی و ئاینییه‌كانی كوردستان و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له‌ لایه‌ن ھه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان  "د. كه‌ماڵ ئۆدیشۆ" (ڕاگری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی زانكۆی سۆران) و به‌یان سامی عه‌بدولڕه‌حمان (نوێنه‌ری حكومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌ ئه‌مه‌ریكا) و "د. گونه‌ش ته‌شگور" (كوردناس و مامۆستا له‌ زانكۆی ناوه‌ڕاستی فلۆریدا) ، تیشكیان خرایه‌ سه‌ر.
له‌ دیداری دووه‌مدا، كه‌ له‌ گۆنگرێسی ئه‌مریكا به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ سیاسه‌تمه‌دار و ڕۆژنامه‌نووس و پسپۆڕانی ستراتیژی و ڕامیاری به‌ڕێوه‌چوو، تیشك خرایه‌ سه‌ر خه‌باتی پێشمه‌رگه‌ دژ به‌ تاریكپه‌رستانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) و ڕۆڵی سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكا بۆ بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی. قسه‌كه‌رانی ئه‌م پانێله‌ش بریتی بوون له‌ به‌ڕێزان "د. نه‌ھرۆ زاگرۆس" (یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆی سۆران بۆ كارووباری زانستی) و "د. كه‌مال ئۆدیشۆ" (ڕاگری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی زانستی زانكۆی سۆران) و "د. ستیڤن كووك" (ڕاوێژكار و توێژه‌ر له‌ كانسڵی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی له‌ واشنگتن) و "د. گونه‌ش ته‌شگور" (كوردناس و مامۆستا له‌ زانكۆی ناوه‌ڕاستی فلۆریدا). ئه‌م دیداره‌ له‌ باڵاخانه‌ی ڕه‌یبێرن هاوس(Rayburn House) له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا سازكرا.
ھه‌ر له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، نوێنه‌رانی زانكۆی سۆران چاویان به‌ كۆنگرێسمان ئاندی باڕ (Andy Barr) كه‌وت له‌ ئۆفیسی تایبه‌تی خۆی له‌ باڵه‌خانه‌ی كۆنگرس. ئه‌م دیداره‌ له‌سه‌ر داوه‌تی كۆنگرێسمانه‌كه‌ خۆی بوو بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕه‌وشی ئێستای كوردستان و پرسی ڕێفراندۆم و ڕه‌وشی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان. شایانی ئاماژه‌ پێدانه‌، كۆنگرێسمان ئاندی باڕ نوێنه‌ری ویلایه‌تی كێنتاكی (Kentucky)یه‌ و چه‌ند مانگێك به‌ر له‌ ئێستا سه‌ردانی كوردستانی كردبوو و پشتگیری ته‌واوی خۆشی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پڕچه‌ككردنی ڕاسته‌وخۆی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن (وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا)وه‌ دووپات كردبووه‌وه‌. ھه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، كۆنگرێسمان باڕ ھیوای خواست كه‌ زانكۆی سۆران به‌رده‌وام بێت له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئۆفیسه‌كه‌ی به‌ڕێزیان بۆ ئاڵوگۆركردنی زانیاری له‌سه‌ر ڕه‌وشی كوردستان. هه‌روه‌ها له‌ ڕێگای نوێنه‌رانی زانكۆوه‌، سڵاو ڕێزی خۆی بۆ گه‌لی كوردستان نارد و هیوای خواست له‌ زووترین كاتدا كورد ببێت به‌ خاوه‌ن وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ.
راپۆرت: حه‌سه‌ن مسته‌فا