له‌ دیدارى ماڵئاواییدا، زانكۆى سۆران ڕێزى له‌ "د. عه‌لى ته‌ته‌ر" گرت

Ali Tatar

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتى ٢٠١٧/٢/١٤ به‌ مه‌به‌ستى ماڵئاوایى كردن له‌ زانكۆى سۆران، به‌ڕێز "د. عه‌لى ته‌ته‌ر" كه‌سایه‌تیى ئه‌كادیمى و به‌رپرسى لقى 10ى پارتى دیموكراتى كوردستان، سه‌ردانى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى سۆرانى كرد و له‌ لایه‌ن به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكى زانكۆى سۆران و یاریده‌ده‌رانى سه‌رۆكى زانكۆ و ڕاگرانى فاكه‌ڵتییه‌كانى زانكۆ، پێشوازى لێكرا.

له‌م سه‌ردانه‌دا، كه‌ به‌ بۆنه‌ى كۆتایى هاتنى ماوه‌ى كاركردنى وه‌كو به‌رپرسى لقى 10ى پارتى و به‌ مه‌به‌ستى ماڵئاوایى كردن له‌ زانكۆى سۆران، ئه‌نجامدرا، به‌ڕێز "د. عه‌لى ته‌ته‌ر" خۆشحاڵیی خۆی به‌ ماوه‌ی كاركردنی له‌ سۆران ده‌ربڕی و له‌ باره‌ی زانكۆی سۆرانیشه‌وه‌ گوتى: هیوادارم له‌ ماوه‌ى كاركردنم، توانیبێتمان هاوكار بین و ڕێزمان له‌ زانكۆی سۆران وه‌ك ده‌زگایه‌كی ئه‌كادیمی گرتبێت. هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه‌ هه‌میشه‌ زانكۆى سۆرانمان به‌ دامه‌زراوه‌یه‌كى گرنگ زانیوه‌ و شانازیمان پێوه‌ كردووه‌.
له‌ لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكى زانكۆ له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ى به‌ چه‌ند لایه‌نێكى گرنگى به‌ڕێزیان له‌ پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ زانكۆى سۆران كرد و گوتى: ئێمه‌ سوپاسى "د. عه‌لى ته‌ته‌ر" ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا وه‌ك به‌رپرسى لقى ده‌، نه‌ك هه‌ر ڕێگری له‌ ده‌ستوه‌ردانی حزبی له‌ ده‌زگایه‌كی ئه‌كادیمی کردووە، به‌ڵكو هه‌میشه‌ هاوكاری زانكۆ بووه‌ چ وه‌ك پۆسته‌ حزبییه‌كه‌ی و پشتگیری كردنی ڕه‌وتی زانستی له‌ زانكۆی سۆران، چ وه‌ك ئه‌كادیمییه‌كیش له‌بواری خۆی‌. ئه‌مه‌ش مایه‌ى سوپاس و پێزانینه‌. دواجاریش هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست له‌ ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تییه‌ نوێیه‌كه‌یدا.
دواتریش هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان یاریده‌ده‌رانى سه‌رۆكى زانكۆ و ڕاگرانى فاكه‌ڵتییه‌كان، وته‌یه‌كیان له‌ سه‌ر كه‌سایه‌تیى ناوبراو پێشكه‌ش كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست.
له‌ دوا به‌شى دیداره‌كه‌شدا نامه‌ى سوپاس و پێزانینى زانكۆى له‌ لایه‌ن سه‌رۆكى زانكۆوه‌ پێشكه‌ش كرا.
شایه‌نى باسه‌ به‌ڕێز "د. عه‌لى ته‌ته‌ر" له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌رپرسى لقى ده‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان بوو و له‌ ئه‌نجامى گۆڕانكارییه‌ نوێیه‌كانى ناو پارتى، ئه‌رك و به‌رپرسایه‌تییه‌كه‌ى گوازرایه‌وه‌ بۆ زاخۆ.


وێنه‌: عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د