دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران زانیاری تازە لەبارەی (نالی)ی دەدۆزێتەوە

Nali

 

لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران و لە میانی كاركردن لە ئەرشیڤخانە و بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا، سه‌نته‌ری ناوبراو چەند زانیارییەكی تازە سەبارەت بە ژیانی (نالی)ی شاعیر ساغدەكاتەوە، ئەویش لە میانی گەڕان و ئیشكردن لەناو بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا، كە چەند مانگێكە دەستی بەم كارە كردووە.

شایانی باسە زانیارییەكان لەلایەن (د.هێمن عومەر) بەڕێوەبەری دەستنووسخانەی زانكۆ لە چوارچێوەی توێژینەوەیەكی زانستی ساغكراونەتەوە و لە یەكێك لە گۆڤارە ئەكادیمییەكانی وڵاتی توركیا، ڕەزامەندی بڵاوبوونەوەی وەرگرتووە.

پوختەی زانیارییەكانی ناو توێژینەوەكەش بریتین لە:

-دۆزینەوەی ناوی كتێبێكی دیكەی نالی

-وەزیفەداری و مووچەخۆربوونی نالی و بڕی مووچەكەی

-هاوسەری نالی

-رۆژ و مانگ و ساڵی مردنی نالی

-شوێنی مردنی نالی

- دەستخەتی دیوانی نالی (شیعرە كوردییەكان).

هەموو ئەم زانیاریانەی سەرەوە بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو نادیاربوون و بۆلەمەودوا رۆژ و مانگ و ساڵی مردنی نالی دیاردەبێت و بەشێكی زۆری ئەو تەم و مژەی لەبارەی ژیانی ئەم شاعیرە هەبوو، دەڕەوێتەوە.

شایانی باسە دەستنووسخانەی زانكۆی سۆران لە ٥/٥/٢٠١٥ دامەزراوە و تا ئێستا وێڕای ساغكردنەوە و چاپكردنی كتێبی گاڵەو ڕێزمانی كوردی و سازكردنی دیداری زانستی مەلاعەلی مامەجەلكەیی وكۆكردنەوەی دەیان دەستنووس، نزیكەی 20 هەزار بەڵگەنامەی عوسمانی سەبارەت بە كورد و كوردستان كۆكردۆتەوە و لەو كارە بەردەوامە.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ نالی یه‌كێكه‌ له‌ شاعیره‌ داهێنه‌ره‌كانی كورد له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م و به‌ یه‌كێك له‌ رابه‌ره‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ و كاریگه‌ره‌كانی شیعری كلاسیكی كوردی داده‌نرێت.

تێبینی/ وێنەكە لایەكی بەلگەیەكە سەبارەت بە نالی.

نێردراوه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز"د. هێمن عومه‌ر" له‌ وڵاتی توركیاوه‌.