سه‌نته‌ری هه‌ندرێن رێزی له‌ كۆمه‌ڵێك فۆتۆگرافه‌ر و قوتابی به‌هره‌مه‌ند گرت

1 18

 

ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ رێكه‌وتی ٢/٥/٢٠١٧ به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. روشدی سه‌مه‌د" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری كارگێڕی و دارایی، "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری زانستی، "د. یادگار ره‌سوڵ" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كارووباری قوتابییان، "د. هه‌ڵمه‌ت بایز" به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری هه‌ندرێن بۆ زمان و توێژینه‌وه‌ی كولتووری و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستا و میوان،

سه‌نته‌ری ناوبراو به‌ كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌ك له‌ژێر ناوی(نسێی پەڵە هەورەکانی نیشتمان)  و له‌ رێوڕه‌سمێكی تایبه‌تدا، رێزی له‌ كۆمه‌ڵێك فۆتۆگرافه‌ر و قوتابی به‌هره‌مه‌ندی زانكۆی سۆران گرت. له‌م رێوڕه‌سمه‌دا هه‌ریه‌ك له‌ به‌ڕێزان "د. روشدی سه‌مه‌د" و "د. هه‌ڵمه‌ت بایز" وته‌یان پێشكه‌ش كرد.

شایه‌نی باسه‌ كه‌ سه‌نته‌ری هه‌ندرێن پێشتر به‌ مه‌به‌ستی بره‌ودان به‌ تواناكانی قوتابییان و رێزگرتن له‌ كاری فۆتۆگرافه‌رانی ده‌ڤه‌ری سۆران، پێشبڕكێیه‌كی راگه‌یاندبوو، كه‌ دوای به‌شداری كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو فۆتۆگرافه‌ر و قوتابی به‌هره‌مه‌ند، به‌ پێی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی زانستی، ئه‌مڕۆ سه‌ركه‌وتووان خه‌ڵات كران.

 

وتاری سه‌نته‌ری هه‌ندرێن

به‌ناوی خودای مه‌زن و دلۆڤان

ئاماده‌بووانی خۆشه‌ویست...به‌خێربێن بۆ ڕێوڕه‌سمی به‌خشینی خه‌ڵاتی ڕێزلێنان به‌ براوه‌كانی پیێشبڕكێی فۆتۆگرافه‌رانی سۆران و قوتابییانی به‌هره‌مه‌ند، هاوكاتی ئه‌مه‌ش كردنه‌وه‌ی پیشه‌نگایه‌كی تایبه‌ت به‌ فۆتگرافی.

 به‌ ئامانجی هه‌ماهه‌نگیكردنی زانكۆ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا، به‌ دروشمی (نسێی په‌ڵه‌ هه‌وره‌كانی نیشتمان) سه‌نته‌ری هه‌ندرێن له‌ چالاكیێكی خۆیدا له‌سه‌ر ئاستی سنورێكی دیاریكراوی ده‌ڤه‌ری سۆران بۆ هه‌ر چوار قه‌زای (سۆران و ڕواندز و مێرگه‌سوور) له ڕێكه‌وتی ٢٨/١٢/٢٠١٦ بانگێشتنامه‌یه‌كی بۆ فۆتۆگرافه‌ران و ئاره‌زوومه‌ندنی بواری فۆتۆی تایبه‌ت به‌ وێنه‌ی سروشت و كه‌لتووری كوردی ڕاگه‌یاند. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ له‌م ڕێوڕه‌سمه‌دا، خه‌ڵاتی ڕێزلێنان به‌سه‌ر به‌شداربووانی ئه‌و چالاكییه‌ ده‌به‌خشین. هاوكاتی ئه‌مه‌ش به‌ (٢٥) وێنه‌ی چاپكراوی تابلۆیی پێشانگاییه‌ك بۆ به‌شداربووان له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، ده‌كرێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییمانه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م چالاكییه‌دا، به‌شێك له‌ به‌شداربووانی ئه‌و چالاكییه‌، بۆ یه‌كه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك به‌شداربووی دیكه،‌ به‌شدار ده‌بن، كه‌ خاوه‌نی جۆره‌ها خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی ناوهخۆیی و نێوده‌وڵه‌تین. به‌پێی یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانمان، كه‌ هاندانی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بۆ بواری فۆتۆ به‌تایبه‌تی، هه‌ندێكجار لێره‌و له‌وێ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، هه‌ناسه‌یه‌كی باشی توانست و لێهاتوویی بواری فۆتۆ به‌دی ده‌كه‌ین. له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌، بۆ درووستكردنی ده‌نگی تازه‌ و هاندانی ده‌نگه‌كانی تر، ئه‌م چالاكییه‌ وه‌ك پێویستییه‌ك ڕاگه‌یاندرا. به‌و هیوایه‌ین له‌ داهاتوودا، وه‌ك كاری پیشه‌یی و په‌یداكردنی ئه‌زموونی زیاتر، بتوانن به‌رده‌وام بن و به‌چاوی كامێراكانیان، خزمه‌ت به‌م ده‌ڤه‌ره‌ و هه‌موو كوردستان بكه‌ن. به‌تایبه‌تی ئه‌و ناوچه‌یه‌، كه‌ كه‌ره‌سه‌یه‌كی گرنگه‌ بۆ كاركردنی بواری سروشتی و كه‌لتووری، ده‌كرێت له‌ زۆر لایه‌نه‌وه‌ به‌چاوی كامێرا و به‌هره‌كانیان، ڕۆڵی باشیان له‌ ناساندنی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ هه‌بێت.

خۆشه‌ویستان ... هه‌ر له‌و ڕێوڕه‌سمه‌دا، له‌ دووه‌مین چالاكی سه‌نته‌ری هه‌ندرێن، وه‌ك كاری ئه‌كادیمی و زانستی، به‌پێویست زانرا، له‌ توێژی قوتابییانیشدا، وه‌ك هاندان و به‌هه‌ندوه‌رگرتنی تواناكانیان، به‌شێك له‌ قوتابییانی زانكۆی سۆران به‌ دروشمی (ماندووبوونتان جیاوازیتانه‌)، ئه‌و قوتابییانه‌ به‌سه‌ربكاته‌وه‌، كه‌ له‌ قۆناغی زانكۆدا، له‌ بواری (توێژینه‌وه‌ و وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنی كتێب) جێ په‌نجه‌یان دیاره و خه‌ڵاتی ێزلێنانیان پێببه‌خشێت. بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی قوتابییانی زانكۆ به‌رزده‌نرخێنین، كه‌ به‌هره‌و توانسته‌كانی خۆیان له‌ كاتێكی پێویست و شیاودا ده‌خه‌نه‌كار. ئه‌م كاره‌ جێی شانازیی زانكۆی سۆران و كوردستانه‌ و به‌گشتی به‌ هیواین، ئه‌م خه‌ڵاتی ڕێزلێنانه‌، بێته‌ هاندانێكی زیاتر. له‌لایه‌كی دیكه‌ش هاندانێك بێت بۆ قوتابییانی دیكه‌ش، كه‌ بتوانن توانسته‌كانی خۆیان به‌گه‌ڕبخه‌ن.

له‌ بوری فۆتۆگرافدا، له‌ به‌رنامه‌ی كاری ئێمه‌دایه‌، ئه‌م چالاكییه‌ له‌ ساڵانی داهاتوودا، له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و نێوده‌وڵه‌تیش، وه‌ك ناوه‌ندی ئه‌كادیمی زانكۆی سۆران به‌ شێوه‌یه‌كی گشتگیرتر و هه‌مه‌لایه‌نتر به‌ڕێوه‌ببه‌ین. هه‌روه‌ها بۆ ده‌رخستنی توانستی قوتابییان و بواری ئه‌كادیمی و نووسین، هه‌وڵه‌كانمان له‌بواری جۆراوجۆر بۆ ده‌ره‌وه‌ی زانكۆ و ته‌نانه‌ت قوتابییانی ناوه‌ندی و ئاماده‌ییه‌كانیش بگرێته‌وه‌، تا به‌هره‌كانی پێش قۆناغی زانكۆ بۆ  سه‌ركه‌وتنی قۆناغی زانكۆ زیاتر ده‌سته‌به‌ربكه‌ین.

له‌ كۆتاییدا به‌پێویستی ده‌زانین سوپاسی كۆمه‌ڵه‌ی وێنه‌گرانی كوردستان بكه‌ین، كه‌ له‌ لێژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی وێنه‌كاندا هاوكارمان بوو.

دووباره‌ به‌خێربێن بۆ ماڵی خۆتان، زانكۆی سۆران.

وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی