له‌ ڕێگه‌ی روونكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ نادیاره‌كانی میژوومان، باوه‌ڕ و متمانه‌یه‌كی به‌هێزتر بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو درووست ده‌كه‌ین

Dr Hemn

 

ئه‌مڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠١٧/٥/٢١ ده‌ستنووسخانه‌ی زانكۆی سۆران، وه‌ك به‌شێك له‌ پڕۆژه‌یه‌كی مه‌زنی كاری خۆی و له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵێكی ستراتیژی بۆ تیشك خستنه‌ سه‌ر لایه‌نه‌ شاراوه‌كانی میژووی كورد، و دوای گه‌ڕان و پشكنینێكی وردی نامه‌خانه‌ و ده‌ستنووسخانه‌كانی سه‌رده‌می عوسمانی له‌ وڵاتی توركیا، توانی چه‌ند چركه‌ساتێكی ناروونی میژووی كورد، روون بكاته‌وه‌، كه‌ هه‌ندێكیان نێزیك به‌ 100 ساڵه‌، مێژووی كورد پێوه‌یان ده‌ناڵێنێ.


گرنگترن ئه‌و كارانه‌ی، كه‌ ده‌ستنووسخانه‌ی زانكۆی سۆران، ئه‌مڕۆ له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندن، بریتین له‌:
1ــ هه‌بوونى كتیبێك به‌ناوى (هه‌ندێ فه‌وائیدى عه‌قلیه‌ و نه‌قلیه‌) كه‌ له‌ سالى 1847 نالى نووسیوویه‌تى و بۆ بابى عالى نێردراوه‌. ئه‌م كتیبه‌ به‌ دووه‌م كتیبى ناوبراو داده‌نرێ له‌دواى كتیبى مه‌نازیرولئینشا.
2ــ دۆزینه‌وه‌ى مێژووى كۆچى دوایى نالى، كه‌ له‌ به‌ڵگه‌كاندا به‌ مێژووى رۆمى تۆماركراوه‌ و ئێمه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى، كه‌ نالى له‌ 23/11/1877 كۆچى دوایى كردووه‌. ئه‌مه‌ش دواى ئه‌و هه‌موو مشتومڕه‌ى كه‌ ماوه‌ى سه‌ده‌یه‌ك بوو لێكۆڵه‌رانى كورد پێوه‌ى خه‌ریك بوون.
3ــ هه‌بوون و نه‌بوونى هاوسه‌ر(نالی): به‌ زۆرى له‌ روانگه‌ى شیعره‌كانه‌وه‌ له‌وه‌ ده‌كۆڵدراوه‌، كه‌ نالى به‌ ره‌به‌نى ژیاوه‌ و هاوسه‌رى نه‌بووه‌. ده‌ستنووسخانه‌ى زانكۆ ئه‌وه‌ى سه‌لماند، كه‌ هاوسه‌رى نالى ناوى زه‌ینه‌به‌ و دواى پێنج سال، داواى مووچه‌ى مێرده‌كه‌ى كردووه‌ له‌ ئه‌ماره‌تى مه‌ككه‌.
4ــ هه‌روه‌ها به‌ڵگه‌كان ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن، كه‌ نالی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ وه‌فاتی كردووه‌.
5ــ ده‌ستنووسخانه‌ وێڕاى ئه‌م كتێبه‌، سێ به‌رهه‌مى دیكه‌شى له‌ توركیا چاپ كردووه‌ ، كه‌ بریتین له‌:
ــ به‌هنه‌سا، داستانێكى كوردییه‌ و زیاتر له‌ چوار هه‌زار به‌یته‌ شیعره‌ و له‌گه‌ڵ چوار ده‌ستخه‌تى تر به‌راوردكراوه‌.
ــ ره‌ئسولغۆل: ئه‌مه‌ش داستانێكى كوردییه‌ و باس له‌ فتوحاتى یه‌مه‌ن ده‌كات و ساغمان كردۆته‌وه‌.
ــ بیره‌وه‌رى و روانینه‌كانى مه‌لاى گه‌وره‌
ــ گاڵه‌ و رێزمانى كوردى
شایه‌نی باسه‌ ئه‌م كاروچالاكییانه‌، به‌ هه‌وڵی به‌رێز"د. هێمن عومه‌ر خۆشناو" به‌رپرسی ده‌ستنووسخانه‌ی زانكۆی سۆران و به‌ هاوكاری زانكۆی بینگۆڵ له‌ توركیا، به‌ ئه‌نجام گه‌یه‌ندراون.