زانكۆی سۆران و نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی، یاداشتێكی لێكگه‌یشتنیان واژۆكرد

39042062 227068851325400 7070084779936317440 N

 

له‌ درێژه‌ی به‌رنامه‌ ستراتیژییه‌كانی زانكۆی سۆران و له‌ سه‌ر بنه‌مای تیڕوانینی زانكۆ بۆ به‌كارهێنانی پسپۆڕیه‌كانی زانكۆ له‌ پێناوی خزمه‌تكردن به‌ كۆمه‌ڵگا و گرێدانی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌، ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ رێکەوتی ١٤/٨/٢٠١٨، شاندێكی فاكه‌ڵتی زانستی زانكۆی سۆران به‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ڕێز"پڕۆفیسۆری یاریدەدەر د. سەردار محی الدین باڵەکی" راگری فاکەڵتیی زانست و، به‌ یاوه‌ری به‌ڕێزان " م. شۆڕش مستەفا گۆرۆنی" سەرۆکی بەشی بایۆلۆجی و "م. نەوزاد محمدامین" سەرۆکی بەشی ماتماتیک، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی "نەخۆشخانەی ئاشتی" یان لە شاری سۆران کرد و، لە لایەن بەڕێز "د کاروان جه‌مال" بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی، به‌ گه‌رمی پێشوازییان لێكرا.

 له‌م دیداره‌دا كه‌ به‌ مه‌به‌ستی واژۆکردنی  یاداشتی لێکگەیشتن بوو لە نێوان فاکەڵتیی زانست لە زانکۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی، دوای باس و گفتوگۆیه‌كی تێروته‌سه‌ل، دوولایه‌ن وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی له‌ ئه‌نجامدانی كاری هاوبه‌ش، كۆمه‌ڵێك بواریان بۆ كار و هاوكاری دوولایه‌نه‌ ده‌ستنیشان كردن، كه‌ بریتی بوون له‌: كاری پراکتیکی تاقیگەیی، راھێنانی کارمەندانی نەخۆشخانەی ئاشتیی و قوتابییانی بەشی بایۆلۆجی و کیمیای فاکەڵتیی زانست لە تاقیگەکانی ھەردوولا، لەژێر سەرپەرشتیی پزیشکان و مامۆستایانی پسپۆڕ لە بوارەکانیان و، ھەروەھا درووستکردنی لینکێکی پەیوەندی زانستی بەردەوام لەنێوان ھەردوولا، بۆکردنەوەی بەشی زانستی لە بواری پزیشکی لە زانکۆی سۆران، بە سوودوەرگرتن لە توانای کەسانی پسپۆڕ و ئامێر و تاقیگەکانی نەخۆشخانەی ئاشتی.

پێویسته‌ بگوترێ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كه‌شێكی ئه‌رێنیدا كۆتایی پێهات و دوولایه‌ن له‌سه‌ر خێرایی جیبه‌جیكردنی كاره‌كان، پێداگریان كرده‌وه‌.