له درێژه‌ی به‌رنامه ستراتیژییه‌كانی زانكۆی سۆران و له سه‌ر بنه‌مای تیڕوانینی زانكۆ بۆ به‌كارهێنانی پسپۆڕیه‌كانی زانكۆ له پێناوی خزمه‌تكردن به كۆمه‌ڵگا و گرێدانی په‌یوه‌ندی دوولایه‌نه له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی دیكه، رۆژی سێ شه‌ممه رێکەوتی ١٤/٨/٢٠١٨، شاندێكی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری زانكۆی سۆران، كه پێكهاتبوو له به‌ڕێزان"د. شێروان شه‌ریف قڕتاس" راگری فاکەڵتیی ئه‌ندازیاری، " م. ئاریانفه‌ر حاجی" سه‌رۆكی به‌شی ئه‌ندازیاری و "م. نزار شاكر" مامۆستای به‌شی ئه‌ندازیاری، سەردانی "سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سۆران"ی کرد و، لە لایەن بەڕێز ئه‌ندازیار "ئه‌میر فاخر جادر" سه‌رۆكی شاره‌وانی سۆران، به گه‌رمی پێشوازی لێكرا.
له‌م دیداره‌دا كه به مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن بوو له‌سه‌ر چۆنیه‌تی هاوكاری دوولایه‌ن و واژۆكردنی یاداشتێكی لێكگه‌یشتن، زۆر بابه‌تی هاوبه‌ش و په‌یوه‌ندیدار به دوو دامه‌زراوه، باسی تیروته‌سه‌لیان له‌باره‌وه كرا. دواتر هه‌ردوولا رێكه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه كه یاداشتێكی لێكه‌گه‌یشتن واژۆبكه‌ن و هه‌م په‌ره به كاره هاوبه‌شه‌كانیان بكه‌ن و هه‌م ئاسۆی نوێ له‌به‌رده‌م چۆنیه‌تی هاوكاری دوولایه‌نه بخوڵقێنن، تا هه‌مووان پێكه‌وه به‌شدار بن له گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وامی شاری سۆران.
هه‌ر له‌و دانیشتنه‌دا، به‌ڕێز راگری فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوكاری شاره‌وانی سۆران له ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ قوتابییانی فاكه‌ڵتی ئه‌ندازیاری به مه‌به‌ستی سه‌ردانكردن و وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر پڕۆژه‌كان، سوپاسنامه‌یه‌كی پێشكه‌ش به به‌رێز ئه‌ندازیار "ئه‌میر فاخر جادر" و سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سۆران كرد.
پێویسته بگوترێ له كۆتاییدا، دوولایه‌ن وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی له كۆبوونه‌وه و دیداره‌كه، پێداگریان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی خێرای بابه‌ته باس له‌سه‌ركراوه‌كان كرده‌وه.