زانكۆی سۆران رێزی له‌ ئیسماعیل بێشیكچی نا

DSC 9180

 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رێكه‌وتی ١٨/١٠/٢٠١٨، به‌ ئاماده‌بوونی به‌ڕێزان "د. موسڵح مسته‌فا" سه‌رۆكی زانكۆی سۆارن. یاریده‌ده‌رانی سه‌رۆكی زانكۆ و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ مامۆستاو وقوتابی و میوان، له‌ رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا، نووسه‌ر و رووناكبیر و كۆمه‌ڵناسی تورك "ئیسماعیل بێشیكچی"، به‌رامبه‌ر به‌ ته‌مه‌نێك داكۆكیكردن له‌ كیشه‌ی كورد و قوربانیدان له‌ پێناوی مرۆڤایه‌تی، رێزی لێنرا و هۆڵێكی زانكۆی سۆرانی به‌ ناوه‌وه‌، ناودێركرا.

دوای كردنه‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز بێشیكچی یه‌وه‌، رێوڕه‌سمه‌كه‌ به‌ چه‌ند خوله‌كێك وه‌ستان بۆ رێزگرتن له‌ شه‌هیدانی كوردستان، ده‌ستیپێكرد.

پاشان به‌ڕێز "د. نه‌هرۆ زاگرۆس" یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆ، له‌ وته‌یه‌كدا وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی به‌رامبه‌ر به‌ سه‌ردانی به‌ڕێز بێشیكچی، زۆر به‌ كورتی ئاماژه‌یه‌كی به‌ ژیان و كار و تێكۆشان و قوربانیدانه‌كانی ناوبراو كرد و گوتیشی به‌ پێویستمان زانی، وه‌ك پێزانینێك، ئه‌م هۆڵه‌ی به‌ ناوه‌وه‌ بكه‌ین. هه‌روه‌ها هیواشی خواست كه‌ ساڵانه‌ سه‌ردانی زانكۆی سۆران بكات و كۆڕ و سیمیناری تایبه‌ت پێشكه‌ش بكات.

دواتر به‌ڕێز بێشیكچی، له‌ وته‌یه‌كدا وێڕای سوپاسی زانكۆی سۆران بۆ ئه‌م ڕێزلێنانه‌، له‌ وه‌ڵامی پڕسیارێكی به‌ڕێز یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكی زانكۆدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌لومه‌رجی كورد، تیشكی خسته‌ سه‌ر ریفراندۆم و پاشهاته‌ سیاسییه‌كانی.

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بڵێین كه‌ له‌ دانیشتنێكی تایبه‌تدا دوای رێوڕه‌سمه‌كه‌، به‌ڕێز سه‌رۆكی زانكۆ، ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ جیا له‌وه‌ی به‌ڕێزیان داكۆكیكارێكی مافه‌كانی گه‌لی كورد بووه، به‌ڵام بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤانه‌ و خزمه‌ته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی، جێگای رێز و پێزانینن. هه‌روه‌ها ئاماژه‌شی به‌وه‌دا، كه‌ هیوادارین توانیبێتمان به‌م كاره‌، به‌شێك له‌ ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمان بۆ رێزگرتن له‌ كه‌سایه‌تییه‌كی وا مرۆڤدۆست، به‌جێ گه‌یاندبێ.

وێنه‌: رۆژهات مه‌هدی